ئایا جیهان دژی پێشنیارەكەی ترەمپ لەبارەی چۆڵكردنی غەززە دەوەستێت؟ وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئامادەکردنی: سنوور یاسین

رۆژی سێشەممە (4)ـی شوبات، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێشنیازیان بۆ چارەنووسی کەرتی غەززە ئەوەیە ئەمریکا دەست بەسەر ئەو کەرتەدا بگرێت، کاری لەسەر بکەین ئاوەدان بکرێتەوە و ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی لە جیهاندا".

تەنیا دوو رۆژ دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "ئیسرائیل غەززە ڕادەستی ئەمەریکا دەکات پاش ئەوەی جەنگ کۆتایی دێت و دانیشتوانی ناوچەکە لە شوێنێکی تر نیشتەجێ دەكرێت، غەززە بنیات دەندرێتەوە بۆیە پێویستە فەلەستینییەکان بۆ شوێنێکی ئارام و سەقامگیر بگوازرێنەوە".

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی فەرمانی بە سوپا کردووە پلانێک دابڕێژێت بۆ ڕێگەدان بە، "دەرچوونی خۆبەخشانەی فەلەستینییەکان لە غەززە".

لە لایەکی ترەوە پێشنیارەکەی ترەمپ لەلایەن هاوپەیمانان و نەیارەکانەوە سەرکۆنە کرا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، "هەر ئاوارەبوونێکی هاووڵاتییانی غەززە هاوتایە بە پاکتاوکردنی ڕەگەزی".

یاریدەدەرە باڵاکانی سەرۆکی ئەمەریکا بەرگرییان لە هەوڵەکانی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە و دەرکردنی فەلەستینییەکان لەو ناوچە وێرانکراوەکانی جەنگ، بەڵام لە بەرامبەر ناڕەزایی نێودەوڵەتی پاشگەزبوونەوە. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، هەر گواستنەوەیەک بۆ دانیشتوانی غەززە کاتییە، کۆشکی سپی دەڵێت پلانەکە نە پارەی باجدەرانی ئەمریکا دەگرێتەوە و نە سەربازی ئەمریکا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، ئەو وڵاتانەی سەرکۆنەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن سەبارەت بە کەرتی غەززە دەبێت هەنگاو بنێن و یارمەتی ناوچە وێرانبووەکانی فەلەستین بدەن، چونکە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت وڵاتانی ناوچەکە کە توانای ئابووری و تەکنەلۆجییان هەیە لەسەر بنیاتنانەوەی غەززە بجوڵێنێت، ئەگەر هەندێک وڵاتی تر بیانەوێت خۆیان هەنگاو بنێن و ئەو کارە بکەن، ئەوە زۆر باش دەبێت.

ڕۆژی هەینی (حەوتی کانوونی دووەم/2025) مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاگوتی، "لە ئێستادا غەززە بەهۆی مەترسییەکانی وەک چەکی نەتەقیوەوە و چەندین هۆکاری تر شیاوی نیشتەجێبوون نییە.

وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوەکان دژایەتی خۆیان بەرامبەر پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە دەربڕی

وڵاتان و ڕێکخراوە عەرەبییەکان بەردەوام بوون لە ڕەتکردنەوەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ داگیرکردنی غەززە و ئاوارەبوونی فەلەستینیەکان. میسر، جەزائیر، عێراق، لیبیا و حەماس ڕۆژی پێنجشەممە 

(6-2-2025) بەیاننامەیان بڵاوکردەوە. پێشتریش  هەریەکە لە سعوودیە، ئیمارات، ئوردن، عومان و چەندین ڕێکخراوی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەوانە کۆمکاری عەرەبی و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکایان ڕەتکردبۆوە.

سەبارەت بە پلانەکەی ترەمپ، میسر ڕایگەیاند، "هەر پێشنیارێک ڕەت دەکاتەوە کە ئامانجی لەناوبردنی کێشەی فەلەستین بێت لە ڕێگەی هەڵکێشانی گەلی فەلەستین یان دەرکردنیان لە خاکی مێژوویی خۆیان و دەستبەسەرداگرتنی بە شێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی".

ترەمپ: ئەمریکا دەست بەسەر غەززە دادەگرێت و دەكەین بە ناوەندێكی گرنگی بازرگانی لە جیهان

هاوکات شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە، ئوردن دژی هەر هەوڵێکە بۆ لکاندنی خاک یان دەربەدەرکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی کوێت پشتیوانی خۆی بۆ مافی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووپاتکردەوە و ئیدانەی سیاسەتی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل و ئاوارەبوونی فەلەستینییەکانی کرد.

هەروەها جەزائیر ئیدانەی هەر پلانێک دەکات بۆ دەرکردنی دانیشتوانی غەززە و هۆشداری دا لەوەی کە ئەم جۆرە پلانانە بنچینەی پڕۆژەی نەتەوەیی فەلەستین لاواز دەکات.

عێراق و لیبیا دژایەتی تووندی خۆیان دەربڕی بۆ هەر پێشنیارێک یان هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی زۆرەملێ فەلەستینییەکان و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵوێستی تووند دژی ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر.

مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین پلانەکەی ترەمپی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە، "غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە فەلەستین و بڕیارە دەرەکییەکان سەبارەت بە داهاتووی فەلەستینییەکان ڕەتدەکاتەوە".

سعوودیە پشتیوانی نەگۆڕی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دووپات کردەوە، لە کاتێکدا ئیمارات هەروەها هەوڵەکانی ئاوارەبوونی ئیدانە کرد و داوای چارەسەرێکی دادپەروەرانەی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینی کرد.

کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو پابەندبوونی خۆیان بە کێشەی فەلەستین دووپات کردەوە و هەر پلانێکیان بۆ گواستنەوەی زۆرەملێ فەلەستینییەکان ڕەتکردەوە.

حەماسیش سەرکۆنەی لێدوانەکانی ترەمپی کرد داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی عەرەبی کرد بۆ دژایەتیکردنی پڕۆژەی ئاوارەبوون و هۆشداری دا کە ئەمریکا لە بنەڕەتدا هەوڵی داگیرکردنی غەززە دەدات.

حوسییەکانی یەمەن لێدوانەکانی ترەمپیان بە هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر مافەکانی فەلەستینییەکان و سووکایەتیکردن بە جیهانی عەرەبی و موسڵمانان ناوبرد و ڕایانگەیاند، "ئیسرائیل ڕووبەڕووی کەیسی جینۆساید دەبێتەوە لە دادگای نێودەوڵەتی بەهۆی جەنگیان دژی ئەو ناوچەیە.

جێگای ئاماژە پێدانە لە (19)ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕێکەوتنی ئاگربەست لە غەززە جێبەجێ کرا، جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس وەستێندرا کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە (47) هەزار و (500) هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە (111) هەزار هاووڵاتی. هەروەها بەهۆی جەنگی (15) مانگەی نێوانییانەوە نزیکەی (2) ملیۆن هاووڵاتی ئاوارە بوون و ڕووبەڕووی کەمی یان نەمانی خۆراک و ئاوی پاک بوونەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین