شاری نیوم دەبێتە گۆڕستانی خەونەكانی محەمەد بن سەلمان
نوچە نێت
وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها
رۆژی (11/11/2024) بە شێوەیەكی لەناكاو حكومەتی سعوودیە رایگەیاند، نەزمی نەسر، سەرۆكی جێبەجێكاری شاری نیومی بەجێهێشت، لەبەرانبەردا ئەیمەن مەدیفەر پڕۆژەگەی گرتە دەست.
ئەو گۆڕانكاریە هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی گومانەكان لەسەر پڕۆژەگەی گەشەی وڵاتانی كەنداو، كە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودی سەرپەرشتی دەكات، سەبارەت بە هۆكارەكانی جیهێشتنی نەزمی نەسر، هیچ هۆكارێك ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بە گۆڕانكارییەكی گەورە دادەندرێت لە لوتكەی پڕۆژەی نیوم كە بە كاری لە پێشینەی محەمەد بن سەلمان دادەندرێت.
دواكەوتن و زیادبوونی تێچوون و گۆڕانكاری هەمیشەیی لە فەرمانبەرەكانی بۆتە ئاڵنگەریەك رووبەڕووی ئەو پڕۆژە دەبێتەوە، راپۆتە جیهانییەكان باس لە قەیرانی گەورەتر دەكەن، كە گەیشتووتە ئاستی گومان سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە بە تەواوی.
محەمەد بن سەلمان نزیكەی (500) ملیار دۆلاری لە سندووقی وەبەرهێنانی سعوودی بۆ پاڵپشتی و بەردی بناغەی داناوە، پڕۆژەی ئەو شارە كەوتۆتە رۆژئاوای سعوودیە (ناوچەی تەبووك) لە رۆژئاواوە بە درێژی (460) كیلۆمەتر لەگەڵ دەریای سوور هاوسنوورە.
داناپێدانانی شۆكهێنەر
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ لە راپۆرتێكدا باس لە گۆڕانكارییەكان لە پڕۆژەی نیوم دەكات، لەو راپۆرتەدا دانپێدانانی بەرپرسانی سعوودی شۆكهێنەرن، دەڵێن، دركمان بەوە كردووە كە پارەی پێویستمان بۆ هەموو پڕۆژە گەورەكان نییە كە پێشتر پلانی بۆ داندرابوو.
ئەو رۆژنامە ئەمەریكییە لە راپۆرتێكدا كە (12) ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە باس لەوە دەكات، ئێستا هەندێك لە پڕۆژەكان دواخراون، ئەوانەی دیكە هەڵوەشێندرایتەوە، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكان باس بكات.
سەرچاوە ئاگادارەكانی ئەو بڕیارە باس لەوە دەكەن، بەرپرسانی جێبەجێكار لە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی هاتوون دەست بەسەر پڕۆژەكە دابگرن، لە (14/11/2024) سێ سەرچاوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانیان راگەیاندووە، سعوودیە تمووحەكانی لە پڕۆژەی نیوم كەم كردۆتەوە، تەركیزی لەسەر تەواوكردنی بەشە بنەڕەتییەكانی دەكات بۆ میواداری چالاكی وەرزشی جیهانی لە داهاتوو، هۆكاری ئەو دەستبەرداربوونەوەش بەهۆی زۆری تێچوونەكەیەتی.
رۆیتەرز باسی لەوەش كردووە، محەمەد بن سەلمان ملیارەها دۆلاری خستۆتە پڕۆژەكانی گەشە لە میانەی سندووقی وەبەرهێنانی گشتی كە سندووقی سامانی سیادی حكومەتی وڵاتەكەیەتی..
رۆیتەرز جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سعوودیە كە گەورەترین وڵاتی هەناردەی نەوتە لە جیهان ناچارە پلانی تمووحەكانی كەم بكاتەوە، تا ئەو چركەساتەش نرخی نەوتی خاو بەردەوامە لە دابەزین، بەهۆی دابەزاندنی بەرهەمهێنانیش زیان بەر ئابووری سعوودیە كەوتووە كە تاوەكوو ئێستا پشت بە داهاتی نەوت و گاز دەبەستێت.
راوێژكارێكی ئاگادار بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، كاتێك بۆ یەكەم جار بیرۆكەی ئەو پڕۆژەیە پێشنیار كرا، تێچووەكەی (500) ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا تەنیا تێچووی پڕۆژەی (ذا لاین) دەگاتە زیاتر لە یەك تریلیۆن دۆلار، ئەوەش بۆتە هۆكاری كەمكردنەوەی پڕۆژەكان.
پڕۆژەی (ذا لاین) پێكهاتووە ڕێڕەوی هەڵواسراو و باخچە و گۆڕەپانی یاری تێدایە، ئامانج لێی پشتبەستنی (100%) بە وزەی خۆر.
دوو سەرچاوەی دیكەی ئاگادار بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەو لێكەوتانە بۆتە هۆكاری جێهێشتنی نەزمی نەسر، كە ماوەیەكی زۆر سەرۆكی جێبەجێكار بوو لە پڕۆژەی شاری نیوم، هۆكاری بڕیارەكەشی نەتوانینی هێنانەدی خواستە سەرەكیەكانی بن سەلمانە لەو پڕۆژەیە.
سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ژمارەیەك بەرپرسی بیوم كە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ سەرۆكی جێبەجێكاری پێشوو هەیە بەم نزیكانە ئەو كۆمپانیایە جێدەهێڵن.
دەستلەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵ
ئەو دەستلەكاركێشانە و شۆكانەی رووبەڕووی نیوم دەبنەوە، زادەی ئەم دواییە نین، بەڵكوو لە ساڵی (2022) خەڵكی دیكەش بە كۆمەڵ دەستیان لەكاركێشایەوە.
هەریەك لە ئاندی ویرس، بەڕێوەبەر لە كەرتی میوانداری، نۆڕمان فۆستەر، ئەندازیاری بیناسازی بەریتانی، كۆمبیناتۆ سام، ئەڵتمان، سەرۆكی پێشووی دامەزراوەی وای، ئیرنست مۆنیز، وەزیری پێشووی وزەی ئەمەریكا، كلاوس كلاینفد، بەرێوەبەری پێشووی دامەزراوەی ئەلكو، بۆ ئەلەمنیۆم. دەستیان لە كاركێشایەوە.
بن سەلمان موژدەی نیومی دا زێدەڕەوی زۆری لە وردەكاری و وسفەكانی دەكرد، تانەت گوتی، دەبێتە بازدانێك لە شارسانیەتی مرۆیی.
ئەو پڕۆژەیە لە (2017) دەستی پێكرد، خۆی برەوی پێ دەدا و بانگەشەی بۆ دەكرد، دەیگوت، ئەو شارە دەبێتە بازدانێكی گەورە لە شارستانیەتی مرۆی، پاشان باسی لەوە دەكرد خواردنی ئەو شارە روەكەكانی لەسەر دیوار و شوێنەكانی دیكە دەچێندرێت.
دەبێتە گەورەترین وێزگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە جیهان دۆستی ژینگەیە، كێوێكی بەفری لێ درووست دەكەین لە رێگەی فێنككەرەوە بەردەوامی پێدەدەین، رۆژێك لە رووژان ئۆتۆمبێلی بێ شوفێر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كاری تێدا دەكات.
وشەی نیوم لە وشەی "نیو" كە بە واتای نوێ دێت، وشەی "میم" ئاماژەیە بۆ وشەی "مستقبل" كە بە واتای داهاتوو دێت، واتای شارەكە "داهاتووی نوێ"یە.
وەهمی نیوم
لە (28/7/2024) گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی بەریتانیا راپۆرتێكی درێژی لەسەر محەمەد بن سەلمان بڵاوكردەوە بەناوی، "بن سەلمان... ستەمكارێك لە بیابان".
راپۆرتەكە تیشكی خستبووە سەر شاری "نیوم" باسی لەوە كردبوو كە محەمەد بن سەلمان رێگە نادات هەڵسەنگاندنی راستەقینە بۆ پڕۆژە گەورەكانی و ئاستی قابلیەتیان بۆ جێبەجێكردنیان بكرێت.
راپۆرتەكە باسی لەوەش كردبوو، كە ئەگەر بن سەلمان جگە لە ئەركی فراوان كردنی دەسەڵاتەكەی شتێكی دیكە هەبێت ئەوە لە نیوم، ئەو شارەی كە بەڵێنی داوە لە بیابان بونیادی بنێت.
نیكۆلاس بیلام، رۆژنامەنووس كە سەردانی شاری نیومی كردووە دەڵێت، دۆزیینەوەی نیوم یەكەم كێشە بوو، نە رێگە هەبوو نە نیشانە، دوای سێ كاتژمێر لە شوفێری ئۆتۆمبیلەكە لە خاڵێك وەستا ئاماژە بۆ ئەو نەخشەیە دەكات، هیچ شتێكی تێدا نەبوو، دارێكی كۆن و هەندێك وشتر لە شەقامێكی خێرا دەرۆیشت هەندێك كۆمەڵێك داروپەردوو لەسەر رێگەكە بوو، كە رێگەكەی تێدا كرابۆوە بۆ ئەو شارە گەورە.
ئەو رۆژنامەنووسە سەری سووڕدەمینێت ئەو ناوچەی بۆ ئەو شارە دیاریكراوە بە قەبارەی بەلجیكایە، یەكێك لە دیمەنەكانی دوو پڕۆژەیە لەوێ تەواوكراوە دیوەیەتی كۆشكی محەمەد بن سەلمان، شتێكی دیكەش نەخشەی گوگڵ بۆ تۆپی (ناوەندی ئەزموونی نیوم) كاتێكیش گەڕامەوە بە چادرێك داپۆشرابوو.
بن سەلمان هەموو شتێكی بۆ ئەوانە دابین كردووە كە لەو شارە كاردەكەن، زۆربەیان مووچەی مانگەنەیان (40) هەزار دۆلار، جگە لە خانووی جوان، بەڵام ئەو شارە جێدەهێڵن.
یەكێك لە راوێژكارەكانی ئەو شارە دەڵێت، وەك سواربوونی مانگایە، دەزانی دەكەوێت، كەس لە خولەك و نیوێك یاخود دوو خولەك لەسەر پشتی ئەو گایە نامێنێتەوە، بۆیە جێژ لەو كاتە وەردەگرێت.
سەرەڕای زۆری مووچەیان راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن بیانییەكان پڕۆژەی نیوم جێدەهێڵن، چونكە هەست بە فشارێك دەكەن كە لە پێشبینی و واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە (4/5/2021) رۆژنامەی لۆبینیۆنی فەرەنسی بڵاوی كردەوە، یەكێك لە ئەندازییارەكان بەرانبەر داواكارییەكی بن سەلمان بۆ لێدانی حەفرێك لەسەر چیایەك بە بەرزی (800) مەتر كە دەكاتە (30) نهۆم هەڵكەنێت، ئەوەش بۆ درووستكردنی زنجیرە هوتێل و شوێنی نیشتەجێبوون تووشی بەربەست بووە.
رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە یەكێك لە داواكارییەكانی شازدەی جێنشینی سعوودیە لەو پڕۆژتەیە درووستكردنی دەیان كۆشكە كە هەندێكیان لە یارگەی تۆپی پێ گەورەترن، پێشنیاری (50) نموونەی جیاواز كراوە، بەڵام هەندێك لە تیمەكانی كاركردن ئەو سەركێشییەیان بەجێهێشتووە، ئەو پرسیارەیان كردووە ئایا كەس هەیە ئامادەبێت ئەو باڵەخانانە بكڕێت كە نرخی هەر یەكێكیان دەگاتە (400) ملیۆن دۆلار.
قەیرانی دارایی و سرووشتی پلانەكە و بێسەروبەری ئاشكرا تەنیا بەربەست نین لەبەردەم شاری نیوم، بەڵكوو دەسەڵاتی راستەوخۆی بن سەلمانیش هۆكارە، راستەوخۆ فەرمانی كردووە (20) هەزار هاونیشتیمانی بە ناچاری ئەو ناوچەی بۆ ئەو پڕۆژە دیاریكراوە كە زۆربەیان لە هۆزی حویەتان ئەو ناوچەیە جێبهێڵن.
لە (14/4/2020) دەسەڵاتدارانی سعوودیە كوژرانی عەبدورەحیم بن ئەحمەد حوەیتیان راگەیاند، لەبەرەی رەتی كردەوە لە پێناو درووستكردنی ئەو شارە ماڵەكەی بەجێبهێڵێت.
لە (23/1/2023) دادگای تێهەڵچوونەوەی سزادانی تایبەت لە سعوودیە سزای لە سێدارەدانی بۆ شادلی و ئیبراهیم و عەتائوڵا حوەیتی لە هۆزی حوەیتات دەركرد، بەهۆی ئەوەی رەتیان كردەوە بە ناچاری لەپێناو پڕۆژەی نیوم ماڵەكانیان جێبهێڵن.
هۆزی حوەیتان دێرنترین هۆزەكانی سعوودیە، چەندین سەدەیە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری لەو ناوچەیە دەكەن، محەمەد بن سەلمان بڕیاری داوە دەریا بكات، ئەگەر لەپێناو پڕۆژەكەی داهاتووی كە گومان لەسەر سەركەوتنی دەكرێت بەسەر لاشەیان دا بڕوات.
سەرچاوەكان:
- CEO of Saudi Arabia’s Futuristic City Project Leaves Abruptly
- نيوم تعلن تعيين رئيس تنفيذي جديد
- MBS: despot in the desert
- Neom: Ancient Saudi tribe in danger of ‘disappearing off face of the earth’ to make way for vanity project
- صحيفة فرنسية: لهذه الأسباب تأخر مشروع مدينة “نيوم” المستقبلية السعودية
- Long-time CEO of NEOM goes as Saudi Arabia scales back mega-projects
سەرچاوە: ماڵپەڕی: ئیستقلال
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment