عێراق هەنگاوەكانی دروستكردنی ڕێگەی گەشەی دەستپێكرد وەرگێڕان

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمساڵی لەگەڵ دەستەی باڵای پڕۆژەی پەرەپێدانی ڕێگاوبان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئۆلیڤەر وایمان ئەنجامدا، بۆ لابردنی بەربەستەكانی دەستپێكردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشە.

ڕۆژی چوارشەممە (22/کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەتەکانی دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە کە داتاکانیان پێشکەش بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆلیڤەر وایمان بکەن بۆ ئاسانکاری بۆ داڕشتنی دیدگایەکی گشتگیر بۆ پڕۆژەی ڕێگەی گەشە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دوایین پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەی خستەڕوو کە پێنج پڕۆژەی سەرەکی بەندەری گراند فاو دەگرێتەوە، هەروەها جەختی لە بەپەلە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانە کردووەتەوە کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون و تەواوکردنی کارەکان لە کاتی خۆیدا.

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، سوودانی بیروڕای کۆمپانیای راوێژکاری وەرگرتووە سەبارەت بە شێوازی ئابووری پڕۆژەکە، كە بەکارهێنانی نوێترین تەكنەلۆژیا و تەکنیکی مۆدێرن لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشە بە گرنگ وەسف کردووە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پلانی ئاسایشی پڕۆژەکە و پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی چوار لایەنی ئەم دواییانە کرا، کە وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، ئیمارات، تورکیا و قەتەر ئامادەی بوون بۆ گفتوگۆکردنی دوایین پێشکەوتنەکانی ڕێگەی گەشە.

هەروەک لە ڕاپۆرتێکی نوچە نێت دا هاتووە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشە بۆ تورکیا گرینگییەکی ستراتیجی هەیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی. ئۆراڵئۆغڵوو بە جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی دۆخی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی تورکیا بەم پڕۆژەیە دەڵێت، "بەم پڕۆژەیە، لە بەندەری فاوەوە تا لەندەن دەتوانین بە شەمەندەفەر و ڕێگەوبان بەبێ وەستان بگەین بە هەموو وڵاتێکی ئەورووپایی."

تورکیا ستراتیجیی هاوبەش یان دروستکردنی ڕێڕەوی جیاواز لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات یان باکوور و باشووری بۆ ئەوە دەوێت کە ئاسایشی ئابووری خۆی زیاتر بکات، لە بەرانبەر گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و فشارە نێودەوڵەتییەکان خۆڕاگرتر بجوولێتەوە و هێزی دانوستاندنەکانی خۆی لە هاوکێشە جیهانییەکاندا زیاتر بکات.

هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش، ئەم پڕۆژەیەی بە، "رێگەیەکی ئاوریشمی نوێ کە خزمەت بە ئاشتی ناوچەکە دەکات پێناسە کردووە".

لە بەرامبەردا بەغداش پڕۆژەی ڕێگەی گەشە وەک دەرفەتێکی ناوازە بۆ خێراکردنی گەشەی ئابووری، کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و پێشبردنی ژێرخانی وڵات سەیر دەکرێت. ڕەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، پێی وایە پڕۆژەی ڕێگەی گەشە، عێراق بە تۆڕە بازرگانییە جیهانییەکانەوە دەبەستێتەوە و ئەم وڵاتە دەکاتە ناوەندێکی گرینگی گواستنەوە.

ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا پێداویستییە ناوخۆیییەکانی عێراق دابین دەکات، بەڵکوو بەشێک لە پێداویستییەکانی وڵاتانی دیکەی کەنداویش بۆ گواستنەوەی کاڵاکان چارەسەر دەکات. لەم ڕانگەیەوە بەغدا لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەرفەتی ڕۆڵگێڕانی زیاتری لە کەنداو دەبێت و دەتوانێت جارێکی تر پێگەی خۆی لەم ناوچەیەدا بەدەست بهێنێتەوە.

پڕۆژەی ڕێگەی گەشە سەرەڕای بڕیارەکانی تورکیا و عێراق بۆ جێبەجێکردنی، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری جددی دەبێتەوە. ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکە و بە تایبەت لەگەڵ ئێران و هەروەها کاردانەوەی نادیاری زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و نەبوونی هەڵوێستی ڕوونی چین لەم بوارەدا، هاوکات لەگەڵ ئاستەنگە ناوخۆیییەکانی عێراق، سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەی نادیار و لێڵ کردووە.

جێگەی ئاماژە پێدانە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشە لە عێراق (1,275) کیلۆمەترە ڕێگەی شەمەندەفەر و ڕێگەی وشكانی دەگرێتەوە کە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی کەلوپەل لە نێوان ئەوروپا و ناوچەی کەنداو دیزاین کراوە. پێشبینی دەکرێت تێچووی بازرگانی نێوان چین و ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە و وزە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بەهۆی یەدەگی نەوتی عێراق چونکە عێراق نزیکەی (10٪) ی یەدەگی نەوتی جیهانی هەیە، (5٪) ی بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنێت. بۆیە ئەم سوودە ستراتیجییە کاریگەری پڕۆژەکە لەسەر بازرگانی هەرێم زیاد بکات.

بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەکە بە (17) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە کە (6.5) ملیار دۆلار بۆ ڕێگا خێراکان و (10.5) ملیار دۆلار بۆ هێڵی شەمەندەفەری کارەبایی تەرخانکراوە. سەرەڕای گۆڕینی شێوازی بازرگانی هەرێمی، چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی پرۆژەکەوە لە قۆناغی یەکەمدا (100) هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و ئەگەری هەیە تا کۆتایی تەواوبوونی بگاتە یەک ملیۆن هەلی کار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین