ترەمپ هۆشداری بە یەكێتیی ئەوروپا دەدات ئێران

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: سنوور یاسین

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا بە زیادکردنی رێژەی باج بەسەر کەلوپەلەکانی هەرسێ وڵاتی (کەنەدا، مەکسیک، چین)، چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکەی ترەمپ هۆشداری بێت و سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا بگرێتەوە و بەرپرسانی چەندین وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا باسیان لەم پرسە کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە (پێنجی کانوونی دووەم/2025) ماڵپەڕی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "باجی گومرگی بە دڵنیاییەوە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت، لەوانەیە بەم زووانە جێبەجێ بکرێت".

زۆرێک لە شیکەرەوەکانی ئابووری و سیاسی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکە باس لەوە دەکەن، "هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر هاوبەشە بازرگانییە گرنگەکان ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە و بە دڵنیاییەوە سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوەکانی وەک هۆشداریدان بە یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنێت".

لە لایەکی ترەوە ڕێبەرانی ئەوروپا هۆشداری دەدەن لەوەی، "جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ئابووری هەردوو لای زەریای ئەتڵەسی ناسەقامگیر دەکات، ڕوونیان کردەوە کە چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئامادەکاری دەکەن".

ئاژانسی (ئەسۆشیەتید پرێس) بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، "دەبێت یەکێتیی ئەوروپا وەڵامی تووندی هەبێت بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ، چونکە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ‌هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەبێتە هۆی یەکگرتووی و بەهێزبوونی یەکێتیی ئەوروپا".

مێت فرێدریکسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک دووپاتی کردەوە، "من هەرگیز پشتگیری لە بیرۆکەی شەڕکردن لەگەڵ هاوپەیمانان ناکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەمریکا باجی گومرگی توند بەسەر ئەوروپا بسەپێنێت، ئەوا پێویستمان بە وەڵامێکی بەکۆمەڵ و بەهێزە."

هەروەها ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "لە ئەگەری سەپاندنی باج بەسەر کاڵاکانی وڵاتانی ئەوروپا بە توندی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدەینەوە".

کاجا کالاس، دیپلۆماتکاری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە وتارێکیدا گوتی، "یەکێتیی ئەوروپا لە سەرانسەری جیهاندا هاوبەشی زۆری هەیە، بەڵام ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگترینە و لە پێشینەی هەموویانە، لەوانەیە هەندێک ئێمە هەموو ئەو شتانەی کە هاوتاکانمان دەیڵێن یان دەیکەن بەدڵ نەبێت، بەڵام ئەوە دیموکراسییە و پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین."

ماوەیەکی زۆرە ترەمپ هەوڵ دەدات بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە وڵاتان گرتووە بەهۆی نەکڕینی ئۆتۆمبیل و بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمریکا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین