کوشتارگەی مەریوان- سنە و گیانە سووتاوەکان ئێران

نوچه‌نێت

لە ئێران بیرمان لای ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەڵام ڕووداوەکانی ناو جادەمان لە بیر کردوون کە ڕکابەری جدی کۆرۆنایە. ئەم نووسراوەیە بە لەبەراچاوگرتنی دوو ڕووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆی ئەم هەفتەیە کە لە جادەی نێوان مەریوان- سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاندا باسی ئەو جادەیە دەکات.

لە ئێران بیرمان لای ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەڵام ڕووداوەکانی ناو جادەمان لە بیر کردوون کە ڕکابەری جدی کۆرۆنایە. ئەم نووسراوەیە بە لەبەراچاوگرتنی دوو ڕووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆی ئەم هەفتەیە کە لە جادەی نێوان مەریوان- سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویاندا باسی ئەو جادەیە دەکات. 
ڕۆژی شەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ زەمانە" ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "کوشتارگەی مەریوان- سنە و گیانە سووتاوەکان"  لە نووسینی خاتوو "فەریبا دانشمێهر" سەبارەت بە ڕێگای نێوان سنە و مەریوان و ڕووداوەکانی هاتوچۆ بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، ئێوارەی چوارشەممە ٢١ نیسان، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە جادەی مەریوان- سنە ڕووی دا و سێ کوژراوی لێکەوتەوە. ئەو ڕووداوە لە یەکێک لە پێچەکانی نزیک گوندی قەڵاجێی مەریوان ڕووی دا. ئوتومبێلێکی مودێل پژۆ ٢٠٦ لەگەڵ بارهەڵگرێک تووشی پێکدادان بوون و بە هۆی خێراییانەوە پژۆەکە گڕی گرت و سەرنشینەکانی لە ئاگردا سووتان. بەڵام نە بارهەڵگرەکە زیانێکی پێ گەیشت و نە شۆفیرەکەی. 
ڕێک نزیکەی ٢٤ کاتژمێر دوای ئەوە، واتە شەوی پێنجشەممە ٢٢ی نیسان و ڕێک لە هەمان شوێندا پژۆیەکی تر لەگەڵ بارهەڵگرێک تووشی پێکدادان بوون و هەر بە شێوەی ڕووداوەکەی شەوی پێشوو پژۆکە گڕی گرت. بەڵام ئەمجارە سەرنشینەکانی پژۆکە ٥ کەس بوون. سێ کەسیان هەر لەوێ گیانیان لە دەست دا و دوانیان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەمجارەیش بارهەڵگرەکە و شۆڤیرەکەی زیانیان پێ نەگەیشت. تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا بە گشتیی لە یەک خاڵی نێوان جادەی مەریوان- سنە ٧ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست دا.

کێ تاوانبارە؟


ئەگەری زۆرە، بە پێی یاسای هاتوچۆ شۆفیرەکانی پژۆکان لەو ڕووداوانەدا وەک تاوانبار بناسرێن. چونکە هەر دوو ئوتۆمبیلەکە هەوڵیان داوە پێش بکەون و لەو کاتەدا بارهەڵگرێک ڕووبەڕوویان دێت. شۆفیری پژۆکە بۆ ئەوەی تووشی پێکدادان لەگەڵ: بارهەڵگرەکە نەبێت دەچێتە ناو شانە خاکییەکەوە. شوفیری بارهەڵگەرەکەش هەمان کار دەکات و لەوێدا تووشی پێکدادان دەبن. بەڵام کارمەندانی هاتوچۆ کە وەک مەکینەی دابەشکردنی مادەکانی یاسا کار دەکەن هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ڕووداوانە پشتگوێ دەخەن و بۆیە تاوانباری سەرەکی دەرناکەوێت. بە پێی خەمڵاندنی خۆدی ئەو کارمەندانە، جادەی نێوان مەریوان- سنە ڕێگایەکی ١٥٠ خولەکییە. بەڵام شۆفیرەکان هەر کە دەچنە ناو ئەو جادە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر دەبنەوە و ئەوەش تێپەڕین لەو جادە پڕ پێچە تا ٣٠٠ خولەک درێژە دەکاتەوە. 
بارهەڵگرەکان لە سنووری باشماخەوە کەلوپەل دەگوازنەوە و ساڵانێکی زۆرە بوونەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هاتوچۆ لە جادەی نێوان مەریوان- سنە. ئەو بارهەڵگرانە زۆر بە هێواشی لێ دەخوڕێن. ئوتۆمبێلەکانی تر ناتوانن وەک ئەوان هێواش لێخۆڕێن و پێویستە پێشیان کەون. بەڵام ئەوە کارێکی ئێجگار مەترسیدارە، چونکە جادەکە تەسک و پڕ لە پێچە. 
هه‌لپه‌ى پێشکەوتن لە بارهەڵگرە زەبەلاح و درێژەکان، لەو جۆرە جادانەدا وەک ئەوە وایە قومار لەسەر گیانی خۆت بکەیت. بەڵام لە لایەکی ترەوە، شۆفیرەکان و مسافرەکانی ئوتۆمبێلە ئاساییەکان ناتوانن تەواوی ڕۆژ لەو جادەدا بمێننەوە و چاوەڕوانی بارهەڵگرەکان بن. لە پشتەوەی بارهەڵگرەکان کە بە ئەرخەیانی و هێواش هێواش جادەکە تێدەپەڕێنن، زۆر کەس قەڵسن و کاتێکی زۆریان بە فیڕۆ دەچێت. لێرەدایە کە شۆفیرەکان بڕیار دەدەن خۆیان لە شەڕی بارهەڵگرەکان دەرباز بکەن و پێشیان دەکەون. بەڵام دوای هەر پێشکەوتنێک، بارهەڵگرێکی تر دێتە بەردەمییان یان لەوانەیە لە ڕووبەڕووە بەرەوڕوویان بێت. ئێستا دەکرێ هەندێ ئاسانتر سەبارەت بە تاوانبار قسە بکەین و بۆمان دەدەکەوێ کە هەرگیز یاسا و ڕێساکانی هاتوچۆ لەو نموونە تایبەتەدا ڕوونکەرەوە نین.

میوانە نەخوازراوەکان


بارهەڵگرەکانی ئەو ڕێگایە، بۆ ئەو خاڵکە ئاساییە کە لەو جادەیە تێدەپەڕێن میوانی نەخوازراون. ساڵانێکە بۆ خەڵکی مەریوان و سنە چەندین پرسیار لەو بوارەدا هاتووەتە ئاراوە: 
-قازانجی ئەو بازرگانییەی سەر سنوور و هاتوچۆی بارهەڵگەرەکانی ناو ئەو جادە دەچێتە گیرفانی کێ و پشکی خەڵکی ناوچەکە لەو بازرگانییە چییە؟ 
-ئایا پشكی ئەوان تەنیا ڕووداوی هاتوچۆ و مردن و بەفیڕۆدانی کات و قەڵسبوونیانە؟ 
-ئایا چاڵەکان و شەپۆلەکانی ناو جادە، کە بە هۆی تێپەڕینی بارهەڵگرەکانەوە درووست دەبن، تاقە دیاریی ئەو بازرگانییەی سەر سنوورەکانە بۆ خەڵکی کوردستان؟ 
میوانە نەخوازراوەکان چەندین ساڵە بەو جۆرە هاتوچۆ دەکەن و دەکوژن. هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک ڕقیان لێیان بێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە ناکرێ بە ئاسانی شۆفیرەکانی بارهەڵگرەکانیش بە تاوانبار بناسرێن. چونکە زۆربەی ئەوانیش تەنیا شوفیری ئەو بارهەڵگرانەن و خاوەنیان کەسێکی ترە. 

پێنج ساڵه‌ به‌ڵێنى چاككردنى رێگاى 
سنه‌ و مه‌ریوان به‌ خه‌ڵك ده‌درێت


ئەو شۆفیرانە لە بەرانبەر وەرگرتنی مووچەیەکی مانگانە کە نزیک ٦ تا ٨ ملیۆن تمەنە، بارەکان دەگوازنەوە و هەموو تەمەنیان لە ناو جادەدا تێدەپەڕێت. قازانجی سەرەکی و بەرفراوانی جێبەجێکردنی ئەو بارانە دەچێتە گیرفانی خاوەنەکانی بارهەڵگرەکان. ئەو نەوتهەڵگرانەیش کە لەو جادەوە هاتوچۆ دەکەن دۆخێکی هاوشێوەیان هەیە. شۆفیرەکانی بارهەڵگرەکان و نەوتهەڵگرەکان تەنیا کاری شۆفیری بۆ خاوەن سەرمایەکان دەکەن و حەقدەست وەردەگرن. پێناچێت ئەوانیش لە بەرانبەر ئەو ڕووداوانەدا کەمترخەم بن. بەڵام ئەگەری زۆرە، خاوەنەکانی ئەو بازرگانییە، کاتێ قازانجی ئەو کارەیان لێک دەدەنەوە، کەمتر شتێک دەتوانێ وایان لێ بکات بیرێ لە کارەکەیان بکەنەوە، تەنانەت ئەو ڕووداوە بێ ئەژمارانەی کە لەو جاددەیەدا دەیانخولقێنن. 
هەرچەندە جادەی مەریوان- سنە پێش هاتنی ئەو بارهەڵگرانەیش بە پێی پێوەرە ستانداردەکان دروست نەکرابوو و جادەیەکی مەترسیدار بوو و ئێستاش هەر بەو جۆرەیە و لە زۆربەی شوێنەکانی ئەو جادەیە پەرژینی پارێزەری دا نەنراوە و پێچەکانی ناو جادە ئێجگار زۆر و توندن و مەترسی وەرگەڕانەوە هەمیشە لە ئارادایە و لە زۆر شوێندا جادەکە ئێجگار تەسکە و ئەگەری پێکدادانی دوو سەیارە ئێجگار زۆرە، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و ڕووداوە کارەساتبارەکانی ناو ئەو جادە لەم ساڵانەی دواییدا، بە شیوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی هاتوچۆی بارهەڵگرە قورسەکان لە پەیوەندیدایە. هەندێ جاریش تەقینەوەی تەنکەرەکانی هەڵگری سووتەمەنیش لەو جادەیەدا بوونەتە هۆی داخرانی جادەکە.

چارەسەریی درەنگ وەخت

له‌ نه‌ورۆزه‌وه‌ تا ئێستا له‌ ئێران 21 هه‌زار كه‌س به‌ رووداوى 
هاتوچۆ بریندار بوون
 


ساڵانێکی زۆرە هەواڵی کرانەوەی ڕێگای نوێی مەریوان- سنە ناسراو بە جادەی گاڕان لەسەر زارانە و هەمووان چاوەڕوانن ئەو جادەیە بکرێتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار، ئەو جادە نوێیە چوار سایدی دەبێت، پێچەکانی زۆر کەمترن و کاتی سەفەر کەم دەبێتەوە بۆ ٩٠ خولەک. نزیکەی پێنج ساڵە بەردەوام بەڵێنی کرانەوەی ئەو جادە دەدرێت و هیچ دیار نییە. ئەمساڵیش هەر ئەو بەڵێنە درایەوە کە تا کۆتایی مانگی هاوین بکرێتەوە. بەڵام کێشە ئەوەیە کە هیچ یەک لەو کەسانەی بوونە قوربانیی جادە قەدیمەکە و ڕێگا ترانزیتییەکە، بە کرانەوەی جادەی نوێ زیندوو نابنەوە و گەنجێتی هیچکامیان ناگەڕێتەوە. هیچ یەک لەو کەسانەی لەو جادەیەدا ئەندامی جەستەیان لە دەست دا، بە کرانەوەی جادەی نوێ، تەندروستییان بۆ ناگەڕێتەوە و داخی دڵی خێزان و هاوڕێیانیان دا ناسەکێ. ئەو بڕیارە دەبوایە ساڵانێک پێشتر و زووتر بدرایەت. 
بە گشتیی ئێران لە ڕووی ڕووداوی هاتوچۆوە یەکێکە لە مەرگهێنەرترین وڵاتانی ناوچە. تەنیا لە نەورۆزی ئەمساڵدا ٢١ هەزار کەس بە هۆی ڕووداوەکانی ناو جادە بریندار بوون. لەو نێوەدا پارێزگای سنە بە هۆی نەبوونی جادەی ستاندارد لە ڕێگا کوێستانیەکاندا و بەرزبوونەوەی ژمارەی بارهەڵگرەکان و هاتوچۆیان لە جادەکاندا، یەکێکە لەو پارێزگایانەی زیاترین ڕووداوی هاتوچۆی تێدا تۆمار دەکرێت.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین