ئێران: سەرکەوتنی ترەمپ پەشیمانمان ناكاتەوە لە هێرشكردنەسەر ئیسرائیل ئێران

نوچە نێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کاریگەری ناکاتە سەر سووربوونمان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل.

ئەمڕۆ سێشەممە (19/تشرینی دووەم/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "ئێران ئامانجییەتی گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ترەمپ بکات بێ ئەوەی وڵاتانی تر فشار بکەن، بەڵام لە بەرپەرچدانەوەمان بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبین".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت، "دوای گەڕانەوەی ترەمپ هەڵوێستمان وەک خۆی بەردەوام دەبێت، ئێران هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگری کردن لە سەروەری خۆی، وەڵامی هەر هێرشێکی سەر وڵاتەکەی دەداتەوە، ئێمە هەنگاوی پێویستمان ناوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەمان".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، "بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک ببێتەوە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانییەکان کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی".

لە (26)ی تشرینی یەکەمدا، ئیسرائیل بە فڕۆکە هێرشیکردە سەر بنکەی سەربازی لە ئێران، دوای ئەوەی ئێران هێرشی مووشەکی زۆری بۆ سەر ئیسرائیل لە سەرەتای هەمان مانگدا ئەنجام دا.

پێشتریش عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، "لە تۆڵەی کوژرانی سەرکردەکانی حەماس و حیزبوڵڵا وەڵامی تووندمان بۆ ئیسرائیل دەبێت".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین