کچێکی دیکە ڕزگارکرا هەواڵ

نوچەنێت: ئافرەتان

دوای دەساڵ لە ڕفاندنی کچە کوردێکی دیکەی ئێزدی، گەڕایەوە ناو کەسوکاری و خێزانەکەی پێشوازیان لێکرد

ڕۆژی سێ شەممە (5 /تشرینی دووەم/2024) کچە کوردێکی دیکەی ئێزدی بە ناوی (ئاسیا کەمال) گەیشتەوە قەزای زاخۆ، لە لایەن بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش و خێزانەکەی پێشوازی لێکرا. 

ئاسیا کەمال، لە مانگی ئابی ساڵی 2014 لە تەمەنی 16ساڵیدا لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە ڕفێندراوە. ئێستا تەمەنی 26 ساڵە.

لە کاتی گەیشتنی بۆ باوەشی باوکی ئاسیا گوتی: سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ڕزگاریان کردم. لە دەساڵی ڕابردوودا زۆر خراپ بوون لەگەڵم و زۆر ماندووبووم. 

دوای ھێرشی ڕێکخراوی داعش بۆسەر شنگال، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدیی ڕفێندراوی دەستی داعش کردەوە. ئێستا نووسینگەکە سەر بە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە و ھەزاران کوردی ئێزدیی رزگار کردووە.

حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ھەروەک بەڵێنمان دابوو، بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ سۆراخی رفێندراوان. رێنمایی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییش ھەر ئەوەیە، تاوەکو رفێندراوێک مابێت، بەدوای بابەتەکەدا بچین".

30 کەس لە بنەماڵەی ئاسیا، لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرابوون، تا ئێستا 28 کەسیان ڕزگارکراوە. حسێن قائیدی گوتی" سێ مانگە کار لەسەر گەڕانەوەی ئاسیا دەکەین، کە لە وڵاتێکی دراوسێ بوو". 

بە پێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، تاوکو ئێستا 3583 کەس رزگار کراون. 2590 کەس ماون رزگار بکرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین