زیاتر لە پێنج هەزار ژنی نەیجیری لە عێڕاق چارەنووسیان ناڕوونە هەواڵ

نوچەنێت: ئافرەتان

زیاتر لە پێنج هەزار ژنی نەیجیری بەبیانووی کارکردن هێنراونەتە عێڕاق و ئێستا گیریان خواردووە، ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. دەزگای نیشتیمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە نەیجیریا دەڵێت: دەستمان بە لێکۆڵێنەوە کردووە.

ڕۆژی (22/کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (intellinews) بڵاوی کردەوە، سەرۆکی کۆمسیۆنی ڕەوەندی نەیجیریا ڕایگەیاند: نزیکەی پێنج هەزار ژنی نەیجیری لە عێڕاق گیریان خواردووە.

ئەبیکە دابیری-ئێرێوا، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمیسیۆنی نەیجیریا (NIDCOM)، لەکاتی قسەکردن لەسەر سیمینارێکی وەبەرهێنانی ناوچەیی لە لاگۆس، کە ئامادەبوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سەرسام کرد. کاتێک گوتی: نزیکەی پێنج هەزار ژنی نەیجیری، بەبیانووی کارکردن چوونەتە عێڕاق بەڵام ئێستا دەستگیرکراون یانیش گیریان خواردووەو ناتوانن بگەڕێنەوە. 

سەرۆکی کۆمسیۆنی ڕەوەندی نەیجیریا ئاماژەی بە حاڵەتی گیان لە دەستدانی ژنێک کرد لە عێراق و گوتی" ژنێک کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ڕەوانەی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی وەک چاودێرێک کار بکات، لە ژێر بارودۆخێکی نهێنیدا گیانی لەدەستداوە، دەسەڵاتدارانی عێراقیش ئاگاداری مردنی ئەو ژنە بوون. ئێستا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی نەیجیریا، هاوکاری گەڕاندنەوەی تەرمەکە دەکات بۆ وڵاتەکەی و ئەنجامدانی پشکنینی جەستەی".

دەزگای نیشتمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە نەیجیریا (NAPTIP) دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە دامەزرێنەرانی کاری ناپاک و بازرگانیکردن بە ژنانی نەیجیری.

فاتیمە وەزیری، بەڕێوەبەری گشتی ناپتیپ، جەختی لەسەر پێویستی بەپەلەی هۆشیاری گشتی بۆ ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی زیاتر کردەوە و داوای لە خەڵکی نەیجیریا کرد، کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگاندن بۆ ئۆفەرەکانی کار لە دەرەوەی وڵات بکەن و پێش بڕیاردان بەدوای زانیاری باوەڕپێکراودا بگەڕێن.

ئەم گوتانە لە کاتی وۆرک شۆپێکدا هاتووە، کە ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنانی ڕەوەند بوو لە باشوری ڕۆژئاوای نەیجیریا.

پێشتریش فاتیمە وەزیری ، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای نیشتمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە نەیجیریا لە ساڵی 2024 لە راگەیێندراوێکدا گوتی "زۆربەی ئەو ژنە گەنجە نەیجیرییانەی لە عێراقدا کاردەکەن، بە چەندین شێوە رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، لەوانەش ھەراسانکردنی سێکسی و زۆربەیان دەستیانکردووە بە داوای ھاوکاریکردن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین