سەرۆکی ئازەربایجان هۆشداری بە ئەرمینیا دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

ئیلهام عەلیێڤ هۆشداری دەدات لەوەی کە هەڵمەتی پڕچەککردنی گەورەی ئەرمینیا هەڕەشەیەکی نوێیە بۆ سەر ناوچەکە و دەڵێت، "هیچ لۆژیکێک بۆ ئەم كارە نییە".

ڕۆژی چوارشەممە (یەکی کانوونی دووەم/2025) ئاژانسی (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لە وتارێکیدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ بۆ گەلی ئازەربایجان ڕایگەیاند، "دەبێت باشووری قەوقاز ناوچەیەکی ئاشتی بێت، ئاماژەشی بە هەڕەشەی ئەم دواییەی ئەرمەنستان کرد".

سەرۆکی ئازەربایجان ڕاشیگەیاند، "دەبێت باشووری قەوقاز ناوچەیەکی ئاشتی، تەبایی و هاوکاری بێت. لەوانەیە هەنگاوەکانی ئەرمەنستان ئەگەری ئاشتی لەناوببات. ئازەربایجان لەم پرسەدا تەنیا تەماشاکەر نابێت، هەروەها عەلیێڤ هیوای سەرکەوتنی بۆ گەل خواست بۆ ساڵی نوێ".

ئیلهام عەلیێڤ هۆشداری دا لەوەی، "کە پڕچەککردنی ئەرمەنستان هەڕەشەیەکی نوێیە بۆ سەر ناوچەکە، سیاسەتی داگیرکاری ئەرمەنستان شکستی هێناوە، شکستی سەربازییان لە (2020) دەبوو ڕێچکەی دروستیان نیشان بدا، ئێمە هەوڵمان دەدا ئەم کارە بکەین و تا ئەمڕۆش بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان. هەم لە لێدوانە فەرمیەکانم و هەم لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ لایەنی ئەرمەنی چەند جارێک ئاگادارم کردۆتەوە کە ئەم ڕێگا مەترسیدارە نەگرنەبەر".

سەرۆکی ئازەربایجان دووپاتی دەکاتەوە، "هیچ هێزێکی سەربازی لەم ناوچەیەدا ناتوانێت ڕکابەری ئێمە بکات. هێشتا درەنگ نەبووە دەبێت لەم ڕێگا مەترسیدارە دوور بکەونەوە. لە کاتێکدا شەڕە خوێناوییەکان لە بەشە جیاجیاکانی جیهان بەردەوامن، ئازەربایجان بەردەوامە لە ئاشتی، ئارامی، ئاسایش و سەقامگیری. ئازەربایجان بە گەشەسەندنی هێزی سەربازی و ئابوورییەوە ئێستا وڵاتێکی سەقامگیر و ئارامە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین