کات و داناێتی ناوخۆیی

(چۆن گێڕانەوە مێژوییەکان تێڕوانیمان بۆ جیهان دادەڕێژن)

د. کامەران محەمەد

پسپۆڕ لە فەلسەفەی مێژوو و میتۆدی توێژینەوە مێژووییەکان

پێشەکیی

    لە سەردەمی شۆڕشی زانیارییەکاندا توانای پێکهێنانی (تێڕوانین) و (جیهانبینی)ی کەسیی بووەتە پێویستییەکی گرنگ. دروستبوونی دیدی کەسیی گەشتێکی هزرییە، کە  کارلێککردن لەگەڵ مێژوو و هونەر و زانست و کەلتوور دەخوازێت. ئەم بوارانە نموونەگەلێکی جۆراوجۆر پێشکەش دەکەن، ئەوە ڕوون دەکەنەوە، کە چۆن گێڕانەوە جیاوازەکان ڕاو بۆچوون و جیهانبینیمان دروست دەکەن.

    لێرەدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکرێت کە چۆن ڕووداوە مێژووییەکان و بەرهەمە هونەریەکان و داهێنانە زانستییەکان، کار لەسەر تێڕوانینە کەسییەکان دەکەن، ئەمەش دەبێتە هاندەری بونیادنانی تێڕوانین و جیهانبینییەکی گشتگیر.

 یەکەم: تێگەیشتن لە گێڕانەوە مێژوویییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسەت

  زۆرجار مێژوو پەیوەستیەکی بەهێزی بە ڕووداوە سیاسییەکانەوە هەیە، بەڵام هاوکات چاوگێکی دەوڵەمەندی چیرۆکە ئەدەبی و فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکانیشە. ئەم گێڕانەوەیانە جۆراوجۆرێتی ئەزموونی مرۆڤمان بۆ ئاشکرا دەکەن و فێری چۆنێتی لێکدانەوەی جیهانی دەوروبەرمان دەکەن. بۆنموونە بڵاوبوونەوەی (ئایینی بودایی زین) لە ژاپۆن و کاریگەرییەکەی لەسەر مومارەسە کەلتوورییەکانی وەک ئاهەنگەکانی چا و باخچە بەردینەکان، ڕەنگدانەوەی ئەوەن کە چۆن فەلسەفە بەها تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییەکان پێکدەهێنن. زین هانی تێڕامان و سادەیی دەدات، ئەوانەش بەهاگەلێکن کە کۆمەڵگەی ژاپۆنیان داڕشتووە و مۆدێلێکی ئاشتی ناوەکین.

   هاوکات داستانی گیلگامێشیش لە (میزۆپۆتامیا)، کە یەکێکە لە کۆنترین بەرهەمە ئەدەبییەکان، بە قووڵیی هەوڵی ئاشکراکردنی پرسەکانی هاوڕێیەتی و مردن و گەڕان بەدوای مانادا دەدات. گەشتی گیلگامێش هەوڵی بەردەوامی مرۆڤ بۆ (مەبەست) و (نەمریی) دەنوێنێت، واتە ئەو پرسانەی کە بەردەوام ئیلهام بە بیرکردنەوەی کەسیی سەبارەت بە ئاوابوونی ژیان دەبەخشن.

   ئەم چیرۆکانە ئەوە ئاشکرا دەکەن، کە چۆن تاکەکان بە کۆمەڵگە و سروشتەوە دەبەسترێنەوە، بەهاکانی خاکیبوون و خودئاگایی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاشتی ناوەوە بەهێز دەکەن. بۆیە لە میانەی لێکۆڵینەوەیدا، مرۆڤەکان دەتوانن سەرلەنوێ بە بەها کەسیی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهاندا بچنەوە.

دووەم: هونەر وەک ئاوێنەیەکی شوناسی کەلتووریی و هەستەکان

   مێژووی هونەر نموونەگەلێکی بەهێز لەسەر چۆنێتیی گوزارشتکردنی کۆمەڵگاکان لە  ئەزموون و خواستەکانیان لە ڕێگەی وێنە و بەرهەمی داهێنەرانەوە پێشکەش دەکەن. هەر بەرهەمێکی هونەریی، چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە جوانیناسیی تێدەپەڕێنێت، هەتا ببێتە ڕەنگدانەوەی کەشوهەوا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانی سەردەمەکەی. بۆنموونە هونەرە تەلارسازیی و سیمبولییەکانی مایاکان، ئەوان ڕووداوە گەردوونییەکان بە بیروباوەڕە ڕۆحییەکانی خۆیانەوە دەبەستنەوە. تەلارەکانی (چیچن ئیتزا) ئەوە نیشان دەدەن، کە چۆن هونەر و زانست ئاوێزانی یەکتر دەبن، هەتا ئیلهام بە هاوسەنگی لە نێوان ڕۆحانیەت و زانستدا ببەخشن. بەهەمان شێوە تابلۆ و هەڵکۆڵراوەکانی پرسە لە میسری کۆن و بەدیاریکراوی لە دۆڵی پاشاکان، دەربارەی ژیان و مردن و پاکێتی بەهاکان. واتە ئەوکارانەی وێنای خواوەند و هێماکانی زیندووبوونەوە دەکەن، مرۆڤەکان هاندەدەن، کە بیر لە چۆنێتی مردن و ژیانی دواڕۆژ بکەنەوە.

 بەمشێوەیە مێژووی هونەر تێگەیشتنێکی قووڵترمان  دەربارەی هەست و ئەزموونی کەلتوورە جیاوازەکان پێدەبەخشێت، دید و جیهانبینی مرۆیمان فراوانتر دەکات و پاڵمان پێوەدەنێت هەتا بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆمان لە جیهاندا ڕابمێنین.

سێیەم: زانست و ئاکار لە ژیارەکاندا 

 زۆرجار وەک کایەیەکی ڕاستی ڕەها دەڕوانرێتە زانستەکان. بەڵام لە دووتوێیدا پراکتیکە ئاکارییەکانی هەڵگرتووە، کە ڕەنگدانەوەی بەهای کۆمەڵگە جیاوازەکانە. لە پزیشکی کۆنەوە بۆ تەکنەلۆژیای مۆدێرن، کارلێکی نێوان کەلتوور و زانست بە چەندین شێوە خۆی نمایش دەکات.  

بۆ نموونە (پزیشکی ئایورڤێدی) لە هیندستان، گرنگی بە هاوسەنگی ناوەوەی جەستە دەدات، ڕێبازێکی گشتگیر بۆ تەندروستی پێشکەش دەکات، کە جیاوازە لە پزیشکی ڕۆژئاوایی ڕاوەستاو لەسەر بنەمای نیشانەکان. شێوازی ئایورڤێدی بۆ چاودێری خۆپارێزی مشتومڕێکی جیهانی لەسەر ڕەوشتی پزیشکی و چاودێری مرۆڤ وروژاندووە. هەروەها کیمیازان و پزیشکانی چینی تێگەیشتنێکی پێشکەوتوویان لەبارەی گیا و کانزاکان پەرەپێدا بۆ هاوسەنگکردنی “یین و یانگ”. ئەم ڕێبازە بیرکردنەوە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان تەندروستی و سیستمی گەردوونی فراوانتر دەورووژێنێت.  

واتە زانست ئەوە ئاشکرا دەکات، کە بڕیارە ئاکارییەکان هەمیشە بابەتیی نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەها کەلتوورییەکانن. ئەم تێگەیشتنەش دەتوانێت بۆ بیرکردنەوەی ڕەوشتی هاوسەنگ و بەرپرسیارێتی کەسیی ئیلهامبەخش بێت.  

 چوارەم: ناسنامەی کەسیی و نەریتە کەلتوورییەکان   

    نەریتەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە پاراستنی شوناسی کەلتووریی و بەرەوپێشبردنی تێڕامانی کەسییدا دەگێڕن. واتە بەردەوامی لە نێوان نەوەکاندا دروست دەکەن و ڕێگە بە تاکەکان دەدەن بیروباوەڕەکانیان بە ڕابردووەوە ببەستنەوە.  

بۆ نموونە هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی مێژوو و بەها و ڕەوشتەکان چیرۆک بەکاردەهێنن. ئەم چیرۆکانە کۆمەڵگە بە سروشتەوە دەبەستنەوە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژینگە لە ناخی تاکەکاندا دەچێنن. هەروەها گریۆتەکان لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، کە چیرۆکنووس و مۆسیقاژەنن، لە ڕێگەی نەریتی زارەکییەوە مێژوو و کەلتوور دەپارێزن. ئەم نەریتە هەستی شانازی و پەیوەندیدارێتی بەهێز دەکات، ناسنامەی تاک و کۆمەڵگاکانیش دادەڕێژێت.  

لێرەوە نەریتەکان تەنها سرووت نین، بەڵکو مێژوویەکی زیندوون، کە یارمەتی تاکەکان دەدەن، لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان تێبگەن و بیروباوەڕی باوباپیران لێکبدەنەوە.  

دەرەنجام:

  لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین: ئاشنابوون و شارەزابوون بە مێژوو، هونەر، زانست و کەلتوور لە چەندین گۆشەنیگای جیاوازەوە، ئاڵۆزیی ئەزموونی مرۆڤایەتی ئاشکرا دەکات، و جەخت لەسەر گرنگی پەرەپێدانی تێڕوانینی کەسیی جۆراوجۆر دەکاتەوە. لەمیانەی کارلێککردن لەگەڵ ئەم دیدگایانەدا، نەک تەنها لە ڕووداوەکان تێدەگەین، بەڵکو فێردەبین، کە جۆراوجۆرێتی ئەزموونی مرۆڤایەتی بەرز بنرخێنین، ئەوەش دید و جیهانبینییەکی گشتگیرتر و هۆشیارتر بۆ جیهان پێکدەهێنێت.   

 هەروەها مێژوو وەک تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ، گرنگی کەسیی و کەلتووریی هەیە و بۆ پێکهێنانی جیهانبینی و تێڕوانینی کەسیی ڕوناکبیر و لێبوردە هانمان دەدات.

 

سەرچاوەکان

  1. Dumoulin, Heinrich. Zen Buddhism: A History (Japan). World Wisdom, 2005.
  2. George, Andrew. The Epic of Gilgamesh. Penguin Books, London, 2003.
  3. Schele, Linda and David A. Freidel. A Forest of Kings: The Untold Story of the Ancient Maya. William Morrow, New York, 1990.
  4. Robins, Gay. The Art of Ancient Egypt. Harvard University Press, Cambridge, 2008.
  5. Sharma, P.V. History of Medicine in India. Indian National Science Academy, New Delhi, 1992.
  6. Sivin, Nathan. Science and Medicine in Imperial China: The State of the Field. Cambridge University Press, 2002.
  7. Bruchac, Joseph. Native American Stories. Fulcrum Publishing, Golden, CO, 1991.
  8. Hale, Thomas A. Griots and Griottes: Masters of Words and Music. Indiana University Press, Bloomington, 1998.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین