كاریگەریی سوپای كۆریای باكوور لەسەر جەنگی ئۆكراینا و ڕووسیا وەرگێڕان

سنوور یاسین: تایبەت بە نوچە نێت

پێشەکی

دوای ئەوەی سەردانی کۆریای باکووری کردبوو لە مانگی حوزەیراندا، سەرۆکی رووسیا ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ کۆریای باکوور پەسەند کرد، لەلایەن دۆما کە ئەنجوومەنی خوارەوەی پەرلەمانی رووسیا و ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی باڵای پەرلەمان پەسەند کراوە. لە سیستەمی زانیاری یاسایی وڵاتەکەیان بڵاوکرایەوە، هەروەها یەکێک لە گرینگترین برگەی نێو ڕێککەوتنەکە بریتییە لە بەرگریی هاوبەش.

ڕۆژی یەکشەممە (2024/11/10) ماڵپەڕی (ئیندیپێندت) بڵاویکردەوە، سەرۆکی رووسیا دوێنی رێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان کۆریای باکوور و وڵاتەکەی پەسەند کرد، پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەوە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆوە ببینێت لە بوارەکانی بەتایبەت بەرگری و کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، خاڵێکی گرینگی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر هەر لایەنێک لایەنی بەرامبەر بەرگریی و هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە هاوبەشەکەی بکات، هەروەها بەمەبەستی ڕێگریکردن لە شەڕ و بەهێزکردنی تواناکانی سەربازیی و بەرگەیی، هەردوو وڵات دەتوانن مانۆری سەربازیی هاوبەش ڕێکبخەن.

چی ڕوویدا دواتر؟!

نیشانەیەکی دیکەی قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیا دەرکەوت و هەردوولا ئامادەبوون زیاتر برەو بە پەیوەندییەكانیان بدەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور سەردانی ڕووسیای کرد.

ڕۆژی سێشەممە (29/تشرینی یەکەم/2024)، "شاندێک بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور بەرەو ڕووسیا بەڕێکەوت، مەبەستی سەردانەکە دیاری نەکرابوو، بەڵام دەزگای سیخوری کۆریای باشوور دووپاتی دەکاتەوە، سەردانەکە پەیوەندیدارە بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ ڕووسیا و دانوستاندن لەسەر بەدەستهێنانی ئامانجیان لە بەرامبەردا".

پێنتاگۆن ڕایگەیاند، "کۆریای باکوور نزیکەی (10) هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بگەنە مەیدانی جەنگ لە ئۆکراینا، هەندێک لە سەربازانی کۆریای باکوور لە ئۆکراینا نزیک بوونەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت بەرەو ناوچەی سنووری کورسک بەڕێبکەون کە ڕووسیا هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئۆکراینا دەدات".

چەندین جار بەرپرسانی کۆریای باشوور و ڕۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە، "لە دەستێوەردانی کۆریای باکوور لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینادا، جەخت لەوە دەکەنەوە ڕووسیا لە بەرامبەردا تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو پێشکەش بە کۆریای باکوور دەکات کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆی تاوەکو هەڕەشە بکاتە سەر پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی".

دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە، "لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر چوونی سەربازانی کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا دەکەن".

پلانە جیاوازەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور، "هەڕەشەیەکی گەورەی ئاسایشی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە، کێشەیەکی مەترسیدارە، زیان بە ئاسایشی وڵاتان دەگەیێنێت، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی جیهان لە نزیکەوە لە هەموو ئەگەرەکانی بکۆڵنەوە".

سوپای کۆریای باکوور لەناو خاكی ڕووسیا چی دەكات؟

وەزیرانی دەرەوەی کۆریای باکوور و ڕووسیا پابەندبوونی هەردوو وڵاتیان دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەی سەرۆكی وڵاتەكانیان لە مانگی حوزەیراندا لەسەری ڕێککەوتوون.

ڕۆژی شەممە (دووی تشرینی دووەم/2024)، چۆ سۆن هوەی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا بە سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەی لە مۆسکۆ ڕاگەیاند، "پشتیوانیتان دەکەین تا ئەوکاتەی ڕووسیا سەردەکەوێت بەسەر ئۆکراینادا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە تێوەگلانی پیۆنگیانگ لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا زیادی کردووە".

هەریەکە لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، کۆریای باشوور، ئەمەریکا و ئۆکراینا ناردنی هێزەکانی پیۆنگیانگ بۆ ڕووسیا پشتڕاست دەکەنەوە دەڵێن، "سەربازانی کۆریای باکوور لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا بڵاوەیان پێکراوە".

کۆریای باکوور بە چەكی ئەتۆمی هەڕەشەی لە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی کرد، سەرۆکی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەهێزکردنی توانای ئەتۆمیمان تاوەکو بتوانین لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بجەنگین".

ڕۆژی چوارشەممە (11/ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، "هەوڵەکانمان دوو هێندە دەکەین تاوەکو بتوانین هێزە ئەتۆمییەکانمان بە تەواوی ئامادە بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی".

کیم جۆنگ ئون ڕاشیگەیاند، "کۆریای باکوور ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورە دەبێتەوە لە لایەن وڵاتانەوە چونکە ئەوان ئامانجییانە فراوانبوونی زیاتر ئەنجام بدەن بە ڕابەرایەتیی ئەمەریکا، ئەم فراوانخوازییانە پاڵ بە وڵاتەکەمانەوە دەنێت توانای سەربازیمان بەهێزتر بکەین".

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "پەیوەندییەکانی کیێڤ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان پێویستی بە پەرەپێدانی زیاترە"، دەشڵێت، "كۆریای باكوور ژمارەیەك سەربازی بۆ هاوكاریكردنی سوپای ڕووسیا ناردووە"

ڕۆژی دووشەممە (14/تشرینی یەکەم/2024) ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "جەخت لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەینەوە، بە پێویستییەکی گرنگی دەزانین کە هەنگاوە لە پێشینەییەکانی کارەکانمان بێت".

سەرۆکی ئۆکراینا ڕاشیگەیاند، "پێویستە بزانین کە قوڵبوونەوەی هاوپەیمانێتی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور زیادی کردووە، هاوپەیمانێتییەکەیان لە گواستنەوەی چەکەوە بۆ ناردنی هێز بۆ شەڕکردن لە پاڵ ڕووسیا پەرەی سەندووە".

زیلینسکی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی هێزەوە بەدی دێت، دەبێت وڵاتان بزانن کەی چ جۆرە بڕیارێک دەدەن".

یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی نیوان سوپای کۆریای باکوور و ئۆکراینا

دوای ئەوەی کۆریای باکوور (10) هەزار سەربازی ناردە ناوخاكی ئۆكراینا بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی ڕووسیا. "بەرپرسانی ئۆکراینا پێكدانانی سەرەتایییان لەگەڵ سەربازانی کۆریای باکوور لە مەیدانی جەنگ پشتڕاست کردەوە".

ڕۆژی سێشەممە (پینجی تشرینی دووەم/2024) ماڵپەڕی (تورکیا تودەی) بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "سەربازانی ئۆکرانیا و کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار لە شەڕدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە".

بەرپرسانی ئۆکراینا ئاشکرایان کرد، "هێزەکانی سەربازی کۆریای باکوور بۆ یەکەم جار چەکیان لە دژی سوپای ئۆکراینا بەکار هێناوە".

سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، "ژمارەی سەربازانی کۆریای باکوور لە ناو ڕووسیا لەوانەیە بگاتە (100) هەزار سەرباز. ئێستا پوتین (11) هەزار سەربازی کۆریای باکووری هێناوەتە سەر سنوورەکانی ئۆکراینا".

هەفتەی ڕابردوو، دەزگای سیخوڕی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، "هێزەکانی کۆریای باکوور دەستیان بە ئۆپراسیۆنی شەڕی دژی هێزەکانی ئۆکراینا کردووە".

پوتین بە چەكی ئەتۆمی هەڕەشە لە ئەمەریکا دەكات

ڕۆژی چوارشەممە (20/تشرینی دوومی/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بلاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا "هۆشدارییەکی بۆ ئەمەریکا نارد، چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئیدارەی جۆ بایدن ڕێگەی بە ئۆکراینا دا مووشەکی ئەمەریکی بەکاربهێنێت بەرامبەر بو ڕووسیا".

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕووسیا، "بە بنەماکانی سیاسەتی دەوڵەت لە بواری بەربەستی ئەتۆمی ناسراوە، ئەو هەڕەشانە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ڕووسیا گەورەترین هێزی ئەتۆمی جیهانە و بیر لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە دەکاتەوە".

لە بەرنامە ئەتۆمییە نوێیەکەی ڕووسیادا هاتووە، "ئەگەر ڕووسیا یان بیلاڕووسی هاوپەیمانی ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببێتەوە بە بەکارهێنانی چەکی ئاسایی کە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەروەری، یەکپارچەیی خاکیان دروست دەکات، بە دڵنیاییەوە وەڵامیان دەبێت".

کۆتایی

لە بڕیارێکی (2020) دا هاتووە، "ڕووسیا دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت لە ئەگەری هێرشی ئەتۆمی لەلایەن دوژمنێکەوە یان هێرشێکی ئاسایی کە هەڕەشە لە بوونی دەوڵەت بکات".

سەبارەت بەم پرسە کرملین دەڵێت، "ڕووسیا چەکی ئەتۆمی وەک ئامرازێک بۆ بەربەست دادەنێت، ئامانج لە نوسراوە نوێکراوەکە ئەوەیە بۆ دوژمنانی ڕوون بکاتەوە کە ئەگەر هێرش بکەنە سەر ڕووسیا بێگومان تۆڵەیان لێ دەسەندرێتەوە".

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملین دووپاتی کردەوە، "سوپای ڕووسیا زۆر لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات، ئامانج لە باسکردنی ئەتۆمی نوێ ئەوەیە کە دوژمنان لە ئەگەری تۆڵەسەندنەوە تێبگەن لە ئەگەری دەستدرێژی بۆ سەر ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی".

ئەمڕۆ جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دەچێتە (1,001)مین ڕۆژییەوە گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوایە لەوەتەی قەیرانی مووشەکی کوبا لە (1962) وەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین