سوودانی: عێراق سوتاندنی گازی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردۆتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق (70٪) کەمکردنەوەی سوتاندنی گازی بەدەستهێناوە کە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆن و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزە.

ڕۆژی سێشەممە (28/کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی وزەی عێراق لە بەغدا باسی لە، "هەنگاوەکانی عێراق کرد سەبارەت بە کەمکردنەوەی سووتاندنی گاز و ئەم دەستکەوتەی بە بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێگای گەشە وەسف کرد".

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی، "ئامانج لە پڕۆژەی ڕێگای گەشە دانانی عێراقە وەک ناوەندێکی گواستنەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا، بازاڕەکانی جیهان و لە هەمان کاتدا گەشەی ئابووری بەردەوامە".

سوودانی دەشڵێت، "پێشینەی کارکردنی ئێمە وەستاندنی سوتاندنی گاز بوو، (70٪)ی ئەم ئامانجەمان بەدەستهێناوە، چونکە لە ڕێگەیەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دەردانی گازەکان و بەفیڕۆدانی وزە کەم دەکاتەوە."

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، "وڵاتەکەمان بە چەند ڕێوشوێنێک هەنگاوی ناوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە وەک زیادکردنی سەرچاوەکانی نەوت، وەبەرهێنان لە گازی سروشتی، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت. عێراق نزیک دەبێتەوە لە خۆبژێوی سووتەمەنی و ئامادەکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی گاز. ئامانجمان ئەوەیە تا (2030) (%40)ی بەرهەمی نەوت بگۆڕین و وەبەرهێنانی وزە زیاد بکەین".

سوودانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "پڕۆژەی ڕێگای گەشە و یەکخستنی تۆڕەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز و پەیوەندییەکان بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا ستراتیژییەکی گرنگە، پڕۆژەکە دەستپێشخەرییەکی گەورەیە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان، بەهێزکردنی پەیوەندی ناوچەیی و پتەوکردنی ڕۆڵی عێراق لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین