نەفەسی لوتبەرزی و کیبریائی رۆژهەڵاتناسان لای وەزیرەکەی فەرەنسا
"رەنگدانەوەی گوتاری رۆژهەڵاتناسیی لەمامەڵەی دیپلۆماسیی رۆژئاوادا"
پ.ی.د.سەلام عەبدولکەریم
ئەوروپییەکان سەرەتا، کە چوونە خاکی رۆژهەڵات و ئەفەریقا کتێبی ئایینی و ئینجیلیان بەدەستەوە بوو، خەڵکی ئەفریقاو رۆژهەڵاتیش خاکی خۆیان، بەڵام پاشماوەیەک ئەوروپیی و رۆژهەڵاتناسەکان خاکەکەیان گرتەدەست و خەڵکی رۆژهەڵات و ئەفریقاش ئینجیلەکە.
ئەمە سەرەتای پلانی داگیرکاری رۆژهەڵات و یەخسیرکردنی خەڵکەکەی بوو لەلایەن ئەوروپییە داگیرکارو کۆڵۆنیالیستەکانەوە، ئیدی هێدی هێدی کەوتنە کۆیلەکردنی خەڵکی رۆژهەڵات و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان و گەنجینەو ئاسەوارو شوێنەوارو مێژووەکەشی.
ئەوان بەوەشەوە نەوەستان هاتن مەعریفەو گوتارێکیان بەرهەم هێنا بەناوی رۆژهەڵاتناسیی (ئۆرێنتالیزم)، بۆ سەپاندنی هەژموونی کولتوری و هزری و ئایینی خۆیان، گوتارێک لەروکەشدا رەنگکراو بەمەعریفەو ناسینی رۆژهەڵات، بەڵام لەناوەڕۆکدا بارگاوی و ئاخنراو بەرق و کینی شکستی جەنگە خاچپەرستییەکان، بارگاوی بەگیانی تۆڵەسەندنەوەو بچووک سەیرکردن و سەپاندنی لوتبەرزی و کیبریائی رۆژئاوا، گوتاری دەسەڵات و هەژموون بەسەر رۆژهەڵاتدا، گوتارێک خۆیان شارستانی و پێشکەوتوو زانستی و رۆژهەڵاتییەکان و ئەوانیتر بە کێوی و ناشارستانی و بەربەرو نازانستی وێناکرد، ئەوان بەبەرهەم هێنانی گوتاری رۆژهەڵاتناسیی مەبەستیان بوو هێڵێک لەنێوان جیهانی رۆژئاواو خۆیان و گەلانی رۆژهەڵاتدا بکێشن و پێیان بڵێن ئێوە لەبەرئەوەی وەک ئێمە بیر ناکەنەوە، وەک ئێمە ناژین، وەک ئێمە ناخۆن و ناخۆنەوەو جل و بەرگ ناپۆشن و مامەڵەو رەفتار ناکەن دواکەوتوون، مافی ژیانتان نییە، دەبێ ژێردەستە بن.
بەپێی لێکدانەوەو بۆچوونەکانی (جاک دێریدا) یەکێک لەرابەرانی گوتاری (هەڵوەشانەوەگەرایی- التفکیکیه) ئاماژە بەوە دەکات کاتێک (رینیە دیکارت)ی فەیلەسوفی گومانگەرایی دەڵێت:"من هەم، کەواتە من بیر دەکەمەوە"، مەبەستی جەختکردنەوەیە لە خۆ بەسەنتەر زانینی مرۆڤی ئەوروپی و پەراوێز نیشاندانی هەموو ئەوانیتر، واتە تۆخکردنەوەی (ئەوروپا سەنتەری- ئێرۆسێنترالیزم)، بەشێوەیەک تەنها ئەوە ئەوروپییەکانن بیردەکەنەوە، بەڵام ئەوانیتر ناتوانن بیر بکەنەوە. کەم نین ئەو بیریارو فەیلەسوفانەی پۆست مۆدێرنە رەخنەی توندیان لەم دیدو تێڕوانین و مامەڵە لوتبەرزو کیبریائییانەی ئەوروپاو رۆژئاواییەکان گرتووە.
ئەوەی تایبەتە بە رۆژهەڵاتیش هیچ کەس وێنەی بیرمەندی بەرەچەڵەک رۆژهەڵاتی و بەئایین مەسیحی (ئیدوارد سەعید) بەجوانی ئەم گوتارە رۆژهەڵاتناسییە پڕ کینەو بوغزو رق و لوتبەرزییەی ئەوروپاو رۆژئاوای شینەکردۆتەوەو رەخنەی لێنەگرتووە. سەعید لەشاکارە مەزنەکەیدا بەناونیشانی (رۆژهەڵاتناسیی - الاستشراق) گوتاری رۆژهەڵاتناسیی شیکردۆتەوەو ئاماژە بەوە دەکات کاتێک ئەوروپاو رۆژئاواییەکان دەربارەی رۆژهەڵات دەدوێن و ماف و ڕۆڵی پێدەبەخشن مەبەستیان ئەو رۆژهەڵاتە نییە، کەبوونی هەیە وەک خۆی و خاوەنی شارستانیەت و کولتورو داب و نەریت و ئایینی تایبەت بەخۆیەتی، بەڵکو ئەوان مەبەستیان ئەو رۆژهەڵاتەو خەڵکەکەیەتی، کە خۆیان پێشوەخت لەئەندێشەو زیهنی خۆیاندا وێناو بەرجەستەیان کردووە، بۆیە سەعید گوتاری رۆژهەڵاتناسیی لەمەڕ رۆژهەڵات و خەڵکەکەی لەلایەن رۆژئاواوە بەگوتارێکی ساختەو موزەیەف و ناتەندروست لەقەڵەم دەدات. سەعید ئەوە دەخاتەڕوو، کە ئەو مەعریفەو گوتارەی ئەوروپاو رۆژئاوا لەرێگەی رۆژهەڵاتناسییەوە لەمەڕ رۆژهەڵات بەرهەمیان هێناوە گوتارێکی ئایدۆلۆجییە و مەبەستی سەپاندنی جۆرێک لەهەژموونی هزری و ئایینی و کولتوری و سیاسی و ئایدۆلۆجی خۆیانە بەسەر رۆژهەڵاتدا، کە لەروانگەیەکی لوتبەرزانەو کیبریائەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەر بۆیە تێبینی دەکەین کاتێک وەزیری دەرەوەی فەرەنساو ئەڵمانیا سەردانی دیمەشق دەکەن بۆ بینینی ئەحمەد شەرعی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوریا بەوجۆرە لوتبەرزی و رق و کیبریائەوە مامەڵەو رەفتار دەکەن و دەدوێن، تەنها لەبەرئەوەی ئەحمەد شەرع وەک ئیلتیزامێکی ئایینی خۆی تەوقە ناکات، لەکاتێکدا ناوبراو وەک مرۆڤێکی رۆژهەڵاتی و دواجار وەک مرۆڤێکی باوەڕداریش با لەپێگەیەکی فەرمیشدا بێت تەوقە نەکات مافی ئاسایی خۆیەتی، تەنانەت مەگەر بەشێک لەباوەڕدارە جولەکەکان تەوقە دەکەن لەمەراسیمی فەرمیدا؟ مەگەر زۆر خێڵ و هۆزو تیرەو ئایین تایبەتمەندی خۆیان نییەو پارێزگاری لێناکەن و ئامادەنین لەبەر هیچ ئیعتبارو لەهیچ بارودۆخ و کاتێکدا دەستبەرداری ببن؟
بۆیە مەعریفیانەو زانستییانە تەنها ئیدوارد سەعید جوان ئەوانی ئەوروپی و رۆژئاوایی ناسیوەو شیکردونەتەوە، تەنانەت بینییتان وەزیرەکەی فەرەنسا زۆر نادیپلۆماسییانە رەفتار دەکات، کە بەسەری پەنجە تەوقە دەکات لەرقی ئەوەی شەرع لەگەڵ وەزیرەکەی ئەڵمانیا تەوقە ناکات، لەکاتێکدا شەرع زۆر خانەخوێیانەو زۆریش دیپلۆماسی و پڕ ئاکاری جوانی رۆژهەڵاتییانە دەستی بۆ وەزیرەکەی فەرەنسا درێژ دەکات، بەڵام ئەو لەوپەڕی بوغزو رق و کینەو لوتبەرزییانەی ئەوروپیەوە ناتەندروستانە بەسەری پەنجەکانی و بێئەوەی دەستی بێنێتە پێشەوە تەوقە دەکات. ئەمە گوزارشتە لەناوەڕۆک و حەقیقەتی ئەو تێڕوانینە رۆژهەڵاتناسییەی، کەتائێستاش لەمامەڵەو گوتارو رەفتاری بەشێک لە ئەوروپاو رۆژئاواییەکاندا بەرامبەر رۆژهەڵات و خەڵکەکەی رەنگدەداتەوەو هەستی پێدەکەین و دواتریش رۆژهەڵاتیەکان سەرکۆنە و قەرزاربار دەکەن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment