هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی تورکیا بەرامبەر بە ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت

ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد

لایەنە سیاسییەكانی توركیا و حكومەتی ئەو وڵاتە لەبارەی ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریا هەڵوێستیان بەرامبەر ئەم پێشهاتە ڕاگەیاندووە و داوا دەكەن لایەنەكانی سووریا خۆیان بڕیار لە داهاتووی  سووریا بدەن، وەزیری دەرەوەی توركیاش دەڵێت، "ئەنقەرە بە جددی دەستی بە کارەکانی کردووە و ئامادەیە لەگەڵ نوێنەرانی نوێی سووریا کاربکات."

ماڵپەڕی (حووریەتبڵاویکردەوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سەبارەت بە کۆتایی هاتنی سەردەمی رژێمی ئەسەد رایگەیاند، "هیواخوازم لە چەند رۆژی داهاتوودا خەڵکی سووریا پێشهاتی باش لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەیانەوە ببیستن و داهاتووی وڵاتەکەیان بنیاتبنێنەوە، ئەنقەرە بە جددی دەستی بە کارەکانی کردووە وئامادەیە لەگەڵ نوێنەرانی نوێی سووریا کار بکات."

هاکان فیدان لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند، "ئێمە ساڵانێکی زۆرە لەپێناو یەکێتی و پێکەوەیی و یەکپارچەیی ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە. بەتایبەتی لەو چەند مانگەی رابردوودا سەرۆک کۆمارمان لەسەر بنەمای بینینی ئەو جموجۆڵەی ئێستا، هەنگاوی نا، دەستی بۆ ئەسەد درێژکرد بەڵام لەلایەن رژێمی سووریاوە ڕەتکرایە وەنەگەیشتە وەڵامێکی ئەرێنی، بەداخەوە ئەمە پێشهاتەکانی گەیاندە ئەم قۆناغە، حکومەتی سووریا نەیتوانی پێداویستیەکانی گەلی سووریا دابین بکات و نیوەی خەڵکی سووریا ئاوارەن، ئەمەش ببوە هۆکاری کۆچکردنی هاووڵاتیانی سووری بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا." 

هاکان فیدان باسی لەوەش کرد و گوتی "عێراق و تورکیا کە دوو وڵاتن سنووری درێژیان لەگەڵ سووریادا هەیە، هاوئاهەنگیی ئێمە زۆر گرنگەو دەتوانین بەیەکەوە کاربکەین و هەروەها ئوردن، عەرەبستانی سعوودی و قەتەر لەم بابەتەدا زۆر گرنگن بۆ ئێمە و لەگەڵیاندا بەردەوام دەبین لە کارەکانمان. لەگەڵ ئەمریکاش بە هەمان شێوە کاردەکەین، بەتایبەتیش هەستیارییەکانمان لەبارەی تیرۆریزم و ئاسایش بە ئەوان دەگەیێنین." 

 ماڵپەڕی (میللەتبڵاویکردەوە، عومەر چەلیک گوتەبێژی ئەکپارتی و جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە بارودۆخی سووریا رایگەیاند، "لەمەوبەدوا پێویستە لایەنەکانی سووریا و ئۆپۆزسیۆن هەڵبدەن ئیدارەیەکی گشتگیر و مۆدێلێکی حکومرانی گشتگیر دورستبکەن، لە چواچێوەی هەموو گروپ و مەزهەب وئاینێک کە بە ئازادانە تێیدا بژین."

چەلیک ئاماژەی بە رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد کرد و گوتی، "ئەمڕۆ وەچەرخانێکی مێژووی روویداوە و ئێمە لەسەرەتاوە گوتمانە سووریا هی سووریەکانەو نابیت هێز و دەسەڵاتی دەرەکی دەستوەردان بکەن، وەرێگە نادەین هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆستی لە سووریا هەبێت، خواستی ئێمە ئەوەیە ئیدارەیەک دابمەزرێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو سوورییەکان بێت و ئێمە لایەنگریی هیچ گروپێک نینە، بەنەمانی ڕێکخراوەکانی وەک پەیەدە و پەکەکە لە سووریا براکوردەکانمان ئازادی بەدەستدێنن."

ماڵپەڕی (تەرەتەرایگەیاند، جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەڵێت، "لەدوای چەندین ساڵ خەباتی گەلی سووریا توانیان سەردەمێکی مێژووی نوێ دەسەتپێبکەن، پێویستە بەخێرایی بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە کە پێکهاتبێت لە هەموو مەزهەب و ئاینێک و ناسنامەی نەتەوەیەک ئیدارەیەکی نوێ دابمەزرێت و یەکپارچەیی خاکی سووریاش بپارێزرێت."

یڵماز لەدرێژەی قسەکانیدا ئەمانەشی خستەڕوو، "پێویستە هێزە زڵهێزەکانی دەرەوەی سووریا خۆیان لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی سووریا بپارێزن و زیاتر زیان بە سەقامگیری سووریا نەگەیەنن، هەروەها بەدامەزراندنی ژینگەیەکی سەلامەت دەتوانن هاوڵاتیانی سووریا بە سەربەرزی و شەرەفمەندانەوە بگەرێنەوە خاکی خۆیان، یەکێک لە گرینگترین کارەکانمان لە سووریا نەهێشتنی مەترسیەکانی رێکخراوە تیرۆرستییەکانە لە سووریا، لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سووریا دەکەین."

ئاژانسی (t24) رایگەیاندووە، نەعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا بە ڕۆژنامەوانی رایگەیاند، "ئاواتەخوازین پەنابەرانی سووری بگەرێنەوە زێدی خۆیان، دەبێش ڕێگریی لە خۆبەخشانەی پەنابەران بگیرێت نەوەک هەندێک لەگروپە تیرۆرستییەکان دۆخەکە بەدەرفەت بزانن."

ماڵپەڕی (بیرگونئاماژە بە هەڵوێستی دەم پارتی سەبارەت بە روخانی ئەسەد دەدات و بڵاویکردۆتەوە، ئێبرۆ گونای و بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەم پارت لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەساڵی (2011)ەوە شەڕی ناوخۆی سووریا بەردەوامە، ئەم شەڕە ببوە ململانێی سیاسی هێزی دەرەکی و دەستوەردانیان لەو وڵاتە دەکرد، هەتاوەکو دوێنێ رژێمی ئەسەد دارما و لەنێو سووریا دابەشبوونی نەتەوەیی و تایفی و مەزهەبی و ئاینی و ئازارێکی زۆری لەدوای خۆی بەجێهێشت."

هاوسەرۆکانی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوەشکردووە، "هیواخوازین هەموو لایەنەکانی سووریا بە کۆدەنگییەکی تەواو دەستورێکی نوێ بنیاتبنێن، سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچەکە بگەرێتەوە و سەرلەنوێ سووریایەکی لیبڕاڵ لەسەر بنەمای بەها دیموکراسیەکان دابمەزرێنرێت، دەبێت لەمەودوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆبگرن بۆ ئەوەی پەنابەرانی سووری بگەرێنەوە وڵاتەکەیان."

هاوسەرۆکان دەشڵێن، "دەبێت رێگای ئاسایکردنەوە لە سووریا بەئیدارەیەکی فراوان بێت کە پێکهاتبێت لە نوێنەرانی کورد و عەرەب و سوننە و شیعە و مەسیعی و پێکهاتەکانی دروز و هەموو کەمینەکانی تر، داواش دەکەین زۆرهەستیاربن بەرامبەر بە دەستوەردانی دەرەکی زلهێزەکان لە ناوچەکە لەوانەیە ببنە مەترسیەکی گەورە بۆ پرۆسەی داهاتووی دیموکراسی سووریا."

ئاژانسی (t24) بڵاویکردەوە، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)، دەڵێت، " پێویستە لەمەوبەدوا سووریایەک دابمەزراینرایت تەواوی ئەو خەڵکەی لەوێدا دەژین، مافی بنەڕەتییان هەبێت و وڵاتەکە لەڕێی دیموکراسییەکی  پێکهاتەی جۆراوجۆرو ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆر پێکهاتووە، جا پێویستە لە سووریا بەڕێوەبردنێک بکرێتە ئامانج کە نوێنەرایەتیی تەواوی ئەو جۆراوجۆرییە بکات." 

عەلی باباجان پێشنیارەک دەخاتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا و دەڵێت، " پێویستە تورکیا، ئێران، ئەمریکا و رووسیا لەسەر مێزێک کۆببنەوە و دیالۆگێک دروستبکەن کە تەواوی پێکهاتەکانی سووریا بگرێتەوە. هەروەها نوێنەری پێکهاتەکانیش لەسەر ئەو مێزە کۆببنەوە، ئێستا چەند گرووپێکی چەکدار هەن کە هەر وڵاتێک بە جۆرێک دەیانبینێت، بەشێکیان بە ئۆپۆزیسیۆن و بەشێکیان بە رێکخراوی تیرۆرستی دەبینرێن، بەجۆرێک هەر وڵاتێک جۆرە تێڕوانینێکی لەمبارەیەوە هەیە. تێکەڵ و پێکەڵییەکی لەمجۆرە هەیە".

باباجان ئەوەشی ئاشکراکرد، "ئێستادا ئەنقەرە گرنگی بەوە دەدات هیچ شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەری نەبێتە بارگرانی بۆ تورکیا."

ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) ڕایگەیاندووە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە سەبارەت بەدۆخی سووریا ریگەیاند، "حەلەب خالێکی گرینگە، هیچ شتێک بەبێ رەزامەندی تورکیا لە حەلەب و دیمەشق ڕوونادات، ئەسەد باجی خۆبەزلزانی داوە کە وەڵامی ئەردۆغانی نەداوە، لەساڵی (2016) سەردانی سووریام کرد چەند پێشنیارێکی بێ مەرجم پێشکەش بە ئەسەد کرد، ئەگەر رازیبایە ئێستا سووریا ئەستێرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام بەداخەوە سەرۆکی سووریا شەڕکردنی هەڵبژارد لەگەڵ گەڵەکەی."

ئاژانسی (T24رایدەگەیەنێت، موساڤات دێرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی گشتی ئی پارتی رایگەیاند، "بەهۆی دۆخی نالەباری سووریا پەنابەران لە تورکیا بوون، ئێستا هیج هۆکارێک نەماوە بۆ مانوەیان لە تورکیا و کۆتایی هاتووە، ئەمەش داواکاری هەموو گەلی تورکیا پەنابەرانی سووری بگەرێنەوە وڵاتەکەیان بێ ئەوەی هیچ کاتێک بەفیرۆبدەن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین