لە هەولێر ڕێز لە نووسەر و وەرگێڕی كورد حەمەکەریم هەورامی دەگیرێت کولتوور

نوچە نێت: ئەحمەد زرار

بە ناونیشانی (ئەزموونی قەڵەمێکی هەمیشە ئاوەدان) لە ڕێوڕەسمێكدا لەلایەن دامەزراوەی (کەریمی عەلەکە) ڕێز لە نووسینی نووسەر و توێژەری كورد (حەمەکەریم هەورامی) گیرا. ڕێكخەری ڕێوڕەسمەكە دەڵێت، "هەوڵ دەدەین لە داهاتووشدا زۆرێک لە نووسەرەکانی تر بەسەر بکەینەوە."

نووسەر شاخەوان سدیق وەک ڕێکخەری ڕێوڕەسمەكە لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە نووچەنێتی ڕاگەیاند، ''ئەمڕۆ وەک دامەزراوەی کەریمی عەلەکە مەڕاسیمێکی ڕێزلێنانمان بۆ نووسەر و توێژەر و وەرگێڕ مامۆستا حەمەکەریم هەورامی سازدا لە ڕێوڕەسمەكەدا نوێترین کتێبی بەڕێزیشیان چاپ و بڵاوکرایەوە چاپکردنەکەمان لە ئەستۆ گرتووە. ئێمە دەمانەوێش ئەوە بکەین بە نەریت، کە نووسەر و تێکۆشەر و داهێنەرەکانمان تا لە ژیاندان خۆمان ڕێزیان لێ بنێین بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان بیبینن، کە ئەو میللەتە ڕێزیان لێ دەنێن، بۆیە وەک دامەزراوەی کەریمی عەلەکە لە شاری هەولێرەوە یەکەم چالاکیمان نییە وەک ڕێزلێنان، بەڵکوو لە پێشترا ڕێزمان لە چەندین نووسەر و شاعیری تر ناوە، هەوڵ دەدەین لە داهاتووشدا زۆرێک لە نووسەرەکانی تر بەسەر بکەینەوە."

 شاخەوان سدیق گووتیشی، ''پێوەری هەڵبژاردنی نووسەران بەرهەمەکانیانە، کەسێکی وەک مامۆستا حەمەکەریم هەورامی زیاد لە (30) کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە، لەبەر ئەوە تاکە پێوەر بۆ ئێمە خزمەت و بەرهەمەکانیانن، ئەوە دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نووسەرانەی شایانی ئەوەن ڕێز لە ئەزموون و تەمەنیان بنێین لەو بوارەی کە خزمەتیان کردووە''. 

هەروەها لە ڕێوڕەسمەكەدا حەمەکەریم هەورامی سەبارەت بە کارەکانی داهاتووی بە نووچەنێتی ڕاگەیاند، ''پەکم کەوتووە لە نووسین، بەڵام هەر واز نایەنم، تەمەن دەیەوێ واز بێنم، بەڵام من هەر واز نایەنم. پڕۆژەی داهاتووم. کتێبێکی ئامادە نییە، بەڵام دەمەوێ لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵە بەرهەمێکی ئەدەبی کوردی بکەم، یەکێ لەوانە ڕۆمانێکە تازە دەرچووە بە هەورامی ناوی (ئەلەپەشە)یە، ئێستا خەریکی ئەوەم کە ڕەخنەیەکی سەرتاسەری لەسەر بنووسم، خەریکی ئەوەم''. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین