نیوەی هاووڵاتیانی ئێران سامانی خۆیان لە بازاری بۆرسەدا لە دەست دا ئێران

نوچه‌نێت

ئەنجوومەنی پەرەپێدان بە سەرمایه‌گوزاری تەکنیکی لە ئێران بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە کە ڕوو لە بەرپرسانی باڵای ئێران نووسراوە، هەندێ لە داواکارییەکانی خۆیان دەربارەی بازاری بۆرسە خستنەڕوو. ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە لە نامەکەی خۆیاندا ئاماژەیان کردووە کە نزیکەی نیوەی هاووڵاتیانی ئێران ٤٠٪ی دارایی خۆیان لە بۆرسەدا لە دەست داوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی هەواڵنێریی "اعتماد ئۆنلاین" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە،  ئەو ئەنجوومەنە لە دەقی نامەکەیدا پرسیاری کردووە "ئایا بە ڕاستی هیچ وڵاتێکی جیهان دەتوانێ لە بەرانبەر لەدەستدانی دارایی و سامانی نیوەی خەڵکەکەی کەمتەرخەم بێ؟"

حسێن ئیزەدی، شارەزای بازاڕی سەرمایە وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە خۆی یەکێک لەو کەسانەیە کە ئەو نامەیە ئیمزا کردووە کە ڕوو لە بەرپرسانی باڵای داد، پەرلەمان و سەرۆک کۆماری ئێران نووسراوە، دەڵێت، "پێناچێت لەم بارودۆخە دژوارە ئابوورییەدا حکومەت توانای یارمەتیدانی بۆرسەی هەبێت". دەشڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆدانەی لە بۆرسەدا هەن ئێستا نزیکەی ٤٦ ملیۆن هاووڵاتی ئێران لە بۆرسەدا بەشدارن بەڵام ئەوەی کە گوتراوە نزیکەی ٤٠٪ی سامان و دارایی خۆیان لە دەست داوە جێگای تێڕامانە".

ئیزەدی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەت بەشێک لە کەمایەسی بودجەی خۆی لە بازاری بۆرسە دابین کردووە و دەڵێت، "حەقیقەت ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا تێچووی سزاکان و گەمارۆکانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران و لێنەهاتوویی بەرپرسانی وڵات کەوتە سەر شانی سەرمایەگوزارانی بۆرسە". بە گوتەی ئیزەدی دۆخی بۆرسە لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت.

ئیزدی دەشڵێت، "تاقە هیوای ئەم ڕۆژانەی بازاڕی بۆرسە پرسە سیاسییەکان و ڕێککەوتنی ئەتۆمییە و هەڵبەت ئەویش بەستراوەی پابەندبوونی لایەنەکانە بە بەڵێنەکانیان. جگە لەو ڕێککەوتنە هیچ هیوایەک بە داهاتوو نییە".

هەروەها سەبارەت بە کاریگەری نرخی دۆلار لەسەر بۆرسە دەڵێت، "لە ڕابردوودا بینیمان ئەگەرچی لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕێککەوتن کرا، بەڵام نرخی دۆلار لە بازاردا بەرز بووەوە. بەڵام بەو حاڵەش، ئەگەر سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە دەرەوە ئازاد بکرێن و لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان پابەند بن، دەکرێ نرخی دۆلار کەم دەبێتەوە".

ئیزەدی سەبارەت بە کاریگەری نرخی سوودی بانکیی لەسەر بۆرسە دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نالەباری بۆرسە و داکشانی و هەڵاوسان لە بازاری موڵک و زێڕ و هەروەها بە سەرنجدان بە نرخی ئەم ڕۆژانەی سوودی بانکی، زۆربەی سەرچاوەکان بەرەو بانکەکان دەڕۆن. هەڵبەت ڕەنگە حکومەت خۆی لە نێوان ئەو دوو بازارەدا سووڕ بداتەوە و گەمە بکات و جارێک وەک ساڵی ٢٠٢٠ سەرچاوەکانی خۆی لە بازاری بۆرسە دابین بکات و جارێکی تر بە بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکیی سەرچاوەکان بەرەو بانکەکان ڕابکێشێت و لەو ڕێگایەوە سەرچاوەکانی خۆی دابین دەکات. بەڵام ئەوەی کە ئەو سیاسەتەی حکومەت چ یارمەتییەک بە ئابووری ئێران دەدات هێشتا دیار نییە.

ئیزدی سەبارەت بە داهاتووێ بازاری بۆرسەی ئێران دەڵێت: پێناچێت تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە بۆرسەدا بێتە ئاراوە. لە ئێستادا دیار نییە سەرۆک کۆمار کێ دەبێت و چۆن بیر دەکاتەوە و دیار نییە چارەنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی چی دەبێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین