ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە کوردستان- عێراق

نوچە نێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵواكردەوە و دەڵێت، "حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە."

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە (هەشتی كانوونی یەكەم/2025) بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروربارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی حكوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کرد و ڕوونی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە کرایەوە.

پاشان لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران زانیاریی لەبارەی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خرایە ڕوو، کە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتیی خستبووە ڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەناو خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەکى نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنیا بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردووە، بۆیە حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرجکراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

سەبارەت بە پڕۆژی هەژماری من، لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پرۆژەسیستمی پەیرۆڵ) کە قۆناغێکی پرۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025ـه‌وە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئامادە دەکرێت و بەبێ کەموکووڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ دەکرێت.

هەروەها دەشڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێسته‌ لە مانگی 1ـی ساڵی2025ـداین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12ـیان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارە کردووە و لیستی مووچەیی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بەبێ کەموکووڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین