چه‌ند وڵاتێكى ئه‌وروپى فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر عێراق

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌منى عێراق ئاشكراى ده‌كات، دوو وڵاتى ئه‌وروپى فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر عێراق بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند تیرۆریستێكى داعش له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌سه‌ده‌ وه‌ربگرێت و له‌ عێراق دادگاییان بكات و عێراقیش داواكه‌یانى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ى نیسان، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات چه‌ند وڵاتێكى ئه‌وروپى له‌سه‌ر داواى گواستنه‌وه‌ى تیرۆریستانى داعش له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌سه‌ده‌وه‌ بۆ عێراق به‌رده‌وامن و هه‌رچه‌نده‌ عێراق داواكه‌یان ره‌تده‌كاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى ئه‌و تیرۆریستانه‌، رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "ژماره‌یان 80 تیرۆریسته‌" ئه‌و وڵاتانه‌یش به‌ڵێنیان به‌ عێراق داوه‌ خه‌رجى دروستكردنى گرتووخانه‌ و  دادگاییكردنیان له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

به‌رپرسێك له‌ راوێژكاریى ئاسایشى نیشتمانى به‌ رۆژنامه‌گه‌ى راگه‌یاندووه‌، به‌م دواییه‌ دوو وڵاتى ئه‌وروپى داوایان له‌ عێراق كردووه‌، گواستنه‌وه‌ى تیرۆریسته‌كان قبوڵ بكات، به‌ڵام عێراق پێى راگه‌یاندوون، په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌م بابه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ سه‌ركێشى و مه‌ترسى بۆ عێراق هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها به‌رپرسانى عێراق دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ ته‌نیا ئه‌و تیرۆریستانه‌ وه‌رده‌گرنه‌وه‌ كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقیان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان كه‌ له‌ كه‌مپى هۆلى سووریان، دواى گێڕانه‌وه‌شیان دوور له‌ شاره‌كان ساڵانێك نیشته‌جێ ده‌كرێن.

دووپاتى ئه‌وه‌یش ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ عێراق هه‌ڵوێستى خۆى نه‌گۆڕیوه‌ و هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ماوه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى نواندوویه‌تى، له‌ 20ى ئۆكتۆبه‌رى 2019 عێراق راگه‌یێندراوێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "عێراق په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌ تیرۆریستانى بیانى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق تیرۆریان كردووه‌ و ده‌بێت وڵاتانى خۆیان له‌ ئه‌ستۆیان بگرن".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین