رێژەی زەکات و سەرفترە دیاری كرا کوردستان- عێراق

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی کوردستان، بۆ "نوچەنێت" بڕی زەکات و سەرفترەی دیاریکراو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "سەرفتره‌ بۆ هەرکەسێک سێ هەزار دینار دیارى کراوە، لە ملیۆنێك دیناریش بڕی ٢٥ هەزار دینار وەك زەکات دیاریکراوە."

مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانى كوردستان ئەمرۆ یەکشەممە ٢٥ی نیسان، لە لێدوانێکی تایبەت بە "نوچەنێت" وردەکاریی دیاریكردنى زەکات و سەرفترەی ئاشکراکرد و گووتی، "ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای فتوا دیاری کردووە رێژەی زەکات لە پارە حەوت ملیۆن دینارە، واتا ئەگەر کەسێك حەوت ملیۆن دیناری هەبێت وە ساڵی بەسەر سووڕابێتەوە، ئەوا زەکاتی تێدا واجبە لە هەر ملیۆنێك ٢٥ هەزار دینار بدات، یاخود ئه‌گه‌ر ١٠ هەزار دۆلاری هەبێت 250 دۆلار زەکاتە"

دوای روونکردنەوەی لەسەر زەکات، مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، باسی لە زەکاتی سەرفتره‌ و فیدیە کرد و گووتی، "زەکاتی سەرفترە سێ هەزار دینار بۆ هه‌ر كه‌سێك دیاری کراوە، بەهه‌مان شێوە رێژەی فیدیە ئەوانەی بە هۆکاری نەخۆشی یاخود تەمەنى بەسەرچووە ناتوانن بە رۆژو بن ئەوانیش بە هەمان شێوە سێ هەزار دینارە بۆ هەر رۆژێك".

سەبارەت بەوەی لە دیاریکردنی ئەم بڕە چەندە رەچاوی بەرژەوەندی هاووڵاتیان و بارودۆخی ئەمرۆی ئابووری کردووە، مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی گووتی، "خۆی زەکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە بێجگە لەوەی کە ئەرکێكی ئاینییە، لە هەمان کاتدا بە پێوەری بەرژەوەندی و لەبەرچاوگرتنی هاووڵاتیانیش، کە سێ هەزار دیاریکراوە لە بەرژەوەندی هەژارانە، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای فتوا بە پێى لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستا و ئەو پێوەرانەی کە لە زەکات دیاری دەکران بە شیوەیەکی بەڵگەدار و زانستی گەشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە زەکاتی پارە حەوت ملیۆن دینارە و سەرفترەی رەمەزانیش سێ هەزارە."

لە کۆتایی لێدوانەکەی، مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی روونیکردنەوەی لەسەر زێر داوە و گووتی:" بۆ زێر ئەوەی کە مارەیی بێت زەکاتی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر بۆ بازرگانیبوو بۆ نموونە کە گرانبوو بیفرۆشێتەوە ئەوا لە٢٠ مسقاڵ زێر چارێگە مسقاڵێکە، واتا ئەگەر ٢٠ مسقاڵ زێری هەبێت یەك مسقاڵ دەکاتە چوار بەش  روبعێکی لێ دەدات."
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین