ڕەگە مێژووییەکانی ململانێی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوخۆیی

نوچە نێت:

ئامادەکردنى: چرا کوردستانى

پێشەکی

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرگی ململانێی نێوان کۆماری ئیسلامی ئیران لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل، خۆی دەنوێنێت و لە ڕووکاردا وەکو ناکۆکییەکی سیاسی و ئایینیە، کە لە شۆڕشی ئیرانی 1979ەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ئەگەر قوڵتر ببینەوە لە مێژووی ئەم ناوچەیە، دەبینین کە ڕەگەکانی ئەم کێشەیە بەستراوەتەوە مێژوویەکی کۆنتر و قووڵتر، ئەویش ململانێی مێژوویی نێوان ئارییەکان و سامییەکانە، کە لە هەرێمی ئاسیای ناوەراستدا جێگیر بوون ڕەگەزی ئارییەکان، چەندین لق و پێکهاتەی نەتەوەیی جیاواز دەگرێتەوە، گەلە ئێرانییەکانیش یەکێکن لەو ڕەگەزانەی ئارییەکان، هاوکات ڕەگەزی سامییەکان، بریتین لە عەرەب، عیبری، ئارامییەکانی مێزۆپۆتامیا، هەڵبەت ڕەگەزی جوولەکەش دەگرێتەوە.

ململانێی ئەمرۆی ئێران و ئیسرائیل تەنیا بەهۆی بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 1948یان بە شۆڕشی 1979ی ئیران نییە، بەڵکو ئەم ململانێیە لایەنێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی هەیە، لە بەرگێکی نەتەوەیی و ڕەگەزی کە بەستراوەتەوە بە ویستی باڵادەستی و ترسی ناسنامەیی و خاکی،  ئێمە ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی زانستی و ئەکادیمی هەوڵمان داوە، و لە ڕەهەندەکانی ئەم مێژووە قووڵ ورد ببینەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا بەریەکەوتنە مێژوویەکانی نێوان ئەم دوو ڕەگەزە چۆن و بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ وە ئایا پەیوەندی ململانیی ئێستای نێوان ئێران  وئیسرائیل، پەیوەندی چییە بەو ململانێیە ڕەگەزییە؟

تەوەری یەکەم: ڕەچەڵکی ئارییەکان و سامییەکان

ئارییەکان کێن؟

زاراوەی ئاری-ئارییەکان، ئاریا و تیۆری ئاری نەژادی، خۆی بابەتێکی ئاڵۆز و پڕ کێشەیە و گفتوگۆ زۆر هەڵدەگرێت، چونکە ئەگەر پێناسەیەک بۆ ئەم کۆمەڵە خەڵکەش بکەین (ئەمانە کۆمەڵە خەڵک و هۆزێک بوون لە ناوەراستی ئاسیاوە لەنزیک ڕووباری ئۆراڵەوە (کازاخستانی ئەمڕۆ)ەوە هاتوون بەرە و ناوچەکانی ئێرانی ئەمرۆ و لە 3 هەزار ساڵ پ.زدا.

دوای ئەوەی ماوەیەک لەوێ ماونەتەوە وردە وردە چونەتە هیند و لە دۆڵی هیندۆس(هیندۆکش) ماونەتەوە، دوای ئەوەی ماوەیەک لەوێ جێگیربوون بەهیندۆ-ئاری ناسراون، پاشان لەساڵی (1500-500پ.ز)دا، شارستانییەتی دۆڵی هیندۆس، گەشەی کرد و بە (ئاری) و (ئاریا) ناسران. کەواتە ئەم زاراوەیە یان ئەم ناوە پێش هاتنیان بۆ ئێران هەیان بووە دواتر ئێران بە وڵاتی ئارییەکان ناسراوە، واتە ناوی ئێرانیش بۆ ئەمان دەگەڕێتەوە، واتە وڵاتی ئاریا، ئاریان، ئاران، ئێران و هیچ پەیوەندی بە چەمکی رامیارییەوە نیە، وەک هەندێ کەس بۆ ئامانجی تایبەت بەکاری دێنن، بۆ ئەوەی گەلانی ئاری لە ژێر ناوی ئێراندا بتوێنەوە بە فارسی بکەن و ئاریا و ئێران بەهی فارس بزانن.

بەڵکو فارسیش لقێک یان خێڵێکی بچووکی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بوون، نەک هەموو هۆز و گەلانی ئاری، ئەگەر پارسوا-فارس لقێکی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بن، ئەوا ئێمەی کورد چەندین لقمان لەو کۆمەڵە خەڵکە دا هەیە کە بەئاری ناسراون وەکو کاسی-کاشی کە چوار سەدە فەرمانڕەوایەتی و دەوڵەتدارییان کرد، هەروەها هیتی و میتانی لەهاوشانی کاشیەکان خاوەن دەوڵەت و ئیمپراتۆری هوری ومیتانی بوون، لەهاوشانی دەوڵەتی فیرعەونی میسر، پاشانیش میدی و میدیەکان کە سەدە و نیوێک دەوڵەتداری وئیمپراتۆریان هەبووە و بەیەکێک لەچوار ئیمراتۆرەگەورەکەی جیهان دانراون لەهاوشانی میسرو بابل و لیدیا، پاشان فارسەکان بە کودەتایەک بەسەر میدیادا سەرکەوت و بوون بەخاوەن دەوڵەت و زۆرینەی بنەماکانی دەوڵەتداری و شارستانیان لە میدەکانەوە وەرگرت.

لێرەشەوە لەسەر ئاری و ئاری نەژادەکان و زمانی ئاری و خەڵکی ئاری مشتومڕی زۆر دەکرێت، بووە بە بنەمای دروست بوونی چەندین تیۆری زمان و ڕەگەزی کە بەتیۆری ئاری و ئارییەکان ناسراوە. لەم بارەیەوە تۆم هۆللاند بەم شێوەیە باسی ئاری وئارییەکان دەکات ودەڵێت؛ ئاری یان ئارییەکان کۆمەڵە هۆز و کۆمەڵە خەڵکێک بوون بە ئاژەڵداری و ئەسپ بەخێوکردنەوە خەریک بوون، لەناوچە شاخاوییەکانی زاگرۆسدا، ئەمانە بە باوە گەورەی زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە دادەنرێن، هەرلە خۆراسانەوە تا هەموو ناوچەکانی زاگرۆس، ئەم کۆمەڵانە لەو ناوچانە جێگیربوون بە(ئاری) ناسراون، دواتر لەکۆنفیدراسیۆنێکی نەتەوەییدا یان لەچوارچێوەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیدا یەکیان گرت لەژێر دەسەڵاتی میدییەکاندا، تا دەهات بەهێزتر دەبوون و بوونە رێگری سەرەکی لەبەردەم پەلهاوێشتنی ئاشورییەکاندا.

ئەم بابەتەی تۆم هۆللاند ئەوە دەردەخات کە ئارییەکانیش هەر خەڵکی زاگرۆس بوون و لەوێوە سەریان هەڵداوە، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، لێرەوە سەرچاوەیان گرتووە، دەرکەوتنی خێڵە میدییەکانیش وەکو هێزێکی گرنگ و دروستکردنی دەوڵەت، وایکرد چوارچێوەیەکی جێگیر و پارێزراو دروست بکات بۆ گەشەی زمان و فەرهەنگی میدی و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو کولتوور و فەرهەنگییە مێژوویەی بە هی گەلانی ئاری ناسران.  لقە بەهێزەکانی ئارییەکان پێکدێن لە: (لۆلۆ، گۆتی، میتانی، کاشی، حوری، سۆباری، ئۆراتۆ)

دەرکەوتنی سامییەکان

زاراوەی سامی چەمکێکی تەوراتییە، کە زمانەوانەکان بۆ پۆلێنکردنی زمانەکان وەریانگرتووە. دەگەڕێتەوە بۆ سامی كوڕی نوح پێغەمبەر، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1781 وشەی سام وەك دەستەواژە بەكارهات و بەو گەلانە وترا، كە لە ڕەگەز و زمان و مێژوودا هاوبەشن. دەستپێكی دەرکەوتنی نەژادی گەلە سامییەكان لە كۆچەكانییانەوە دێت بەرەو وڵاتی ڕافیدەین و بەشێوەیەكی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوونەوە. ڕای جیاواز هەیە لەسەر نیشتمانی ڕەسەنی سامییەكان، بەڵام لێكۆڵەران لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە نیشتمانی ڕەسەنی سامییەكان دورگەی عەرەبییە، دواتر بەهۆی بێ ئاوییەوە كۆچیان كردووە، یەكەم گەل، كە لە سامییەكاندا كۆچی كردووە ئەكەدییەكان بوون، كە بەرەو عێراق كۆچییان كردووە و لەگەڵ سۆمەرییەكاندا نیشتەجێ بوون. پاشان ئاشوورییەكان بەرەو وڵاتی دوو ئاوان رۆشتون لە باكوور، دوا بە دوای ئاشوورییەكان كەنعانییەكان بەرەو شام و كەناراوەكانی دەریای سپی ناوەڕاست كۆچیان كردووە، پاشان ئارامییەكان بەرەو دەشتاییەكانی عێراق و شام كۆچیان كردووە.

گەورەترین میللەتە سامی نەژادەکان پێکدێن لە: (ئامۆرییەکان، کەنعانییەکان یان فینقییەکان، ئارامییەکان، عیبرانییەکان) زمانی گەلە سامییەكان بەپێی شوێنی جوگرافی دابەشكراوە بەسەر باكووری و باشووریدا، بە باكوورییەكان دەڵێن، زمانی رۆژهەڵاتی، كە ئەوەش زمانی ئەكەدییەو هەموو زمانەكانیان لە بابلی و ئاشوورییەكانەوە وەرگیراوە. بە باشوورییەكانیش دەڵێن: زمانی خۆرئاوایی، كە زمانی ئۆگاریتی ‌و كەنعانییە، كە هەمووی لە عیبری و فینیقی و مەوابی وەرگیراوە. زمانی باكوورییەكان دابەشبووە بۆ سەر عەرەبی باكووری، كە زمانی خەڵكی یەمەنە، لەگەڵ زمانی حەبەشی، پاشان زمانی رۆژئاوای باشوور، كە زمانی عەرەبی رێزمانییە.

بەریەککەوتنی مێژوویی ئاری و سامییەکان

دەرکەوتنی ئاریاییەکان پەیوەستە بە قۆناغێکی مێژووییەوە، کە لقێک لە لقەکانی ئارییەکان لە ڕووی سیاسیەوە ناوی دەدرەوشێتەوە لە نووسراوە سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و ئاشوری و حیتی و میسڕیەکاندا. کاتێک سامییەکان دەستیان بەسەر ولاتانی ڕافیدەیندا گرت لە ساڵانی (٢٠٠٠_١٥٩٥پ.ز) چەرخی بابلی کۆن دەستیپێکرد و لە نزیک ڕووباری فوڕات (باکووری سۆمەر و ئەکەد) شاری بابلیان بە پایتەخت هەڵبژارد و بابلییەکان پەلیان بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیلام و گۆتیۆم هاوێشت و دەستیان بەسەرداگرتن. لەو کاتەدا کاشییەکان لە چیا دادەبەزن و هێرش دەکەنە سەر بابل و داگیری دەکەن، نزیکەی یەک سەدە حوکمی وڵاتی بابلیان کرد، تا ئاشووریەکان وەدەریان نان و جێگەیان گرتنەوە.

ئاشوورییەکان لە کۆتایی سەدەی (18پ.ز) و سەرەتای سەدەی (19پ.ز) بوونە هێزێکی هەرێمی. بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی نەژادی ئاشوورییەکان، هەندێک لە مێژوونووسان بڕوایان وایە ئاشوورییەکان ئاری نەژادبن، بەڵام ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە ئاشوورییەکان گەلێکی سامی نەژادن و لە ڕۆژئاواوە (سوریا)ەوە، ڕوویان کردووەتە ولاتی دوو ڕووبار و باڵادەستیان بەسەر ڕۆژئاوای ئاسیادا کێشا و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە، هەر لە دەریای قەزوینەوە، تادەگاتە کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست، باشوور و ڕۆژئاوای ئاسیاشیان خستە ژێردەستی خۆیان، بەوپەڕی دڵڕەقییەوە گەلانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایان دەچەوساندەوە، دواتر لە سەدەی (15پ.ز) بە شێوەیەکی بەرچاو بێ هێز و لاواز بوون. لەوکاتەدا ئارییە نوێیەکان، میتانییەکان، حورییەکان، دژیان وەستانەوە بوون بە یەکێک لە هێزە گەورەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕکابەری حیتییەکان لە ئاسیای بچووک و میسڕییەکان لە سووریا.

ململانێ بەردەوامەکان لە نێوان حیتتیەکان و میتانییەکان بوو بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی میتانییەکان، بۆیە ئاشوریەکان ئەو هەلەیان قۆستەوە و هێزی خۆیان کۆکردەوە و لە ساڵی (١٣٦٠پ.ز) تا ساڵی(٦١٢پ.ز) دەستیان گرت بەسەر  ڕۆژئاوای ئاسیادا و دەسهەڵاتی میتاتییەکانیان لەناوبرد و دەستیان دایە پەلاماردانی گەلانی ناوچەکە و کۆشتوبڕێکی بێ بەزەییانەیان ئەنجامدا. بەتایبەت. بەرانبەر بە باو باپیرانی کورد  لە چیاکانی رۆژهەڵاتی وڵاتی میسۆپۆتامیا و باکوری ئەو وڵاتە چونکە ئاشووریەکان،ئەو گەلەی کە لە چیا سەختەکاندا خۆیان قایم کردبوو، بەسەرچاوە سەر ئێشە و ئاژاوە بۆ سەر دەسهەڵاتی ئاشووریان لەقەڵەم دەدا، نەک هەر ئەوە  بگرە ۆر جار دەستیان دەدایە  شۆرش و دەبوون بە هەرەشە بۆ سەر  دەسەڵات و قەڵەمڕەوی ئاشوریەکان، بەڵام لە سەدەی 15 پ.ز ئاشوورییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بوون. لەو کاتەدا میتانییەکان و حورییەکان  لقێکی ئارییەکان ئەو بۆشایییە سیاسییەیان پڕکردەوە و بوون بە یەکێک لە هێزە گەورەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا. ئیمپراتۆری میتانی ڕکابەری حیتییەکان لە ئاسیای بچووک کرد و ڕکابەری میسڕییەکانیش لە سووریا. ئەمەش ئاشکرادەکات کە لاوازبوونی هێزێک (ئاشووری) ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی هێزی ئاریی (میتانی) کردەوە، واتە ئەو ململانێیە وەک گەردەلێکی دیرینە خۆی بەردەوام کردووە.

کۆتا پەیوەندی گرنگ لە نێوان ئاری و سامیدا ئەوا بوو کە میدییەکان لە ساڵی 612 پ.ز هاوکاری بابلییەکانیان (سامی) کرد بۆ لەناوبردنی ئیمپراتۆری ئاشوری، ئەمەش نمونەیەکی سەرنجڕاکێشی پەیوەندی ئاری-سامییە، چونکە ئارییەکان (میدی) و سامییەکان (بابل) لەو کاتەدا بوون بە هاوپەیمان بەرانبەر بە سامییەکانی ترەوە (ئاشوری). ئەمەش دەردەخات کە ململانێکە هەمیشە بە هێڵی سادەی ئاری-سامی نەبووە، بەڵکو بەرژەوەندی سیاسی و هێزی ئەو کاتیش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستکردنی هاوپەیمانیەکاندا.

ساسانییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئیسلام

دوای دەرکەوتنی ئایینی ئیسلام لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لەسەر دەستی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب، دووەم خەلیفەی موسڵمانان، فتوحاتی ئیسلامی گەشەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینی و لە میحوەرە فارسییەكە سەرەتای پێكدادانی عەرەبە موسوڵمانەكان لە وڵاتی كورددا لە شارۆچكەی جەلەولا بووە، كە بوەتە گۆڕەپانی جەنگێكی خوێناوی گەورە لە ساڵی (16 ك/ 637 ز) لە نێوان موسوڵمانەكان و ئەو عەجەمانەی دوای شكستی قادسیە لەوێ لەنگەریان گرتبوو وەكو هێڵی دووەمی بەرگریی، لەم شەڕەدا عەجەمەكان شكان و هەڵهاتن، موسوڵمانەكانیش بەدەم كوشتارەوە دوایانكەوتن ، بەجۆرێك كە زەوی لەدوورەوە رەشی دەنواند لە كەڵەكەبوونی تەرمی ئەوان، ژمارەیەكی زۆر كەمیان لێ ڕزگار بوو، لەپاش ئەم سەركەوتنە سەربازییە گەورەیەش عەرەبە موسوڵمانەكان بەردەوام بوون لە پێشڕەوی بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی روباری دیجلە، كاتێك گەشتنە دەروازەكانی شارۆچكەی مەندەلی (بندنیجین) خەڵكەكەی داوای ئەمانیان كرد بەرانبەر بەوەی كە جزیە و خەراج بدەن، دواتریش شاری حەلوان كە تێكەڵەیەك لە كوردی شازنجان و گۆران و هەندێ هۆزی فارسی تێدا نیشتەجێ بوو  بە شەڕ فەتح كرا، چونكە خەڵكەكەی ئیسلامیان قبوڵ نەكرد، پاش شەڕوپێكدادان خەڵكی حەلوان لەگەڵ موسوڵمانەكان رێككەوتن، ئەوانیش جزیە و خەراج بدەن بەرانبەر بەدابینكردنی ئاسایش و ئازادیی هاتوچۆكردن بۆیان  ئەم سوڵحەی حەلوانیش كە پاش كوشتن و بڕینی زۆر هاتبوو بەپێشینەیەك بۆ فەتحكردنی شارەكانی كرمانشاه و ناوچەكانی شارەزوور و چەندین شارەدێ و ناوچەی تری كوردنشین، خەڵكی ئەم ناوچانە كە رازیی بوون جزیە و خەراج بدەن، ئەوەیان كردە مەرج لەسەر موسوڵمانەكان كە “نەكوژرێن، تاڵان نەكرێن، رێگەی هاتوچۆیان لێ نەگیرێت بۆ هەركوێ خۆیان پێیان خۆشە

دەكرێت فەتحی حەلوان بە سەرەتا و دەسپێكی پەیوەندیی كورد و سوپای ئیسلام دابنرێت، چونكە ئەم شارە خاڵی جیاكەرەوەی عێراقی عەرەبی و عێراقی عەجەمییە (هەرێمی چیا) كاتێكیش عەرەبە موسوڵمانەكان حەلوانیان تیپەڕاند و روویانكردە ناوچە كوردنشینەكانی تری هەرێمی چیا رووبەڕووی بەرەنگارییەكی توند بوونەوە، بە تایبەت لە شاری نەهاوەند كە تێكەڵەیەك لە كورد و عەرەبی تێدا دەژیا ، ئەم شارە بوو بە گۆڕەپانی پێكدادانێكی گەورە لە نێوان سوپای موسوڵمانەكان و سوپای عەجەم لە ساڵی 21 ك/ 642 ز ، سەرەنجام فاتیحەكان سەركەوتن و لەبەر گرنگیی ئەم جەنگەش بەفەتحی نەهاوەند خەڵكەكەی ناچاربوون (فتح الفتوح) وتراوە بەرانبەر دابینكردنی پاراستنی گیانیان ئاشتەوایی بكەن.

لە دوای كەوتنی نەهاوەندیش شاری دەینەوەر نەیتوانی لەیەك رۆژ زیاتر بەرەنگاری سوپای ئەبو موسای ئەشعەری ببێتەوە (21 ك/ 642 ز) ، دواتر رێككەوتن لەسەر ئەوەی لەسەر ئاینی خۆیان بمێننەوە و ئاسایشیان بۆ دابین بكرێت لەپای قبوڵكردنی پێشكەشكردنی جزیە و خەراج، هەر ئەمەش وایكرد فه رمانڕەوا فارسەكەی ناوچەی ئازەربایجان مل بۆ سوپای حوزەیفەی كوڕی یەمانى كەچ بكات (22 ك/ 643 ز) و رێككەوتن هەشت هەزار درهەم كۆ بكەنەوە بۆ عەرەبە موسوڵمانەكان لەپای دابینكردنی ئاسایش و هێشتنەوەی پەرستگا زەردەشتییەكەی هەرێمەكە  و پاراستنی گیانی كوردەكانی ئازەربایجان.

دەوڵەتی ساسانی تاوەکو ساڵی 649ز، بەردەوامبوو، واتە تا ئەو کاتەی سوپای موسڵمانان گەیشتنە نەهاوەند. لە دوای هەڵاتنی پاشای ساسانی (یەزگوردی سێیەم) لە بەرەکانی جەنگ و کوژرانی، لە هەمان ساڵدا دەوڵەتی ساسانی کە ماوەی چوار سەدە بوو دەسەڵاتی هەبوو، کۆتایی پێهات. دەرکەوتنی بیروباوەڕی ئایینی ئیسلام لە جەزیرەی عەرەبی و قبوڵکردنی لە لایەن خەڵکانی ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان، بە ڕێگای شەڕ و ئاشتی، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ لاوازبوونی ئەو دەوڵەتە و لێدانێکی گەورەی لە بناغەی دەوڵەتەکەدا.

تەوەری دووەم: ململانێی ئێران-ئیسرایل، ڕووی لێکچوونی مێژوویی

ماوەی چەندەها ساڵە كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل دوژمنی یه‌كترن، كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای گه‌یشتنی به‌ ده‌سه‌ڵات، ئیسرائیلی وه‌ك سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كان له‌ ناوچه‌ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیوە كه‌ ته‌نیا به‌ له‌ناوبردن و سڕینەوەی یه‌كجاری ئیسرائیل، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. له‌ به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل ڕژێمی كۆماری ئیسلامی به‌ دوژمنی سه‌ره‌كی و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ده‌بینێت، هاوكات به‌ پاڵپشتی دابینكردنی چه‌ك و سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ گرووپ و ڕێكخراوه‌ نه‌یاره‌كانی فه‌له‌ستین و لوبنان، ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات.  زۆرینەی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تووندی لە ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە سەرچاوەی گرتووە، لەوەتەی ئیسرائیل دروست بووە بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ فەلەستین و عەرەبدا، دوای شۆڕشی ئێران لە 1979دا، ئەو ململانێیە زیاتر فراوان بوو و تاران خۆی كردە دروست وێژی فەلەستینییەكان و بابەتەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار هێنا، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین ململانێی ئەو دوو وڵاتە لەسەر چییە و تا چەند رژدن لە هەڕەشەكانیان بەرامبەر یەکتر.

ئەگەر بڕوانینە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو سەردەمی محەمەد ڕەزا شا، هەردوو وڵاتی ئێران و ئیسرائیل هاوپەیمانی یەكتر بوون، بەڵام ئەو دۆستایەتییە لەناکاو  هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە 1979 كۆتایی هات، كاتێك ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشەكە ئێران هەڵوێستێكی تووندی دژبەر و نەیارانەی بەرامبەر بە ئیسرائیل ڕاگەیاند و سەركۆنەی ئیسرائیلی كرد بەوەی هێزێكی ئیستعمارییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەیەکی بەردەوام پاڵپشتی لەو گرووپانە كرد كە جەنگی ئیسرائیلیان دەكرد، بەتایبەتی حزبوڵای لوبنانی و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، لە دژی ئیسرائیل. کە حزبوڵڵای لوبنانیش بە ڕەگەز وەک جوولەکە سامی نەژادن، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەرژەوەندی سیاسی بەهێزترە لە ڕەگەز. ئیسرائیل بەشێوەیەک دەڕوانێتە توانای ئێران لە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر مانەوە و بوونی خۆی وەك دەوڵەت ، بۆیەش بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بەردەوام ئیسرائیل لە هەوڵی هێرش کردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بووە. بەهەمان شێوە ئیسرائیل لەپشت كوشتنی چەندین گەورە زانایەکی ئەتۆمی ئێران بووە هەر لە 2010ەوە، جیا لە ژمارەیەکی زۆر لە پەلامار و هێرشی دیکە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان لەناو خودی خاکی ئێراندا. هەرچەندە هەر یەکە لە ئێران و ئیسرائیل لە سەرەتادا بەردەوام خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و فراوان دەپاراست، چونكە بڕوایان وابوو هەرکات روو بدات دەبێتە جەنگێكی گەورە و سەرتاسەری لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت کاریگەری دەبێت لە هەموو جیهان، ئەوەی ئیسرائیل ئامانجییەتی پەكخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و سنوورداركردنی دەسترۆیشتوویی و باڵادەستی ئێرانە لە ناوچەكە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر و فراوانتر نەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو ململانێیەش لە چەند ڕەهەندێکدا خۆی لە ڕەگە مێژووییەکانی ململانیی نێوان ئاری و سامییەکان دەبینێتەوە، لەوانە:

ڕەهەندی جوگرافی

بنەڕەتیترین ململانێ لەسەر خاک و دەسەڵاتی سەرزەوی بوو. کە دوو جۆر ژیانی جیاوازیان هەبوو لەدژیەکدا بوون،  ئارییەکانی چیانیشین بوون، بەهێز و سەرسەخت بوون، بەڵام ئابووریان سنووردار بوو و سامییەکانی دەشتنیشین سامییەکان خەڵکی دەشت و ڕووبار بوون  شارستانییانی زۆربوو، دەوڵەمەندبوون، بەڵام لەبەرامبەر هێرشی دەرەوە لاواز بوون. ئەم جیاوازییەی جوگرافی بووە هۆی ئەوەی هەردوو لایان پێویستیان بە شتی یەکتری هەبێت  ئارییەکان دەیانویست دەشت و سامانی دەشتنیشینان، سامییەکانیش دەیانویست کونترۆڵی چیا بکەن بۆ پاراستنی خۆیان. ئەمەش وایکردبوو بەردەوام لەسەر سنووری نێوانیان کێشەیان هەبێت، ئاشوورییەکان بەردەوام هێرشیان دەکرد بەرەو چیاکانی زاگرۆس بۆ دوو هۆکاری سەرەکی؛ یەکەم، گرتنی برگە و کێڵگە و ئاژەڵ، دووەم، پاراستنی سنووریباکووری ئیمپراتۆریەکەیان لەبەرامبەر هێرشی ئارییەکانی چیاوە. نووسراوەکانی ئاشووری خۆیان ئەم هێرشانەیان تۆمار کردووە بەرانبەر بە گەلانی کوردی چیانیشین، کە دەردەخات ئارییەکان بەردەوام دژایەتییان دەکردووە و قەبووڵیان نەکردووە.

گەر سەرەنج بدەین، ئێستاش، ململانێی ئیسرائیل و ئێران لەسەر هەمان خاکی جوگرافی ئەنجام دەدات کە ئارییەکان و سامییەکانی دێرینە تێیدا ژیاون. ئیران ئەمڕۆ نوێنەری ناوچەی مێژووی ئارییەکانە، ئیسرائیلیش لەسەر خاکی کەنعان نیشتەجێبووە، هەمان ناوچەیەی کە کەنعانییەکانی سامی نەژاد تێیدا ژیابوون. کەواتە سنووری جوگرافی ململانێکە لە مێژووەوە هەتا ئەمڕۆ زۆر نەگۆڕاوە.

ڕەهەندی ئایینی

ئارییەکان و سامییەکان خوداکانی جیاواز هەبوون. سامییەکان  بەتایبەت بابلییەکان خودایەکانی وەکو مردووک، بەل، ئیشتار هەبوون. ئارییەکانیش ئایینی خۆیانیان هەبوو کە دواتر بووە بنەمای ئایینی زەردەشتی. کاتێک یەکێکیان بەسەری تریدا دادەگرت، هەوڵیدەدا خوداکانی خۆی بسەلمێنێت و ئایینەکەی دیکە لاببات، ئەمەش بووە هۆکاری ناڕەزایی و بەردەوامی ململانێ.

ململانێی ئێران – ئیسرائیل، لە دیارترین و ئاڵۆزترین ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "ململانێی ئێران – ئیسرائیلە"، کە مۆرکێکی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی قووڵی هەیە و کاریگەرییەکانی بە تەواوی سیستمی سیاسیی و ئابووریی هەرێمایەتی ناوچەکەدا شۆڕبووەتەوە. لەسەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە لەساڵی ١٩٧٩، سستمی ئێرانی پەیڕەوی گوتارێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئیسرائیل کردووە و بە قەوارەیەکی ناڕەوا و دوژمنی ئیسلامی زانیوە و بەستویەتییەوە بە پرسی قودس و فەلەستینەوە. لەبەرامبەردا ، ئیسرائیل، بە هۆی بانگەشەکانی ئێرانەوە بۆ لەناوبردنی و پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمییەکەی و پشتیوانیکردنی لە بزاوتە بەرهەڵستکارەکانی ئیسرائیل ئێران بە هەڕەشەیەکی وجودی  دەبینێتەوە. هاوکات مەرجەعییەتی ئایدیۆلۆژی ئیسرائیل  لەسەر بنەمای ئەو زایۆنیزمییە سیاسییە دامەزراوە، کە پێیوایە ئیسرائیل دەوڵەتێکی نەتەوەیی جووە و مافی بوون و بەرگری لەخۆکردنی هەیە. پێیوایە ئێران "سەرپەرستی -ڕاعی - ترۆری جیهانییە" و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل.

ڕەهەندی سیاسی و دەسەڵات

ئارییەکان و سامییەکان لەسەر ئەوەی لەسەر کێ دەسەڵاتی ناوچەکەی هەیە دەجەنگیان، ئیسرائیل و ئێرانیش ئەمڕۆ لەسەر هەمان کێشەیەن، ئێران دەیەوێت بەرپرسی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت وەکو هێزی سەرەکی ناوچەیی، ئیسرائیلیش دەیەوێت ئەو دەسەڵاتەی ئێران سنووردار بکات. ئەمەش بەرپێچ ململانێی میدی و ئاشووریە کاتێک هەریەکیان دەیەویست باڵادەستی ناوچەیی هەبێت.

ململانێی سیاسی لە چەند ئاستێکدا خۆی دەبینیەوە، لە یەکەم ئاستدا، کێشە لەسەر کێ فەرمان دەدات بوو  کام دەوڵەت مافی وەرگرتنی باج و کونترۆڵی ناوچەکانی دیکەی هەیە. لە دووەم ئاستدا، کاتێک هێزێک لاواز دەبوو، هێزی دیکە دەیەویست ئەو بوشایییە پڕ بکاتەوە، وەکو کاتێک ئاشوورییەکان لاواز بوون، میتانییەکان و میدییەکان ئەو شوێنەیان گرتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵ بۆ باڵادەستی خۆی دەدات لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکرد بونیادنانی بەرەیەکی بەرگری هەرێمایەتی بێتە ئاراوە، کە حزبوڵای لوبنانی و حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و حوسییەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی عێراقی و هێزەکانی سوریای سەربە ئێرانی (سەردەمی بەشار ئەسەد) دەگرێتەوە. ڕێگری لەوەی، کە بە هەژمونی زایۆنی و خۆرئاوایی دەیبینێت بەسەر ناوچەکەدا، ئەویش بە پشتیوانیکردنی ڕزگارکردنی قودس لەدەست زایۆنیزم.

لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ڕێگریکردن لەهەر نفوزێکی سەربازی ئێرانی لەنزیک سنوری ئیسرائیل، بەتایبەت لە سوریا و لوبنان. پەکخستنی توانا ئەتۆمیی و مووشەکییەکانی ئێران لەڕێی هەموو ئامرازە سەربازی، هەواڵگری، تەکنەلۆژییەکانەوە. پتەوکردنی هاوپەیمانێتییە هەرێمایەتییەکانی وەک (ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم) بۆ دابڕینی ئێران و دەورەدانی نفوزی لە ڕۆژهەڵتی ناوەڕاست. جەخت دەکاتەوە لەسەر مافی بەرگریکردن لەخۆیان و پشتبەست بە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەلایەوە لێدانە پێشوەختییەکانی دژی ئامانجە جیۆستراتیژییە ئێرانییەکان بەشێکە لەو بەرگرییە ڕەوایە. هەر هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر قەوارەی وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە و لەبارەی لەناوبردنی ئیسرائیلەوە وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ لێدوانەکانی ئێران دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئێران بەردەوامە لە پشتگیری سەربازی و دارایی گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا، کە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل. ئەمە وای لە ئیسرائیل کردووە بەرگری بکات و هێرش بکاتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان، واتا ئیسرائیل لە یەک دیوەوە هەڕەشەکان نابینێت، بەڵکو پێی وایە، کە هەبوونی هەر گرووپێک لە ژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی ئێران مەترسییە بۆ وڵاتەکە.

شەڕی ئێران و ئیسرائیل تەنها شەڕێکی نێو دوو وڵات نییە، بەڵکو شەڕێکی ئایدیۆلۆژی و سەربازیشە کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئابوری و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئیسرائیل بە هۆکاری پاراستنی خۆی هێرشی کردووە، بەڵام ئەم شەڕە دەکرێت ببێتە هۆی گەرمبوونی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەردوو ڕووی ئابووری و سیاسی، ئیسرائیل و هەتا دیدی ئیدارەی “ترەمپ” ئەوەیە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی ئێران لە بەرەی ڕۆژهەڵات بگرێ کە چین و ڕوسیا لەو بەرەیەدا یەک ستراتیژ و ئامانجیان هەیە ئەویش کەمکردنەوەی زاڵییەت و هەژموونی ئەمریکایە.

پرسی بوونی چەکی ئەتۆم و ڕێگریکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کە وەکو هۆکارێک بۆ پەرەسەندنی هەژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەیر دەکرێت، هۆکارێکی دیکەی ململانێی سیاسی نێوانیانە، کە ئیسرائیل ئێران بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینێت، بە تایبەت دوای دروشمی "مەرگ بە ئیسرائیل"ەوە، ڕژێمی ئێران و پشتگیری گرووپەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا. ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، دەتوانێت بەکاربهێنێت بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل.

ڕەهەندی ئابووری و بازرگانی

ناوچەی نێوان ئاری و سامی ڕێگای بازرگانییەکی سەرەکی بوو، لە نێوان ئاسیای ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاستدا. کێشە لەسەر کونترۆڵکردنی ئەم ڕێگایانە بوو، چونکە هەرکام دەستی دەگرت بەسەریدا دەتوانی باج و مووچە وەربگرێت لە کاروانەکانەوە. کاشییەکان کاتێک دەستیان گرت بەسەر بابلدا، تەنها سەربازی نەبوو، بەڵکو کونترۆڵی بازرگانی و سامانی ئەو ناوچەیەیان دەویست.

لەگەڵ ئەوەشدا سامییەکان زمانەکانی خۆیان  ئەکەدی، ئاشووری، بابل وەکو زمانی دیپلۆماسی و بازرگانی بەکاردەهێنان. ئارییەکانیش زمانی خۆیانیان بوو. کاتێک یەکێکیان بەسەری تری دادەگرت، زمان و نووسینەکەیشی بەسەر دادەگرت. بۆ نمونە کاشییەکان کاتێک بابلیان داگیر کردن، دوای ماوەیەک زمانی بابلییان فێربوون و بەکاریانهێنا، ئەمەش دەردەخات کەلتووری سامی زۆر کاریگەری هەبووە.

هاوکات ڕەهەندی ئابووری و بازرگانی لە نێوان هەردوو دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل، ململانێیەکی دێرینە، زۆر جار لەسەر کونترۆڵی ڕێگای بازرگانی بوو. ئەمڕۆیش ئێران هەوڵ دەدات ڕێگاکانی کاریگەریەکەی بسەلمێنێت لەڕێگای عێراق، سووریا، لوبنان (حیزبوڵڵا) و غەزەوە، تا بگاتە دەریای ناوەڕاست و سنووری ئیسرائیل. ئیسرائیلیش هەوڵ دەدات ئەو ڕێگایانە ببڕێت. ئەمەش وەک ململانێی کاشی و بابل دەمانهێنێتەوە بیر کونترۆڵی ڕێگا و دەرگا.

ئەنجام

یەکەم: ململانێی ئاری و سامی، تەنیا ململانێیەکی سادەی نەژادی نەبووە، بەڵکو کێشەیەکی ئاڵۆزی بوو کە بنەمای ئابووری، جوگرافی، سیاسی و کەلتووری لەخۆدەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا مێژوو ئەوە دەردەخات هەریەک لە دوو لایانەکە کاتێک پێویستییەکەی هەبووە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوی دیکەی دەکرد، وەکو میدی و بابل لەکاتی لەناوبردنی ئاشووریدا.

دووەم: لەگەڵ بوونی ململانێی دێرینی نێوان ئاری و سامی، لە هەندێک باردا هاوپەنیان هەبووە، ئەویش هاوپەیمانی بەپێی بەرژەوەندی وەکو میدییەکان (ئاری) و بابلییەکان (سامی) یەکگرتن بۆ لەناوبردنی ئاشووریەکان (سامی)، ئەمڕۆیش دەبینین ئێران (ئاری) هاوپەیمانی حەماس و حەزبوڵڵا (سامی-عەرەب) دەکات بەرانبەر بە ئیسرائیل. ئەمەش دەردەخات بەرژەوەندی سیاسی هەمیشە لە نەژاد و ڕەگەز بەهێزتر بووە.

سێیەم: کوردەکان لە مێژوودا خاوەن ناسنامەی شارستانی و دەوڵەتداری بوون، پێش ئەوەی فارسەکان بەرچاو ببنەوە. کاسی، میتانی، حوری و میدی هەموویان ئارییەکانی کوردستانیان بوون کە دەوڵەت و ئیمپراتۆریان هەبووە، ئەمەش دەردەخات زاراوەی ئاریا گشتگیرترە لەوەی تەنیا لە نەتەوەی فارسدا کورتبکرێتەوە.  

چوارەم: تیۆری ئاری نەژاد کە ئەڵمانەکانی سەدەی نۆزدەیەم پەرەیانپێدا، بەکارهێنانێکی سیاسی بوو نەک زانستی، ئەو تیۆرییە مێژووی ئارییەکانی پێچەوانە کردەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان پێیان بسەلمێنن، لەکاتێکدا زانستی شوێنەوار ئەوکاتەکە هێشتا پووختە نەبووە تا ئەو مێژوویە بسەلمێنێت.

پێنجەم: ململانێی ئێستای ئیسرائیل و ئێران بەردەوامی هەمان ئەو کێشە دێرینەیە  کێ دەسەڵاتی ناوچەیی هەیە؟ بەڵام لە بەرگێکی نوێی ئایینی و ئایدۆلۆژیدا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کێشەکانی ناوچەیی ڕەگ و بنیاتی مێژووییان هەیە کە تەنها بە چارەسەری سیاسی یان سەربازی چارەسەر نابن.

شەشەم: زمان و کەلتوور هەمیشە بووەتە بەهێزترین چەکی ململانێ، هەرکام دەستی دەگرت بەسەر ناوچەیەکدا، دەیەویست زمان و ئایین و ناوی خۆی بسەلمێنێت، ئەمەش لەئێستادا بەردەوامە، هەوڵی فارسیکردنی ناوی ئاریا و ئێرانیش نموونەیەکی ئاشکرایە. 

سەرچاوەکان: 

ــ مێژووی کۆنی ڕۆژهەڵاتی نزیک، کەلسومە جەمیل، هەولێر، 2014. 

ــ خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، محەمەدئەمین زەکی، جڵدی یەکەم، تاران، 2021.

ــ نەژادی کورد، ئو.ل.ڤیلچێڤسکی، و. ڕەشاد میران، هەولێر، 2016.

ــ کوردستانی ساسانی و کوردستانی ڕۆمی، لەسەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەکانی ڕاشدیندا، سەلام ناوخۆش، هەولێر، 2016. 

ــ مەملەکەتی مادد، ئەحمەد مەحموود ئەلخەلیل، هەولێر، 2013

ــ کوردستان لەبەردەم فتوحاتی ئیسلامیدا، حەسەن مەحموود حەمە کەریم، سلێمانی، 2007.

ــ کورد و ڕەگەزی ئاری و هیندۆئەروپییەکان.

ــ بنەمای سامییەکان لە چییەوە هاتووە و چۆن دابەش بوونە؟

ــ نەتەوەی سامی لە نێوان چوار وڵاتدا

ــ پانۆڕامای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە کوردستان. 

ــ ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل بۆچی گەیشتە ئەم ئاستە؟ 

ــ ململانێی ئێران_ئیسرائیل

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین