بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی زەریف چ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئێران دەبێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

تۆماره‌ دەنگییەکەی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەعید لەیلاز، بڕیار نەبوو بەو زووانە بڵاو بکرێتەوە، بەڵام ڕەنگە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە کاریگەری زیاتری لەسەر بارودۆخی ئێران هەبێت. لەوانەیە لە ماوەیه‌ى كورتدا کاریگەرییەکەی لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی کە کەمتر لە دوو مانگی تر بەڕێوە دەچێ ببینین.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕوویداد ٢٤" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین جار لەمیانەی گفتوگۆ بڵاوکراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە هۆگرییەکی بۆ ڕوانگە ڕیالیستییەکان و مۆرگێنتا نییە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو قسانە، زەریف بنەمایەکی سەرەکی قوتابخانەی ڕیالیزمی نێودەوڵەتی وەبیری بەردەنگ هێناوەتەوە، ئەویش جەخت کردن لەوەیە کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە هەموو شتێکی تر و لەوانە "پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرێکی تایبەت لە جیهاندا"، "مەیدان" یان "ناکۆکی لایەنە ناوخۆییەکان" گرنگترە. 

تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ى زه‌ریف 
كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ئێران ده‌بێت
 


بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی زەریف مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ڕووداوێکە کە لە ئەمریکا پێی دەڵێن سەرسامیی ئوکتوبەر (October surprise). واتە هەواڵێک کە مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە مانگی نۆڤەمبەردا بە ئەنقەست یان نائەنقەست بڵاو دەکرێتەوە و لەسەر هەڵبژاردنەکان کاریگەری دادەنێت. بۆ نموونە قەیرانی بارمتەگرتنی باڵوێز و کارمەندەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا و کاریگەرییان لە شکستی کارتەر لە ساڵی ١٩٨٠، ئاشکرابوونی ئێران- کۆنترا لە ساڵی ١٩٩٢ و بڵاوبوونەوەی ئیمەیلەکانی هیلاری کلینتۆن لە ساڵی ٢٠١٦دا کە بووە هۆی شکستی لە هەڵبژاردنەکاندا، لەو ڕووداوانەن.  


لە ئێرانیش لە مانگی نیساندا کە مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییە لەو وڵاتەدا، ڕووداوی هاوشیوە دێنە ئاراوە. لە نیسانی ١٩٩٧دا بڵاوبوونەوەی چەند بەشێک لە گفتوگۆ نهێنییەکانی محەمەد جەواد لاریجانی لەگەڵ "نیک براون" دیپلۆماتکاری بەریتانیی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و لەسەر هەڵبژاردنەکان کاریگەری دانا. لاریجانی لە دیدارێکی نهێنیدا بە نیک براونى گوتبوو سەرکەوتنی محافیزەکاران لە ئێران دەتوانێ بەرژوەندییەکانی بەریتانیا و ڕۆژئاوا دابین بکات و هەوڵی دابوو بە نیشاندانی سیمایەکی ڕادیکاڵ لە ڕیفورومخوازەکان و بە تایبەت لە محەمەد خاتەمی ئەو کاندیدەی کە درووشمی ڕێفورمخوازی هەڵگرتبوو، بەریتانیا هان بدات پشتیوانی لە سەرکەوتنی محافیزەکاران لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێراندا بکات. ئاشکرابوونی ئەو دیدارە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی محافیزەکاران لە ئێران و ڕێفورمخوازان سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست هێنا. 


هەروەها بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی لێدوانەکانی قالیباف [سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی ئێران] لە کۆبوونەوەی ئەندامانی بەسیج لە نیسانی ساڵی ٢٠١٣دا کە نیشانی دەدا لە سەرکوتی خوێندکارانی ناڕازی زانکۆی تاران دەستی هەبووە، بە فەرمی بووە هۆی شکستی قالیباف لە بەرانبەر حەسەن ڕۆحانیدا. ڕۆحانی بە کەڵکوەرگرتن لەو فایلە دەنگییە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا قالیبافی بەوە تاوانبار کرد لە سەرکوتکردنی خوێندکاران دەستی هەبووە و گوتی من بە پێچەوانەی تۆ "فەرماندە" نیم بەڵکو "یاسازان"م. ئەگەر بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی زەریف بە سەرسامیی نیسانی ئه‌مساڵ دابنەین پێویستە کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵبژاردنەکان لە لەبەرچاو بگرین.

دەبێ ئەوە کۆتایی کاندیدبوونی زەریف لە هەڵبژاردنەکان بێت؟


بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە سەرنج بدرێتە کاردانەوە و شیکاریی و لێدوانەکانی ئەو کەسایەتیی و میدیایانەی کە نزیکن لە ناوەندەکانی دیاریکردنی لێهاتوویی و شایستەیی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران. یەکێک لە گرنگترین کاردانەوەکان چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی فایلەکە، لە لایەن هەواڵنێریی "فارس" نزیک لە سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە. شیکارییەکەی هەواڵنێریی فارس لە هەموو میدیاکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە سوپای پاسداران باڵاو کراوەتە. هەواڵنێریی فارس لەو شیکارییەدا ڕایگەیاندووە زەریف بەو فایلە دەنگییە و وەستانەوە لە بەرانبەر "پاڵەوانی مەیدان"دا گەیشتە "لە ڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە لە ناو چوو".  
"فارس" لە ڕاپۆرتێکی تردا وێرای ئاماژە کردن بە قسەکانی زەریف دەربارەی قاسم سلێمانی گوتوویەتی "تێچووی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کەسایەتییەکی خۆشەویستی وڵات، قورس دەبێت". ئەو هەواڵنێرییە کە وەک گریمانەیەک باس لەوە دەکات "زەریف بووەتە قورباییی" دەڵێت، بەرەی ڕیفۆرمخوازان لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی خۆشەویستی فەرماندە سلێمانی بۆ ڕێفورمخوازەکان و زەریف بێهیوا بوون و بۆیە بەرەو هێنانە ئارای دیسکۆرسێکی نوێ ڕاکێشران کە بریتییە لە خۆ دوورخستنەوە لە فەرماندە سلێمانی. 
عەلی خزریان نوێنەری پەرلەمانی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە زەریف لە ڕووی شیکارییەوە دواکەوتووە و هەر ئەو دوواکەوتووییە بەسە " بۆ کۆتاییهانتنی تەمەنی سیاسیی". 
هاوکات ڕوانگەیێکی تریش سەری هەڵداوە و لایەنگرانی ئەو ڕوانگەیە پێیان وایە زەریف و دەوروبەرییەکانی خۆیان فایلەکەیان بڵاو کردووەتەوە، بۆیە دەڵێن زەریف شیاوی کاندیدبوون بۆ سەرۆک کۆماریی نییە. سەید نیزام موسەوی نوێنەری پەرلەمانی ئێران ڕوو لە زەریف گوتوویەتی "هەر ئەوەی کە فایلە دەنگییەکەی بەڕێزتان یەکەم جار لە کەناڵی سەر بە سعوودییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەیسەلمێنێ ئەوەی کە ئێوە لە هێرش بۆ سەر عەین ئەسەد و سەفەری بەشار ئەسەد بۆ تاران ئاگادار نەکراونەتەوە کارێکی زۆر ورد و درووست و زیرەکانە بووە!". ئەمیر حسێن سابتی پێشکەشکاری کەناڵی "ئۆفۆق" کە سەر بە سوپای پاسدارانە بانگەشەیەکی هاوشێوەی کردووە و بە زەریفی گوتووە دەوروبەری پڕە لە سیخوڕ. دەستەیەکی تر لەوەش توندترن و داوایان کردووە زەریف دەستبەسەر بکرێت. 

ناوه‌ڕۆكى قسه‌كانى زه‌ریف بۆ خه‌ڵكى ئێران نوێ نییه‌


بەڵام سەردێڕی ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆ (سێشەممە)ی ئێران ڕەخنەیان تێپەڕاندووە و بە کردەوە نیشانیان داوە تێچووی هەر قسەیەک کە پێچەوانەی ڕوانگەی محافیزەکاران بێت، ئێجگار زۆرە. بە تایبەت ڕۆژنامەی "وه‌ته‌ن ئیمروز" سەردێڕێکی پڕ لە ئیهانەی هەڵبژاردووە و زەریفی بە "سووک" ناوبردووە. هەروەها ڕۆژنامەی "رسالت" سەردێڕی "ناهاوڕێی" هەڵبژاردووە. 
هیچ یەک لەو ڕۆژنامانە باسیان لە وردەکاریی فایلەکە نەکردووە، بۆ نموونە ڕوونیان نەکردووەتەوە کە "بۆچی لە دیدی ئەوانەوە مەیدان گرنگترە" یان نەیانگوتووە "مەیدان چ یارمەتییەکی بە دیپلۆماسی کردووە". ئەگەر هەر کام لە نەیارانی زەریف باسیان لەو خاڵانە بکردایێت و ڕەخنەیان لە قسەکانی زەریف گرتایێت و بە بەڵگە نیشانیان بدایەت کە بۆ نموونە وەزیری دەرەوە لە باسەکەیدا سەبارەت بە سەردانەکەی فەرماندە سلێمانی بۆ ڕووسیا هەڵەی کردووە یان بۆ نموونە گەشتی فڕۆکەکانی کۆمپانیای "هما" فڵانە دەستکەوتی هەبووە، دەکرا بڕوا بەوە بکەیت کە مەبەستی ئەوان ڕەخنەگرتنە بەڵام ئەو هێرشە هەمەلایەنە نیشانی دەدات، بڕیارە شتێکی تر بقەومێت. 
سەردێڕی هەموو ئەو ڕۆژنامانە لە کاتێکدا نووسراون کە زەریف وەک نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە سەفەرێکی دەرەوەدایە، بۆیە ئاساییترین حاڵەت ئەوە بوو کە ئەگەر بە ڕاستی دەسەڵات بڕوای بە بیروبۆچوونەکانی وەزیری دەرەوەی خۆی نییە، وەلای بنێت، نەک ئەوەی لە میانەی سەفەریکی دەرەکی گرنگدا بەو جۆرە هێرش بکاتە سەری.

کاریگەری فایلە دەنگییەکە لەسەر بیروڕای گشتیی چۆنە؟


ناوەڕۆکی دیمانەکەی زەریف و لەیلاز بابەتێکی نوێی بۆ خەڵک تێدا نییە، بەڵام وێنایەکی کۆنی پشتڕاست کردووەتەوە و ئەو وێنایە بە شێوەیەکی ڕوونتر نیشان دراوە. زەریف لەو دیمانەیەدا هەبوونی دوو دەسەڵات لە وڵاتدا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەوەی هەیە "تاقە دەسەڵاتی مەیدان"ە. ئەو مەیدانەی کە لەژێر دەستی هێزە چەکدارەکاندایە. 
زەریف لەو دیمانەیەدا چەندین نموونە لە بێ ئاگایی حکومەت لە گۆڕانکارییەکانی وڵات و کاریگەریی هێزە سەربازییەکان لەسەر گفتوگۆکان دەگێڕێتەوە. هەرچەندە زەریف بە ئاشکرا لەو نائاگاییە وەڕەسە، بەڵام دانی پێدا دەنێت خەڵک خۆیان بە هەر هۆکارێک بێت مەیدانیان هەڵبژاردووە. زەریف کەمبوونی ژمارەی دەنگەکانی خۆی لە ڕاپرسییەکاندا لە بەراورد لەگەڵ دەنگەکانی قاسم سلێمانی و بەشداری بەرفراوانی خەڵک لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی سلێمانی وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو قسەیەی خۆی دەهێنێتەوە. 
چاوخشاندنێک بەسەر کاردانەوەکان لە بەرانبەر ئەو فایلە دەنگییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرخەری ئەوەیە کە نەیارانی زەریف لە دژایەتیکردنەکەیاندا دڵنیاتر بوونەتەوە و ئێستا زیاتر لە جاران دژایەتی دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی دەنگەکانیان یەکلایی نەبوونەتەوە، بەرەو زەریف ڕاکێشراون. بەڵگەکان نیشاندەری ئەوەن خۆشەویستیی زەریف لە بیروڕای گشتیدا بەرز بووەتەوە. هەرچەندە ڕەنگە ئەو خۆشەویستییە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا خۆی دەرنەخات.

چارەنووسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو چی دەبێت؟ 


ئەو لایەنەی کە هەوڵی سڕینەوەی زەریف لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەدات، باسێکی تر دووپات دەکاتەوە، ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە لە ڕاستیدا زەمینە بۆ ڕووداوی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٩ فەراهەم دەکات[ مەبەست خۆپیشاندانەکانی دوای دەسەڵاتگرتنی ئەحمەدینژاد]. میدیاکانی نزیک لە ناوەندە سەربازییەکان بە شێوەیەکی هاودەنگ باسی ئەوە دەکەن کە ئامانجی کۆتایی ئەو کەسانەی ئەو فایلەیان بڵاو کردووەتەوە "تۆراندنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان"ە و دەڵێن ناوی نهێنی "فیتنە"ی ئەمجارە بریتییە لە "مەیدان". محەمەد حسێن پویانفەر چالاکی سیاسیی نزیک لە محافیزەکاران لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسیویەتی ئاگاداری "فیتنەی زەریف" لە لایەن "ئاشنا"کانەوە بن. [جێگای ئاماژەیە خامنەیی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٣ی بە فیتنە ناو بردبوو. هەروەها بەکار‌هێنانی وشەی "ئاشنا" لە تویتەکەی پویانفەردا ئاماژەیە بۆ ناوی حیسامەدین ئاشنا کە لە ئێستادا ڕاوێژکاری کلتوریی سەرۆک کۆماری ئێرانە و میدیاکانی نزیک لە سوپا دەڵێن دەستی هەیە لە بڵاوکردنەوەی ئەو فایلەدا]. 
سەرەڕای ئەو ڕوانگەیە، ڕوانگەیێکی پێچەوانە لە ئارادایە و چاوەڕوانی ئەوەیە هەڕەشەی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە بکات بە دەرفەتێک بۆ دەستپێکی ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەکی هاوتەریب لە ئێران. 
زەریف خۆی لەو دیمانەیەدا تۆرانی خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان بە هۆکاری دەسەڵاتگرتنی بەرەی ڕادیکاڵ و توندڕۆ دەزانێت. زەریف دەڵێت ئەنجامی سیاسەتەکانی دەسەڵات ئەوە بووە کە سیاسەت بە شێوەی تاک لایەنی و بە شێوەی شەڕی سارد دەبینێت و لە جیاتی پشتبەستن بە هێزی گەل، دڵیان بە مەیدان خۆش کردووە. 
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی رویداد ٢٤دا هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە، خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەبارەت بە بەشداریکردنی کەسایەتییە سەربازییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا هەستیارتر دەبنەوە، هەرچەندە ئەزموونی هەڵبژاردنە پێشووەکانیش دەرخەری ئەوەیە خەڵکی ئێران هەرگیز مەیلیان بۆ ئەوە نەبووە کەسایەتییە سەربازییەکان وەک سەرۆکی حکومەت دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. بەڵام دوای دیمانەکەی زەریف ئەگەری دەسەڵاتگرتنی کەسایەتییە سەربازییەکان ئێجگار کەم دەبێتەوە و هەموو کاندیدەکان ناچارن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە ئایا "مەیدان" لایان گرنگترە یان "دیپلۆماسی؟" بێ گومان وەڵامەکانیان کاریگەری دەبێت لەسەر چارەنووسی هەڵبژاردنەکان. 
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە بەرانبەر نفوزی دەوڵەتێکی دەرەکی (ڕووسیا) دەبێتە باسێکی جێی مشتومڕ و ئەگەر ئەمجارە دووانەی مەیدان- دیپلۆماسی ببێتە باسی هەڵبژاردنەکان، ڕەنگە دەبێ چاوەڕوانی ئەنجامی هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی  ساڵی ٢٠١٣ بین. [شکستی محافتزەکاران لە بەرانبەر ڕێفورمخوازندا]  


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین