زەریف: حکومەت بڕیاری داوە لەبارەی حیجابەوە گوشار لەسەر ژنان دروست نەکات هەواڵ

نوچەنێت: ئافرەتان

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا دەڵێت، کۆماری ئیسلامی "بڕیاریداوە لەبارەی حیجابەوە گوشار لەسەر ژنان دروست نەکات".

ڕۆژی چوارشەممە ( 22/کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (رادیۆفەردا) محەمەد جەواد زەریف، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە بواری ستراتیژی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، رایگەیاند: ئەگەر بە شەقامەکانی تاراندا بڕۆن، بۆتان دەردەکەوێت کە بەشێک لە ژنان لەچک ناکەن، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە نایاساییە، بەڵام حکومەت بڕیاری داوە گوشار نەخاتە سەر ژنان".

لە بارەی ئەم بڕیارەوە، کە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران نوێیە، محەمەد جەواد زەریف گوتی ئەمە "بەڵێنێکە کە پزیشکیان (سەرۆک کۆمار) دابووی و بە هەوڵەکانی سەرۆککۆمار، ڕەزامەندی بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانەش سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، ئەنجامدراوە".

جێگری پزیشکیان ئاماژە بەوەشدەکات، کە لە ئێستادا چوار ئەندامی کابینەی حکومەت ژنن، پێی وایە ئەم چوار ئەندامەی حکومەت "خۆیان هەڵیانبژاردووە باڵاپۆشن، چونکە باوەڕیان بە یاساکانی وڵات هەیە".

سەبارەت بە "لێبوردەیی" لەگەڵ پرسی پابەند نەبوون بە حیجابی زۆرەملێ، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، ئەم بڕیارە بە ئاراستەی "هەنگاونان بە ئاراستەیەکی دروست" دراوە، بەڵام بەس نییە و تەنها هەنگاوێکی سەرەتاییە.

لە ڕۆژی (13/ئەیلول/2022) کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز، لە شاری تاران بەبیانووی ئەوەی کە "حیجابەکەی ناتەواوبووە" ئەشکەنجە دەدرێت دوای ئەو ئەشکەنجەدانە سێ ڕۆژ لە ژێر چاودێری چڕدادەمێنێتەوە، دوای ئەوەی لە ڕۆژی (16/ئەیلول/2022) گیان لە دەستدەدات. بەم هۆیەوە خۆپیشاندان لەسەرانسەری شارەکانی کوردستان ئەنجام درا، دەیان کەس کوژران و برینداربوون.

دوای ئەو ناڕەزاییانە کە بە (شۆڕشی ژینا) ناوبراوە، دام دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت، زۆر هەوڵیان دا کە ژنان پابەندی حیجابی زۆرەملێ بن، سزاکانی وەکو: داخستنی دوکان، فرۆشگاکان، کافتریا و رێستورانت دران، بەڵام بێ سودبوو. تادەهات ژنان زیاتر سەرپۆشەکانیان فڕێدەدا.  دواترین هەوڵشیان کاتێک بوو کە ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا.

 ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران کە لەژێر دەستی توندڕەوەکاندایە، یاسایەکیان بە ناوی "عفاف و حجاب" پەسەند کرد، کە سزای وەک "پێبژاردنی دەیان ملیۆن تمەن، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و زیندانیکردنی ماوە زۆر" بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی بەرەنگاری یاسای حیجابی زۆرەملێ دەکەن دیاری کرا. ئەمەش هەر شکستی هێنا و نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە سڕ کرا، چونکە سەرۆک کۆمار لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەم پرۆژەیاسایە کە پەسەندکراوە قابیلی جێبەجێکردن نییە و کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین