ئابووری سەوز و هەلی کاری نوێی جیهانی ئابووری جیهان
بووژانەوەی بازاڕەکانی وزە لەسەردەمی پەتای کۆرۆنا و، پلانی وڵاتەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە و، دۆستی ژینگە، گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشەکانی هەلی کاری بواری وزەدا دەهێنێت.

نوچەنێت

کۆربەندی ئابووری جیهانی لە ڕاپۆرتێکیدا، پێشبینییەکانی بۆ 18 میلیۆن هەلی کاری نوێی، لە بواری وزە لەسەرتاسەری جیهان خستەڕوو، ئەو پێشبینییانەی ناوەندە جیهانەکە لە کاتێکدایە، کە دوای لێکەوتەکانی کۆرۆنا، بەرهەمهێنەر و بەکاربەرەکان، لە پێناو کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی دوانە ئۆکسیدی ژەهراوی و پاراستنی ژینگە،  ڕوو لە بەرهەمهێنانی وزەی سەوزی دۆستی ژینگە دەکەن. 

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2018 ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە فاکتەرێکی سەرەکییە، لە ڕەخساندنی ڕێژەی 24 میلیۆن هەڵی کاری نوێ، لەهەمانکاتدا لەدەستدانی 6 میلیۆن هەلی کار لە بەرهەمهێنانی وزەی کاربۆنی، بەڵام ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوەی کار پێش بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا بووە. 

لە دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کاری جیهانی، بۆ ساڵی 2020، پەتای کۆرۆنا، بووە هۆی لەدەستدانی  255 میلیۆن هەلی کار لەسەرجەم بوارەکانی کار لە سەرتاسەری جیهان، هەرەوەها، ڕێکخراوەکە دوو سیانریۆی بۆ هەلی کاری تا ساڵی 2030 خستەڕوو. 

سیاناریۆی یەکەم، پێشبینیی دەکرێت ڕێژەی لەدەستدانی هەلی کار 36 میلیۆن کەس تێپەرێنێت، بەڵام سیناریۆی دووەم، ئەو ژمارەیە بەرزدەبێتەوە، بۆ زیاتر لە 136 میلیۆن هەلی کار.

سەبارەت بە هەلی کار، لە بواری وزەی جێگرەوە، ڕێکخراوی هەلی کار پێشبینیی دەکات، لە سێکتەری بەرهەمهێنانی وزەی دۆستی ژینگە، ژمارەی هەلی کاری نوێ ڕوو لە هەڵکشان بکات، بە تایبەت لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، بەڵام لە هەمانکاتدا، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار لەهەمان بوار، بەڵام لە سێکتەری بەرهەمهێنانی وزەی کاربۆنی. بۆ نموونە پێشبینییەکانی ڕێکخراوی کار، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، زیادبوونی 2.5 میلیۆن هەلی کارە، بەڵام هاوکات لەدەستدانی 400 هەزار هەلی کارە لەهەمان سێکتەر، بەڵام بە بەکارهێنانی وزەی خام. 

سەبارەت بەو وڵاتانەی کە هەلی کاریان تێدا بەرز دەبێتەوە، پێشبینیی دەکرێت ڕێژەی هەلی کار، لە بەرهەمهێنانی وزەی سەوز لە ئەمریکای باکوور و باشوور، زیاتر لە 3 میلیۆن کەس بێت، بەڵام ئەو ژمارەیە لە بازاڕەکانی ئاسیا و زەریای هێمن، بۆ 14 میلیۆن هەلی کار بەرزدەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەلی کار لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا تەنیا 2 میلیۆن کەسە. 

هەرچی تایبەتە بە ڕێژەی هەلی کاری وزە، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە کەمبوون بکات، ئەمەش بە هۆی پشت بەستنی تەواوەتی وڵاتە بەرهەمهێنەکانی وزە بۆ وزەی کاربۆنی، بۆیە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پێشنیار دەکات هەرچی زووە، وڵاتان کار لەسەر پەرپێدانی توانای کارمەندی بواری وزەی سەوز بکەن، لە پێناو پاراستنی بژێوی ژیانی تاکی ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمهێنی وزەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین