سووریا لە ڕێگەی عێراق هەوڵی كەمكردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەكانی دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

وەزیری ئابووریی سووریا لە حکومەتی کاتی سووریا ئاشکرای کرد، پلانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سووریا.

ڕۆژی دووشەممە (شەشی کانوونی دووەمی/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، باسل عەبدولحەنان ڕایگەیاند، "هەوڵەکانمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق بریتین لە یەکخستنی پیشەسازی، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دابینکردنی ئاسانکاری فراوان بۆ هاتووچۆی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا، ئامانجمان هاندانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکانی گومرگ."

باسل عەبدولحەنان ڕاشیگەیاند، "پلانی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت گرنگی ئەم ستراتیجییە. حکومەت بەشداری لە بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە، دەرگا بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت دەکاتەوە بە لابردنی بەربەستەکان، پەرەپێدانی هاوبەشی گشتی و تایبەت و مۆدێرنکردنی ناوچە پیشەسازییەکان."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "یاساکان نوێدەکرێنەوە بۆ بەهێزکردنی شەفافییەت، پاراستنی وەبەرهێنان، دەستەبەرکردنی دەستگەیشتن بە وزەی هەرزان و پەرەپێدانی پیشەسازیی بەهای زیادکراوی وەک پرۆسەی خۆراک و دەرمانسازی و چنین ".

سەبارەت بە هەماهەنگییە جیهانییەکان، عەبدولحەنان جەختی لەسەر نیازی حکومەت کردەوە، "بۆ کارکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ لابردنی سزاکانی ئابووری، هەروەها پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەهێز دەکەین و لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوستاندن دەکەین بۆ پەرەپێدانی گەشەی ئابووری."

هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی هاندانی وەبەرهێنان کرد لە ڕێگەی یاسای نوێوە کە گەرەنتی یاسایی و هاندانی گونجاو لەگەڵ ئەولەویەتی سووریا دابین دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین