ڕەمەزان.. مانگی گرانی لە ئێران ئێران

نوچه‌نێت

"لەم مانگە پیرۆزەدا، لانیکەم چاوەڕوانی ئەوە بووین حکومەت ڕێگا نەدات، نرخەکان لەوە زیاتر بەرز ببنەوە، بەڵام بە داخەوە وەک ساڵی ڕابردوو گرانی پەتی پساندووە و نرخەکان بە یەکجاری بەرز بوونەتەوە... دۆخەکە وا تێکچووە، ئیتر هیوایەک نەماوەتەوە". ئەمە قسەی "حاجی حەمە عەلی" یەکێک لە هاووڵاتیانی دانیشتووی باشووری شاری تارانە.

ئەمساڵ هاووڵاتییانی ئێران لە کاتێکدا مانگی ڕەمەزانیان دەستپێکرد کە نرخی کاڵا پێویستەکان بە شێوەی تێکڕا لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠٪ بەرز بووەتەوە. خەڵک بە خوانی بچووکترەوە پارشیو دەگەیێنە بەربانگ و بە خەمی نان سەر دەخەنە سەر سەرین. 
"حاجی حەمە عەلی" کە زیاتر لە شەست ساڵ تەمەنیەتی دەردە دەڵ دەکات و دەڵێت: "لە کاتێکدا پێشتر مانگی ڕەمەزان مانگی کۆبوونەوەی خێزان و شادی بوو، ئێستا بووەتە مانگی نیگەرانی و شەرمەساری ئێمە لە بەرانبەر منداڵەکانمان. ئێستا بژێوی ژیانی ئێمە و زۆرێک لە هاووڵاتیانمان ئێجگار دژوارە". 
ئێران ساڵی ٢٠٢٠ی بە گرانی کاڵا پێویستەکانی خەڵک تێپەڕاند: لە شیرەمەنی و هێلکە و ڕۆنەوە بگرە تا برنج و مریشک. بەڵام ئەم چیرۆکە  ئەمساڵیش درێژەی هەیە. کۆرۆنا و گەمارۆکان، مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵیان سەختتر و دژوارتر کرووە. 

هه‌ندێك خۆراك به‌ رێژه‌ى 113%
به‌رزبوونه‌ته‌وه‌


ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد" وێرای ئاماژەکردن بە گۆڕانی نرخی خۆراک لە مانگی ڕەمەزاندا، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە نرخی برنجی ئێرانی بە تێکڕا ١٠ هەزار تمەن لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٥ هەزار تمەن. نیسک لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردوو ٢٠ هەزار تمەن و لۆبیا ٢٤ هەزار بوو. ئێستا هەر کیلۆیەک نیسک بە ٣٠ هەزار تمەن و لۆبیا چیتی ٣٥ هەزار تمەن دەفرۆشرێ. هەروەها گۆشتی مەڕ لە فرۆشگاکانی ناو شاری تاران گەیشتووەتە ١٥٠ هەزار و گۆشتی گوێرەکە ١٢٠ هەزار تمەن. تێکڕای نرخی گۆشت لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا نزیکەی ١١٧ هەزار تمەن بووە. نرخی مریشک ٣٠ هەزاری تێپەڕاندووە. نرخی مریشک لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٤ هەزار تمەن بوو و لە مانگی کانوونی یەکەمدا گەیشتە ٢٠ هەزار و ٤٠٠ تمەن و لەم دواییانەدا ٣٠ هەزاری تێپەڕاند. 
دوایین ئاماری وەزارەتی پیشەسازیی، کانگە و بازرگانی لە مانگی ئازاردا بڵاو کراوەتەوە و نیشاندەری بەرزبوونەوەی ٤٠ تا ١١٣ لەسەدی نرخی برنج، گۆشت و شەکرە لە ماوەی یەک ساڵدا.

بازاری پارێزگاکان و ناڕەزایی خەڵک


ڕاپۆرتەکانی میدیا فەرمییەکانی ئێران سەبارەت بە بازاری پارێزگا جیاوازەکان دەرخەری ئەوەن کە خەڵکی ئەو وڵاتە ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو لە مانگی ڕەمەزاندا نیگەرانی گرانی کەلوپەلن. 
لە پارێزگای "خوزستان" سەرەڕای دەستبەسەرکردنی جێگری ڕیکخراوی پیشەسازیی و بازرگانی و بەرپرسی ڕێکخستنی بنکەی بازاری ئەو پارێزگایە، دۆخی بازار هەر وەک پێشوو بێ سەرەوبەرەیە. بۆ نموونە، نرخی برنج ٢٥٪، نرخی دانەوێڵە ١٥٪ و نرخی هێلکە ٢٥٪ بەرز بووەتەوە. 
لە پارێزگای بوشەهر، تێچووی خوانی پارشێو و بەربانگ لانیکەم ٧١ هەزار تمەن خەڵمێندراوە کە تێکڕای یەک مانگ دەکاتە زیاتر لە ٢ ملیۆن و ١٣٠ هەزار تمەن و ئەو بڕە دەتوانێ ٨٠ لە سەدی داهاتی ئەو کەسانەی مووچەی کەم وەردەگرن، لەوانە چینی کرێکار، بێت. 
لە "ئیسفەهان" لە ئێستادا نرخی خورما لە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی پێش ڕەمەزان نزیکەی ١٥٪ بەرز بووەتەوە. 
لە "تەورێز" لەم ڕۆژانەدا هەندێ لە کاڵا پێویستەکان و لەوانە گۆشت، مریشک و میوە و هتد بەرزبوونەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە. 
کێشەی ڕۆن کە لە زستانی ڕابردوودا دەست نەدەکەوت، هێشتا لە پارێزگای "فارس" چارەسەر نەکراوە. 
بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان لە مانگی رەمەزاندا خوانەکانی پارشێو و بەربانگی ڕۆژووەوانانی پارێزگای "خوراسانی باشووری" بچووکتر کردووەتەوە و هەندێ لە خێزانەکان تەنانەت توانای دابینکردنی پێداویستی خێزانی دوو یان چوارکەسی خۆیشیان نییە. بە جۆرێک کە نرخی کەرەستە سەرەتاییەکانی دروستکردنی شیرینی و زلۆبیا و بامیە لە ئێستادا لە بەراورد لەگەڵ مانگی رەمەزانی ساڵی ڕابردوودا تەنانەت تا ١٠٠٪ بەرز بوونەتەوە. 
هاووڵاتیانی پارێزگای "زەنجان" لە گرانبوونی کاڵا پێویستەکان و لەوانە برنج و دانەوێڵە، بە تایبەت نیسک و لەتکەنۆک ناڕازین.

کاردانەوەکان: چاو لە وڵاتانی ئیسلامی بکەن


کەمتەرخەمی دامودەزگا حکومەییەکان و بێدەنگییان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان کاردانەوەی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە. ئەو نوێنەرانە لەو بڕوایەدان کە پێویستە بەرپرسانی حکومەت لە جیاتی هێنانە ئارای باسە پەراوێزخراو و ناپێویستەکان گرنگی بە بژێوی هاووڵاتییان و کۆنتڕۆڵکردنی گرانی و چارەسەرکردنی کەمایەسی کاڵاکان لە بازاردا بدەن. 
ڕامین نوورقۆلیپوور، ئەندامی کۆمیسیۆنی پیشەسازیی و کانگە لە پەرلەمانی ئێران وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە لە هەموو وڵاتانی مۆسڵماندا بە کەمکردنەوەی نرخەکان، خەڵک هان دەدەن شت بکڕن، گوتویەتی: "کۆنتڕۆڵکردنی نرخی کاڵا سەرەکییەکان لە مانگی ڕەمەزان لە ئێراندا، پێویستە وەک باقی وڵاتانی ئیسلامی بە جدی وەربگیردرێت". 
عەلی ئەسغەر عەنابستانی ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمانیش بە هەواڵنێریی پەرلەمانی گوتووە: "حکومەت دۆخی دژواری بژێوی خەڵک نابینێت". 
سەید کەریم حسێنی ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی ئێرانیش دەڵێت:  "بێ گومان کێشە لە شیوازی بەڕێوەبردندایە و پێویستە چاکسازیی لەم شێوازی بەڕێوەبردنەدا بکرێت".

خوانى ئێرانییه‌كان بێ به‌ڵینى و كه‌مته‌رخه‌مى 
به‌رپرسانى لێ نیشتووه‌

خوانی پڕ لە دروشم و کەمتەرخەمی 
هاووڵاتیانی ئێران دەڵێن بەرپرسانی وڵاتەکەیان تەنیا قسە دووپات دەکەنەوە و بەڵێنی ناکردةنی دەدەن. خوانەکانیان لە جیاتی خۆراکی ڕەنگاوڕەنگ، تۆزی دروشم و کەمتەرخەمی لێ نیشتووە. 
ئافرەتێکی بەساڵاچوو دانیشتووی ناوەندی شاری تاران لە کاتێکدا سەرقاڵی دابەزین لە میترۆیە، دەڵێت نیگەرانی داهاتووە. دەشڵێت: "من کار و کاسبیم هەبوو و ئێستا بە هۆی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆنا دیار نییە چی بەسەر دێت. بەو کارە منداڵە بچووکەکانمم بەخێو دەکرد، بەڵام حکومەت بە بێ هیچ جێگرەوەیەک، بازاری ئێمەی تووشی کەساسی کرد". 
ئەو خاتوونە هەناسەیەک هەڵدەکێشێت و دەڵێت: "ئەم ڕۆژانە نرخی کاڵا سەرەکییەکان وەک بڵەی فڕیون، ئیتر ئێمە ناتوانین مریشک و گۆشت و میوە بکڕین، بۆیە تەندروستیشمان لە مەترسیداتە".


سەرچاوە: شەرق ئەوسەت
 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین