ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز: عێراق بەڕێگەی دیپلۆماسی هەوڵی هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز دەدات ئابووری جیهان

وەرگێڕانی: ژیوار سلێمان سەلکە 

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، عێراق هەوڵدەدات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتەکەی لە ڕێگەی گەرووی هورمز لەگەڵ لایەنانی پەیوەندیدار بگاتە رێککەوتن، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەناردەی نەوتی عێراق بە ڕێژەی (60%) بەزربۆتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/8/16) ماڵپەری شەفەق نیوز بڵاویکردەوە، زەینەب ئەلخەزرەجی ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا عێراق هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چرکردۆتەوە بۆ گفوگۆکردن لەگەڵ واشنتۆن و تاران، سەبارەت بە تێپەربوونی ئەو کەشتییە نەوتییانەی نەوتی عێراقیان هەڵگرتووە لە گەرووی هورمز، هەروەها عێراق هەوڵی ئەوە دەدات کە دڵنیاییەکی هەمیشەیی وەربگرێت بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بە گەرووەکەدا نەک ڕەزامەندییەکی کاتی بۆ کاتێکی دیاریکراو، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستەماتیك هەناردەکردنی نەوتەکەی بەردەوام بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ تێکچوونێکی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکە.

ئەلخەزرەجی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز، ئەوەی ڕوونکردەوە، لە گەرووی هورمزدا دوو ڕێرەوی سەرەکی هەن ئەمانیش یەکێکیان لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی  ئەمریکادایە، ڕێرەوەکەی  دیکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئێراندایە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا عێراق هەوڵدەدات لە ڕێگەی دیالۆگی راستەوخۆەوە لەگەڵ واشنتۆن و تاران بتوانێت دڵنیایی تەواو وەربگرێت بۆ تێپەربوونی ئەو کەشتییە بیانیانەی کە تانکەرە نەوتییەکانی عێراقیان هەڵگرتووە بە گەرووەکەدا.

سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ئێستادا  ئەوە ئەندامەی لیژنەوی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە رێژەی (60%) بەرزبۆتەوە، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئێران هەناردەی نەوتی عێراق بەشێوەیەک دابەزی گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دواتر بە شێوەیەکی پلەبەندی بەرزبۆەوە بۆ یەک ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لە ئێستادا هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتۆتە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، هەروەها هەناردەکردنی نەوتی عێراق  بۆ مانگی تەمووز بڕی (49) ملیۆن بەرمیل نەوت بووە،بە پێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق  زیاتر لە (30) ملیۆن بەرمیل نەوت بە ڕێگەی گەرووی هورمزدا تێپەڕیووە.

ئەندامێکی دیکەی لێژنەی نەوت گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، وا چاوەروان دەکرێت قۆناغی داهاتوو ببێتە شایەتحاڵی ئەوەی کە هەناردەی نەوتی عێراق بگاتە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لە زیادبوونی داهاتی دەوڵەت دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ڕەنگدەداتەوە.

عێراق کە (90%) داهاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەر لە هەڵگیرسانی جەنگ ڕۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، بڕی (105) ملیۆن بەرمیل نەوتی لە مانگێکدا هەناردە دەکرد، کە لە نەوتی بەسرە و کێلگەکانی باشوورەوە بەرهەمدەهاتن و بە رێگەی گەرووی هورمز ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، بەڵام داخرانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە فشاری لەسەر عێراق دروستکرد بە کەمکرندەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دوای پڕبوونی کۆگانی نەوت، هەروەها دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ سووریا لە ڕێگەی تانکەرەوە لە هەمان کاتیشدا هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگەی بۆری کوردستان-تورکیا بۆ بەندەری جەیهان.

دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشین لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران، ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی گەرووی هورمزی کردەوە، بەڵام دوای دەستپێکردنەوەی هێرش و پێکدادنەکان لە نێوان هەردوولا تاران جارێکی دیکە دەستیکردەوە بە سنووردارکردنی هاتوچۆکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین