مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە دیجیتاڵی دەكرێت بابەتی گشتی

نوچە نێت

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بەرهەمهێنان و بەردەستخستنی سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە، کە پشتبەستووە بە پێناسی دیجیتاڵی، ڕادەگەیەنێت" دەڵێت ئەم سیستەمە "ئامانجی ئەم سیستەمە ڕێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەکانی مووچەیە بەشێوەیەکی سەرانسەریی  لە کەرتی گشتیدا لەڕووی کارایی و وردی و ڕوونییەوە."

ڕۆژی (سێی شوبات/2025) فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە پاڵپشت بە پێناسی دیجیتاڵی ڕاگەیاند و تێیدا هاتووە، "بەردەستخستنی سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە، کە پشتبەستووە بە پێناسی دیجیتاڵی، ڕادەگەیەنێت. ئەم دەستپێشخەرییە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران جێبەجێ کراوە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی پڕۆسەیەکی سەردەمییانە بۆ ڕێکخستنی خشتە و کاروباری مووچە لە دامودەزگاکانی حکومەت."

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی زیاتر ڕوونیدەكاتەوە، "ئامانجی ئەم سیستەمە ڕێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەکانی مووچەیە بەشێوەیەکی سەرانسەریی  لە کەرتی گشتیدا لەڕووی کارایی و وردی و ڕوونییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردنی مووچە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت."

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەكە، "سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچە دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی حکومەتە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان و لە داتاسەنتەری ناوەندیی حکومەتی هەرێم، کە لەسەر ستانداردی T3ی جیهانی دامەزراوە، جێگیر کراوە تاوەکو گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشترین شێوە و بەپارێزراویی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی سیستەمەکە بگات."

سەبارەت بە ئامانجی ئەم سیستەمە، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە دروستکردنی تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی مووچە، بەمەبەستی باشترکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە. "

دەشڵێت، "سیستەمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچە لەسەر دەستی لاوانی لێهاتوو و پیشەیی کوردستانەوە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە داڕێژراوە، کە پابەندبوونمان بە جێبەجێکردنی ستراتیژیی وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووپات دەکاتەوە. "

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی  دوویاتی دەكاتەوە، "بۆ دڵنیابوونەوە لە توانا و ئامادەیی بەکارهێنەران لە کارپێکردنی سیستەمەکە، هەزاران کارمەندی دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەت ڕاهێنراون و ئامادەکراون بۆ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە نوێیە، کە ئەمەش پرۆسەی گۆڕانکاریی و گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ ئاسانتر دەکات."

هاوکات لەگەڵ ئەوەی سیستەمەکە بەردەستە و کاری پێدەکرێت، "فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن و شیکارکردنی داتاکانی ئەم سیستەمە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا و زانیاری پتەو و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی زیاتر، وەکو پۆرتاڵی خزمەتکردنی خودیی مووچەخۆران و ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی کار و چالاکی کە بەشێوازێکی ئاسان دەکرێت تێهەڵکێش بکرێن لەگەڵ ئەم سیستەمەدا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین