ئیسرائیل رێگەنادات وڵاتان پێداویستی سەربازییی بە عێراق بفرۆشن وەرگێڕان

نوچە نێت

وەرگێڕانی: ئیسماعیل

بەرپرسانی عێراق ئاشكرایان كردووە، ئیسرائیل لە رێگەی فشاری دیپلۆماسی بەربەست لەبەردەم ئەو گرێبەستانەی حكومەتی عێراق درووست دەكات، كە لەبواری چەك لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا لەسەری رێككەوتووە.

لەماوەی رابردوو تەلئەبیب فشارە دیپلۆماسییەكانی دەست پێكردووە بۆ رێگری فرۆشتنی چەك بە عێراق، كە دیارترین وڵات فەرەنسایە، كە لە مانگی تەمووزی رابردوو وەزارەتی بەرگری عێراق داوای پەرەپێدانی توانا سەربارزییەكانی لێ كردبوو.

بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگری و دوو پەرلەمانتار زانیارییەكانیان پشتڕاست كردۆتەوە، كە عێراق زانیاری دەستكەوتووە كە ئیسرائیل لە رێگەی ناوەندەكانی بڕیار فشاری لەسەر ئەو وڵاتانە درووستكردووە كە پێشتر حكومەتی عێراق گرێبەستی كڕینی چەكی لەگەڵ واژۆكردوون، لەوانەش سیستەمی بەرگری ئاسمانی و رادار، گرێبەستەكانی دیكە پەیوەستبوە بە سیستەمی بەرپرچدانەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو گرێبەستانە تا كاتێكی دیكە راگیراون. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بەهۆی سزاكانی سەر رووسیا عێراق لە رابردوو بۆ كڕینی چەك پەنای بردۆتەبەر شەش وڵاتی ئەوروپی و ئاسیای بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، بەڵام بۆی دەركەوتووە سەرەڕای پێشوازیی و ئامادەیی سەرەتایی لەسەر فرۆشتنی، بەڵام رێككەوتن و واژۆكردنەكەی یاری پێكراوە، لە كۆتاییش پۆزشیان بۆ عێراق هێناوەتەوە كە لەو قۆناغەدا ناتوانن ئەو چەكانەیان پێ بدەن. 

ئەو سەرچاوەی وەزارەتی بەرگری جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە زانیارییان دەستكەوتووە حكومەتی ئیسرائیل لەسەر چەندین ئاست لەناو ئەو وڵاتانە دەستی بە جووڵە كردووە بۆ رێگری لە پێدانی سیستەمی پێشكەوتووی بەرگری بە عێراق.

لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو عێراق بە فەرمی دەستی بە دانوستاندن لەگەڵ فەرەنسا كرد، بۆ كڕینی سیستەمی پێشكەوتووی بەرگری و رادار، بەرپرسانی هەردوو وڵات سێ كۆبوونەوەیان كرد، سەرەڕای بەڵێنەكانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا، بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.

موعین كازمی، بەرلەمانتار لە چوارچێوەی هەماهەنگی، رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوو ئیسرائیل فشارەكانی بۆسەر ئەو وڵاتە دەستپێكردووە كە عێراق لەگەڵیان لە گفتوگۆدایە بۆ كرێنی سیستەمی پێشكەوتووی بەرگری، ئێمە پێمانوایە ئەمەریكا لەو هەوڵە هاوبەشە، چونكە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئاسمانی عێراق بە كراوەیی بمێنێتەوە، بەڵام حكومەتی عێراق لەو دۆسیە هەنگاوی ناوە، قۆناغی داهاتوو لەگەڵ ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی گرێبەستی چەكی لەگەڵ كردوون دەگەینە رێككەوتن، بەتایبەت كۆریای باشوور.

سەبارەت بە وڵاتەكانیش، پەرلەمانتارێكی عێراقی كە قسەی بۆ ماڵپەڕەكە كردووە، نەیویستووە ناوخۆی ئاشكرا بكات، رایگەیاندووە، وڵاتە سەرەكییەكانی كە سیستەمی بەرگریان لێ دەكڕا، هەریەك لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بوو، بەڵام سەرەڕای هەبوونی لێكتێگەیشتن لە ساڵی رابردوو بۆ كڕینی چەك، بەڵام ئێستا ئەو هەوڵانە گەیشتۆتە رێگەیەكی داخراو.

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەكات، كە كوریای باشوور سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەدات بە عێراق، سەرەڕای پەلەیی عێراق، بەڵام بەشی یەكەمی ئەو گرێبەستە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەراورد بە سیستەمەكانی ئەو ناوچەیە، ئەو سیستەمانە پێشكەوتوو نین.

لە لایەكی دیكەوە وەعد قەدۆ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان ئەمەریكا بە رێگری لە هێنانی هەندێك مووشەكی بەرگری دژ بە فڕۆكە تۆمەتبار دەكات، ئەوەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم عێراق ناودەبات، ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە ئەمەریكا گەورەترین بەربەستە لەبەردەم ئەو دۆسیە.

دەربارەی هەوڵەكانی ئیسرائیل، عیماد عەلۆ، لیوای خانەنشین و پسپۆڕی كاروباری سەربازیی عێراق رایگەیاند، ئیسرائیل لە هەموو توانایەوە لەپەشت رێگرییەكانە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری، لەدوای ساڵی (2003) ئیسرائیل بە پلەی یەكەم و ئەمەریكا بۆ رێگری لە هەڕەشەكەكان كۆنتڕۆڵی چەكداركردنی توانای وڵاتانی ئەو ناوچەیان كردووە،  جگە لەوەش هەریەك  یەك لە كوێت و سعوودیە و ئێران دژ بە بەهێزكردنی سوپای عێراقن، بەتایبەت لە بواری ئاسمانی.

سەرچاوە: ماڵپەڕی عەرەبی جەدید

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین