پەرلەمانی ئێران: زەریف لە قسەکانیدا  بێڕێزیی بە قاسم سلێمانی کردووە ئێران

نوچه‌نێت

بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگیی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و چەند نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران، قسەکانی زەریف بە "ئیهانە و بێڕێزیی" بە قاسم سلێمانی دەزانن و داوا دەکەن بە توندی وەڵامی بدرێتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردووتەوە، سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەڵاوبوونەوەی ئەو فایلەی بە "نایاسایی" زانیوە و گوتوویەتی: "وەزارەتی دەرەوە لە هیچ بەشێکی ئەو پرۆسەیەدا واتە، ئەنجامدانی دیمانەکە، هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی دیمانەیان ئەنجام داوە، کەسەکان و پاراستنی فایلەکان هیچ ڕۆڵێکی نەبووە".

خەتیب زادە وێرای ئاماژەکردن بە ناوەڕۆکی ئەو فایلە، جەختی کردووەتەوە زەریف "بە ڕێز و حورمەتەوە" دەربارەی قاسم سلێمانی قسەی کردووە.
سەرەڕای ئەو ڕوونکردنەوە، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران وێرای ئاماژە کردن بە قسەکانی زەریف سەبارەت بە دیپلۆماسی، بە توندی ڕەخنەیان لە ڕەفتار و لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران گرتووە. 
هەندێ لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێرانیش قسەکانی زەریفیان "پێچەوانەی ڕاستییەکان" زانیوە و گوتوویانە بڵاوبوونەوەی ئە جۆرە فایلانە لە درێژەی ئەو "پلانە شێتانە"یە کە دەیەوێت سوپا وەک تاوانباری سەرەکی کێشەکان نیشان بدات. 
محەمەد جەواد زەریف لە دیمانەیەکدا کە شەوی ڕابردوو بڵاو بووەوە، چەندین جار ئاماژە بە وشەی "مەیدان" دەکات و مەبەستیشی زاڵبوونی ڕوانگەکانی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران و قاسم سلێمانی بەسەرسیاسەتی دەرەکی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەدایە. 
زۆهرە ئەڵایاریان، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان، وێرای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ڕەنگە سکاڵا لە دژی زەریف تۆمار بکەن، گوتویەتی: لێدوانەکانی زەریف نەبوونەتە هۆی کەمبوونەوەی خۆشەویستی سلێمانی و نایشبن. 
محەمەد تەقی نەقدعەلی، نوێنەری خومەینی شار داوای کردووە زەریف داوای لێبووردن بکات و گوتویەتی قسەکانی زەریف سەبارەت بە قاسم سلێمانی "ئیهانە و بێڕیزی"یان تێدایە. 
نوێنەری خومەینی شار گوتویەتی وەزیری دەرەوەی ئێران "هێڵە سوورەکان"ی تێپەڕاندووە و پەرلەمان لەو بارەوە بە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی هەڵدەستێت.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانیش بڵاوکردنەوەی ئەو فایلەی بە "خیانەتی نیشتمانیی" ناو بردووە و نووسیویەتی حیسامەدین ئاشنا، ڕاوێژکاری حەسەن ڕۆحانی و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی سەرۆک کۆماریی بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆیە. 
مەنسوور حەقیقەتپوور، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێرانیش گوتوویەتی، محەمەد جەواد زەریف "هەموو هێڵە سوورەکانی دەسەڵاتی تێپەڕاندووە و بە هۆی ئەو هەڵە و فاولانەوە دەبێ کارتی سوور وەربگرێت".

حەقیقەتپوور داوای کردووە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وەڵامی زەریف بداتەوە و گوتویەتی "تاڵیک مووی سلێمانی بە زەریف ناگۆڕینەوە".

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕەخنەکان لە وەزیری دەرەوەی ئێران، میدیاکان گرتە ڤیدۆیەکیان لە سەفەری ئەمڕۆی محەمەد جەواد زەریف بۆ عێراق بڵاو کردووەتەوە کە لە شوێنی کوژرانی قاسم سلێمانی کە مۆنۆمێنتێکی لێ دانراوە، ڕێزی لێ دەگرێ.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین