مۆرکی ژنانە بە نیگارە کەوناراکانەوە
نووسینی: ڕاز ئەسعەد
ئێمە وا ڕاهاتووین کە باسی مێژووی کەونارا و مرۆڤی دێرین دەکرێت و کاتێک نمونە و جێ دەستەکانیان دەبینین، بەردەوام باسەکە لەسەر پیاوە، بەدەگمەنیش باسی ڕۆڵی ژن ناکرێت. وەک ئەوەی ژن لەو قۆناغەدا بوونی نەبووبێت، سەرچاوەی خواردنی مرۆڤی ئەو سەردەمە بەروبوومی ڕووەکە خۆڕسکەکان و ئەو ئاژەڵانە بووە، کە پیاوان ڕاویان کردووە. هەربۆیە بەردەوام ئەو پرسیارە لە مێشکمدا دەوروژێت، کە ئایا لەو کاتەدا ژنەکان لە کوێبوون و سەرقاڵی چی بوون؟
نیگاری سەر ئەشکەوتەکان یەکەمین تۆماری نووسراوەن، تەنانەت پێش دەرکەوتنی خودی نووسینیش کەوتوون. ئەم نیگارانە کارێکی مەزنی مرۆڤە سەرەتاییەکانن، سەرچاوەی زانیارین لە بارەی شێوازی کارکردن و پەرستش و چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان و مێژوویەکی گرنگی ئەو سەردەمە دەگێڕنەوە. لە ڕاستیدا ئەم نیگارانە بنەڕەت و سەرەتای هونەری شێوەکارییە و لە ئەشکەوتەکانەوە دەستی پێکردووە. وێنەی ئەو ئاژەڵانەی کە تیریان لێدراوە و ڕاوکراون، هەڵگری چەندین ئاماژە و هەندێک جاریش هێمابەخشی ئایینیان لێدەخوێندرێتەوە.
بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکدانەوانەی تا ئێستا هەن، پیاوان کردەی ڕاوکردنیان ئەنجامداوە، مێژووش هەر بەو شێوەیە نووسراوەتە کە نیگاری سەر دیواری نێو ئەشکەوتەکانیش هەر کاری پیاوان بووە، واتە پیاو خەریکی ڕاو بووە. کاتێک هاتووەتەوە ماڵ لە ڕاوکردن لە جیاتی پشوودان وێنەی کێشاوە. ئەی کەواتە بەشداری ژنان لە چیدا بووە؟ ئەمە نالۆژیکییە و لێرەوە پەراوێزخستنی ژن دەبێتە بابەتێکی زەق و دەروازەی چەندین توێژینەوەی نوێ، چونکە مێژووی وێنەکێشان، کە لە پێش مێژووە دەستپێدەکات، جێ دەستی ژنانەی پێوە دیارە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەرەو ئاراستەیەکی نوێ دەچن و لاپەڕە تۆز لەسەر نیشتووەکانی مێژوو ، ئاوێزان بە ڕۆڵی ژنان دەکەن و ژن دێننەوە ناو مێژوو.
پڕۆفیسۆر (Dean Snow)، ئەنترۆپۆلۆژیست لە زانکۆی ویلایەتی پێنسلڤانیا Pennsyivania))لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی شیکاریدا، سەردانی ژمارەیەک ئەشکەوتی دێرین و بەناوبانگی لە فەرەنسا و ئیسپانیا کرد، لەوانە ئەشکەوتی بە ناوبانگی (El Castillo) لە ئیسپانیا، کە مێژووەکەی بۆ ٢٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها ئەشکەوتەکانی (Gargad) لە فەڕەنسا، کە بە چەندین ڕێگەی تایبەت بە شێوازی دەست و پەنجەکان و بە بەکارهێنانی چەندین تەکنیکی پێشکەوتووەوە، توانی بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ژنان کۆنترین تابلۆی هونەری ئەشکەوتەکانیان نەخشاندووە. بەشێوەیەک (٧٥٪)ی وێنەکان لەلایەن ژنانەوە کێشراون نەک پیاوان، ئەم ڕێژەیەش دەکاتە ڕێژەی سێ لەسەر چواری هەموو نیگاری ئەشکەوتەکان.
ئەم ئەنجامە شۆکهێنەرە مشتومڕێکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ڕوانگەی لۆرواوە ئەگەرچی هەندێک نیشانەی سەر ئەشکەوتەکان بۆ هەردوو ڕەگەز دەگەڕێنەوە، بەڵام ئاماژە و جێ دەستی ژنان بە بەراورد بە پیاوان زیاترە و لە ڕاستییەوە نزیکترە.
وێنە و نیگاری سەر ئەشکەوتەکان، سەرلەنوێ ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ژن بزوێنەری بزوتنەوەی مێژووە و وەک پیاو بکەری سەرەکییە، نەک بەشدار و هاوبەشی پیاو، دەیسەلمێنێت ژن بوونیادنەری ژیان و ژیارە، لە ئەشکەوتەکانەوە دەستی پێکردووە و ئەو نیگارانەش بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن بۆ ڕاستی تیۆرەکان. ئەگەر سەردەم سەردەمی قوڵبوونەوە بێت لە نێو ڕاستییە مێژووییەکاندا و کاتی چاوخشاندنەوە بێت بۆ دەرخستنی شاردراوەکان، کەواتە هەڵدانەوەی مێژووی ژن و گێڕانەوەی ڕاستییەکان بۆ دۆخی خۆیان، ڕێگا ڕاستەکەی نووسینەوەی مێژوویەکی گشتگیرە و کۆتاییهێنانە بەو مێژووە پیاوانەیەی ژنی پەراوێزخستووە.

سەرچاوەکان
1-عمر علی مصطفی، آلاء أحمد، تمثلات الایقونة الحاکمة في الرسم الأوروبي الحدیث، Basrabh Arts Journal, (BJ)،lssue No.26, 2023.
2-فیراس سەواح، نهێنی عەشتار خوداوەندێتیی مێینە و ڕەچەڵەکی ئاین و ئەفسانە، و:ئیبراهیم فەتاح، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چ١، سلێمانی،٢٠١٠.
3. ئاندرێ میشێل، بزوتنەوەی ژنان، و: خالید عەلیزادە، چاپخانەی بینایی، سلێمانی، ٢٠١٥.
4. محمد منصور، البشر و نیاندرتال، جریدة الشرق، ٨/٩/٢٠٢٣.
5.Virginia Hughes: Were the First Artists Mostly Women? October 10, 2013. In-text citation: (Nationalgeographic.com, 2018. https://www.nationalgeographic.com/adventure/article/131008-women-handprints-oldest-neolithic-cave-art.
6. Liz Fuller-Wright, Correspondent: Were most cave painters’ women? Their handprints say yes, October 16, 2013.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment