ونبوونی بەرپرسیاریتی نیشتیمانی و كاڵبوونەوەی ئاساییشی كۆمەڵایەتی
"لەمەڕ دیاردەی خۆبەفریشتەكردن و بەشەیتانكردنی ئەویترەوە"
پ.ی.د.سەلام عەبدولكەریم - زانكۆی سلێمانی
لەسەرهەڵدانی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوەو بەدیاریكراویش لەخۆپیشاندانەكانی (17ی شوباتی 2011) بەدواوە یەكێك لەو دیاردانەی لەنێوان پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستاندا هەستی پێدەكرێت، بریتییە لە پرسی خۆ بەفریشتەكردن و لەبەرامبەریشدا بەشەیتانكردنی ئەویترو بەرامبەر. بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە مەترسییەكی گەورەیە بۆ داهاتووی كۆمەڵگەی كوردی، چونكە چەند رەهەندێكی جیاواز لەخۆدەگرێت، لەوانە:
یەكەم: زیانگەیاندن بەئاساییشی كۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی ئاساییشی كۆمەڵایەتی بریتییە لەهەستكردنی خەڵك بەئارامی و ئاساییش چ تاكەكەس بێت یان بەشێوەی گروپ و دەستەجەمعی و دڵنیابوون لەگرەنتی ماف و ئازادییەكان. بۆیە یەكێك لەپایەو كۆڵەكە سەرەكییەكانی گەشەكردنی هەر وڵات و سیستەمێكی سیاسییە، كە بیەوێت لەسەر بنەمای نیشتیمانسازی ئاییندەی كۆمەڵگەكەی بونیات بنێت، چونكە گەشەكردنی بوارە جیاوازەكان و بەرزبوونەوەی ئینتیمای نیشتیمانی پەیوەستە بەئاستی دەستبەربوون و پارێزگاریكردن لەئاساییشی كۆمەڵایەتییەوە. تێبینی دەكەین ئەم دیاردەیە تائەم ساتەوەختە درێژەی پێدەدرێت كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر ئاساییشی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی تاكەكەس و دەستەو گروپە ئیتنی و ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، بەشێوەیەك تائاستی دروستكردنی مەترسی بەریەككەوتن و پێكدادانی یەكتری هەیە. هەربۆیە ئەوەی دەیبینین جۆرێك لەدۆخی زویری و دووری لەیەك لەنێوان پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی باشووری كوردستاندا هەیە، رەنگدانەوەی خراپی كردۆتە سەر ژیان و بژێوی خەڵك و پرسە نیشتیمانییەكانیش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بەغداش.
دووەم: نەهێشتنی متمانە لەكۆمەڵگەدا، یەكێكی تر لەو رەنگدانەوە نەرێنییانەی ئەم دیاردەیە بریتییە لەكەمكردنەوەو نەهێشتنی متمانە لەنێوان تاكەكەس و گروپ و پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستاندا، چونكە كاتێك تۆ خۆت بەفریشتە لەقەڵەم دەدەیت و بەرامبەرەكەت بەشەیتان و نابووتی دەكەیت، ئەوكاتە ئەوەی زیانی پێدەگات ئەو متمانەیەیە، كە رایەڵی بەیەكەوە گرێدانی هێزو گروپە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەیە. بەردەوامی بەرجەستەكردن و نیشاندانی ئەم وێنەیەش پێگەی بەرامبەر دەخاتە مەترسییەوە تائاستی پەلاماردان و هێرشكردنە سەری، ئیدی هێرشی مەعنەوی بێت یان فیزیكی و جەستەیی و مادی، وەك لەرووداوەكانی ساڵانی رابردووش بینیمان.
سێیەم: ونبوونی پرسە سەرەكییەكانی خەڵك و كۆمەڵگە، لەبنەڕەتدا كارنامەی حكومەت و پارتە سیاسییەكان دەبێت بریتی بێت لەئەستۆگرتنی قوت و بژێوی و ئاساییش و ماف و ئازادییەكانی خەڵك و كۆمەڵگە. لەبنەڕەتیشدا پارتە سیاسییەكان لەپرۆسەی سیاسیدا ئامرازن نەك ئامانج، بەمەش دەبێت پێكەوە تەواوكەری یەكتری بن لەچوارچێوەیەكی نیشتیمانی و لەپرۆسەی نیشتیمانسازیدا، بەجۆرێ ئەركیان بەدیهێنانی مافەكانی خەڵك و كۆمەڵگە بێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكەین ئەوەیە لەباشووری كوردستان بەشێك لەتاكەكەس و هێزە سیاسییەكان لەپشت برەودان بەدیاردەی خۆ بەفریشتەكردن و بەشەیتانكردنی ئەویترەوە سەرقاڵی موزایەدەكردنێكی سیاسین لەبری ئەوەی سەرقاڵی كیبڕكێ بن بۆ داڕشتنی ستراتیژێكی كاری نیشتیمانی هاوبەش بۆ پاریزگاریكردن لەماف و ئازادی و هێنانەدی ژیانێكی ئارام. هەروەها خەریكی شكاندنی یەكترین و لەچوارچێوی نیشتیمانییەكە لایانداوە.
لێرەشدا ئەوەی ون دەبێت ئەو پرسە سەرەكییانەی خەڵك و كۆمەڵگەیە، كە چاوەڕێ دەكرێت پارتە سیاسییەكان بەدییانبهێنن.
چوارەم: كاڵبوونەوەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی، یەكێكیتر لەو رەهەندە گرنگ و هەستیارانەی بەردەوامیدان بەم دیاردەیە زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت بریتییە لەهەست و بەرپرسیارێتی نیشتیمانی لای تاكەكەس و دەستەو گروپە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە لەبنەڕەتدا دیاردەكە پێچەوانەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانییە، ئەوەی بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمان لێمان داوا دەكات پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوازییەكانی یەكترییەو كۆبوونەوەو كۆدەنگ بوونە لەسەر پارێزگاریكردن لەشوناس و ماف و ئازادییەكان و دەستەبەركردنی بژێوی خەڵك، نەك دروستكردنی دۆخێكی پڕ لەگومان و دڕدۆنگی لەڕێگەی خۆ بەفریشتەكردن و بەشەیتانكردنی ئەویترەوە. كاتێكیش ئەم دیاردەیە برەوی پێدەدرێت بەرپرسیارێتی نیشتیمانی كاڵ دەبێتەوە، بەشێوەیەك هێزە سیاسییەكان ناتوانن لەسەر پرسە نیشتیمانییەكان كۆببنەوەو هەڵوێست و دیدگایەكی نیشتیمانی بەرپرسیارانەیان هەبێت.
لەكۆتاییدا كاتێك هەر پرس و بابەتێك لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا دێتەئاراوە، ئیدی ئەو پرس و بابەتە چ پەیوەندی بەپرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانەوە هەبێت یاخود بەقوت و موچەی خەڵك و مافەكانیانەوە، تێبینی دەكەین دوو بەرە دروست دەبێت، یەكیان خۆی بەفریشتە دەچوێنێت و بەرامبەرەكەی بەشەیتان و ئەویتریشیان بەپێچەوانەوە.
كاریگەری ئەم دیاردەیەو هەندێك دیاردەو گرفتی تر وایكردووە رۆژ بەرۆژ لەئاستی بەغدادا داواكاری و مافەكانمان قارس بكرێت و لەچوارچێوە بدرێت. لەهەرێمیشدا بەهۆی دووری لەیەك و لوتەلاو ناتەبابوون پێكەوە لەبارودۆخی سیاسی و ئابووری خێرای جیهان و ناوچەكەدا دابڕاوین بگرە ئێمە كەمتەرخەم و سست و دەستەوسانیشیم، بەجۆرێ زۆر درەنگ و بەسستی دەتوانین پێكەوە كۆببینەوەو دوو وشەو رستە پێكەوە باس بكەین، تایبەت بەپیكەوەژیان و ئاییندەو چارەنووسمان. بێگومان ئەمەش ئەنجامی كەمتەرخەمیمانە لەئاست قوڵكردنەوەی بنەماكانی ئاساییشی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و زەمینەسازكردن بۆ كاركردنێكی سیاسی تەندروستانە، كە یارمەتی كۆتاییهینان بەمجۆرە دیاردە زیانبەخشانەمان بدات. لەولاشەوە هاندەرمان بێت بۆ بونیاتنانی چوارچێوەیەكی سیاسی و نیشتیمانی، كەهەمووان بتوانین لەسەر پرسە نیشتیمانییەكان و خەمی خەڵك كۆببینەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment