ئاشكرابوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لەنێو خاکەکەیدا عێراق دەشڵەژێنێت
نوچە نێت:
ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لە بیابانەکانی عێراق لەلایەن رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە بیابانەکانی عێراق نییە و ڕەنگە هێزێکی بچووک لەو شوێنانە بووبێت."
ئیسرائیل بیابانەکانی عێراقی لەدژی ئێران بەکارهێناوە؟!
ماڵپەڕی (بیرگون)ـی تورکی بڵاوی کردەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی لە هەواڵێکدا تیشکی خستە سەر بوونی بنکەیەکی ئیسرائیل لە خاکی عێراق بەر لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران و ڕایگەیاند، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە عێراق بۆ شەڕی ئێران دامەزراندووە و بۆ پاڵپشتیکردنی هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی ئێران لە سەرەتای شەڕەکەدا، كە تایبەت بوو بە هێزە تایبەتەكان و تیمەكانی گەڕان و رزگاركردن.
ئەو ڕۆژنامەیە بەگوێرەی زانیارییەکانی چەند بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل پێگەیەکی سەربازی نهێنی لە بیابانی عێراق دروست كردبوو بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتە ئاسمانییەکانیان و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزە عێراقییەکان ئەنجامداو هێندەی نەمابوو ئاشكراببێت.
لەبەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا هاتووە کە ئەو سەرچاوە ڕاشیگەیاندووە، کە ئیسرائیل ئەو دامەزراوەیەی بونیادناوە، کە هێزی تایبەتی تێدابووە و وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کاری کردووە، پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، بە ئاگاداری ئەمریکا دروستكراوە و هاوکات ئەو کەسانەی کە شوێنی بنکە سەربازییەکانیانی ئیسرائیلیان دۆزیوەتەوە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
عێراق بوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە
هاوکات دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیهێنا و لەوبارەیەوە لیوا تەحسین خەفاجی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە بیابانەکانی عێراق نییە. بەڵام نایشارێتەوە کە لە ناوچەی نوخێب ژمارەیەک سەرباز بینراون کە قسەکردنیان بە شێوازی عەرەبییەکی ناتەواو بووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ (12) ئازار شاندێکی باڵای سەربازی کە لە سوپاسالار، بەڕێوەبەری هەواڵگری، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان پێکهاتبوون، سەردانی بیابانی (نوخێب)ـیان لە نێوان ئەنبار و نەجەف کردووە، کە باس لە هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی تێدا دەکرێت.
بەگوێرەی قسەکانی لیوا تەحسین خەفاجی لە درێژەی قسەکانیدا ئەمەشی خستەڕوو، رۆژی (3)ـی ئاداری ئەم ساڵ، زانیاریمان پێگەیشت لەبارەی هەبوونی چەند چەکدارێک کە بە عەرەبییەکی ناتەواو قسەیان کردووە. رۆژی (4)ـی ئادار کاتێک هێزەکانی ئۆپراسیۆنی کەربەلا بەرەو شوێنەکە چوون، لە ئاسمانەوە بۆردوومان کران، بەهۆیەوە سەربازێکمان شەهید بوو و دووانی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژی (5)ـی ئادار هێزەکانمان گەڕانەوە هەمان شوێن، بەڵام هیچمان نەدۆزییەوە. رەنگە بەهۆی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل هێزێکی بچووک لەوێ بووبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا نییە.
خەفاجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی بنکەی سەربازی دەکەن و ڕایدەگەیێنێت، لەوێ نە بنکە هەیە، نە فڕگە و نە هیچ نیشانەیەک کە کارێکی ئیداری یان سەربازی تێدا کرابێت. ئەوەی بینیمان تەنیا زەوییەکی بیابانی وشک بوو وەک هەموو بیابانەکانی دیکە.
لەبارەی بە ناسنامەی ئەو هێزەی کە لە مانگی ئادار هێزەکانی عێراقی بۆردوومان کردووە، ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاشکرای دەکات، هێرشەکە لە ئاسمانەوە بووە، ناتوانین بە دیاریکراوی بڵێین فڕۆکەی کێ بووە، تەنیا ئەوە دەزانین کە لەو کاتەدا هێزەکانمان کرانە ئامانج.
لەگەڵ زیادبوونی کاردانەوەکان دژی بوونی بنکە سەربازییە بیانییەکان لە عێراق، بەرپرسانی عێراق دوای بۆردومانی هێزەکانیان لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە، مانگی ئاداری ئەمساڵ سکاڵایەکیان لەدژی بوونی هێزە بیانییەکان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و تیایدا داوای وەستانی هێرشەکانی هێزە بیانییەکانیان کردووە و هۆکارەکەشیان بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا گەرانتەوە.
شارەزایان سەبارەت بەبوونی بنکە سەربازییەکان لە عێراق دەڵێن، "ناوچەکانی عێراق و بیابانەکانی گونجاوە، چونکە دانیشتوانی کەمە و دامەزراندنی بنکە ئۆپەراسیۆنە کاتییەکانی هێزە بیانییەکان بەر لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاساییە و لە ڕابردووش هەبووە، خەڵکی ئەو ناوچانەش ماوەیەک بەر لەئێستا ڕایانگەیاندبوو کە جوڵەی سەربازیی نائاسایی لەو ناوچانە بوونی هەبووە.
جێگەی باسە، کاردانەوەکانی بەرپرسانی عێراق دوای ئەوە دێت، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی نهێنی لە ناوچەی (نوخێب) دامەزراندووە بۆ پشتیوانی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران. هاوکات ناوچەی نوخێب دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment