بنەچەی ئەفسانەی شاماران ''دەروازەیەک بۆ ئەفسانە'' کولتوور

نوچە نێت: تایبەت

نووسینی: ئەحمەد زرار

 

مێژووی ئەدەبی کوردی لە چەند قۆناغێک پێکدێت:(قۆناغی فۆلکلۆر، قۆناغی ئەدەبی میللی، قۆناغی قوتابخانە ئەدەبییەکان) د.عیززەدین مستەفا ڕەسووڵ لە کتێبی (ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی)دا بڕوای وایە (ئەفسانە) دەکەوێتە چوارچێوەی ئەدەبی فۆلکلۆرەوە و بەم شێوەیەش پێناسەی دەکات کە ''ئەفسانە لە فۆلکلۆری گەلاندا بە شتێکی کۆن ئەژمێردرێ، چونکە بەرهەمی ئەو کاتەیە کە ئادەمیزاد دەسەوسان و بێدەسەڵات ڕووبەڕووی سروشت ئەوەستا و هیچ ڕووداوێکی سروشتی بە ڕێک و پێکی بۆ لێک نەئەدرایەوە و تێی نەئەگەیشت و دەسەڵاتیشی بەسەریا نەبوو، بۆیە دەرگای بۆ بیرکردنەوە و خەیاڵ ئەخستە سەر پشت و بەو جۆرەی کە ئەم ئەفسانانەی لێ هاتە بەرهەم، هەموو شتی لێک ئەدایەوە''.

 

کەواتە ئەفسانە وەک هۆکاریکی بەرگری لەلای مرۆڤەوە بەکارهاتووە، بەرگری بۆ هەموو ئەم ڕووداوانەی نەیتوانیووە بەم زانینە کەمەی لەمەڕ خۆی و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی هەیەتی لێکدانەوەی بۆ بکا، ناچار لە هزری خۆیدا چارەسەرکردنی کێشەکەی کردووە و ویستوویەتی بڕا بە خۆی بهێنێ هۆکاری ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان ئەم خەیاڵەیە کە بۆی داڕشتووە.

 بۆیە دەتوانین بڵێین: ''ئەفسانە بەرهەمی بیری مرۆڤی سەرەتاییە، مرۆڤ لە قۆناغی ژیانی ئەشکەوتەوە توانیوویەتی ئەفسانە بەرهەم بهێنێت. لە ئەنجامی ئەو ترسەی مرۆڤ هەیبووە بەرانبەر سروشت ئەفسانەی بەرهەم هێناوە''.

 ناوەڕۆکی ئەفسانە هەروا ماوەتەوە تاوەکوو دەسەڵاتی مرۆڤ هەڵکشاوە و بچووک و گەورە هاتوونەتە ئاراوە، مرۆڤە گەورەکان ستەمیان لە بچووک کردووە و ماڵیان بە تاڵان بردوون، لەمێوە دووبارە خەیاڵی مرۆڤ دێتە مەیدان و هەموو ئەم چارەسەرانەی لە ڕاستیدا مەحاڵە ڕووبدەن، لەڕێی جیهانێکی تایبەتییەوە و بە یارمەتی ئەفسانە چارەسەری دەکات. بۆیە ناوەڕۆکی ئەفسانە فراوانتر دەبێت لەوەی کە هەیە، چونکە مرۆڤ لە ئەفسانەدا''کینەی خۆی بەرانبەر ستەمکار و زۆرداران، بە شێوەیەکی لابەلا لەناو وشەکان دەشارێتەوە''. بۆیە بابەتی دەسەڵات لەناو ئەفسانەدا لەگەڵ پەیدابوونی دەسەڵات لەلای مرۆڤ سەری هەڵداوە. 

 

دەقی ئەفسانەی شاماران: 

''لە چیرۆکی سەرەکیدا، پیاوێکی هەژار بە ڕێکەوت دەکەوێتە ناو ئەشکەوتێک کە شوێنی ژیانی شامارانە. شاماران لەبری کوشتنی، دەیپارێزێت و زانست و نهێنییەکانی ژیانی فێر دەکات. پاش ماوەیەک، داوای گەڕانەوە بۆ لای خێزانەکەی دەکات و شاماران ڕێگەی پێدەدات بە مەرجێک کە نهێنی شوێنەکەی ئاشکرا نەکات. دواتر، پاشای وڵات نەخۆش دەکەوێت و تەنها چارەسەری خواردنی گۆشتی شامارانە. پاشا فەرمان دەدات کە پیاوەکە شوێنی شاماران ئاشکرا بکات. ئەویش ناچار دەبێت نهێنییەکە ئاشکرا بکات و شاماران دەگیرێت. پێش کوشتنی، شاماران ڕێنمایی پیاوەکە دەکات کە چۆن گۆشتەکەی بخوات بۆ ئەوەی ببێتە پزیشکێکی لێهاتوو'' لە ئەفسانەکەوە کێشەی زیرەکی ئافرەتان و چۆنییەتی چارەسەرکردنی نەخۆش لەلایەن دکتۆرەوە چارەسەر کراوە، وەک لە پێشەوە باسمان کرد ڕیشەی داڕشتنی ئەفسانەی میللەتان بەرگرییە بۆ هەموو ئەم ڕووداوانەی تێگەیشتنیان بۆ ئەو سەردەمە مەحاڵ بووە. 

 

بنەچەی ئەفسانەی شاماران 

ئەفسانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهۆی دەسەڵاتە ڕامییارییە زۆرەکان و خاوەنی زۆر، بەناو گەلانی ناوچەکە پەرشوبڵاو بوونەتەوە، زۆرێک لە مەڕاسیم و بۆنە ئاینی و چەژنە کلتوورییەکانی کورد بە موڵکی وڵاتانی ئێران و تورکیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دادەندرێت، ئەفسانەی شامارانیش بەدەر نییە لەم هێرشە کلتوورییە، بەڵام خۆشبەختانە لەمڕۆدا بەهۆی توێژەر و خەمخۆرانی کلتوور و فەرهەنگی کوردی ڕەچەڵەکی ئەم ئەفسانەیە ساغ کراوەتەوە، ئێمەش بە چەند بەڵگەیەک دەتوانین ڕەچەڵەکی (ئەفسانەی شاماران) بۆ فۆلکلۆری کوردی بگەڕێنینەوە:

 

 وشەی شاماران: پێکهاتەی ناوی شاماران کوردیە و لە هەمان کاتدا بنەچەیەکی دێرینی هەیە. ناوە لێکدراوەکە پێکهاتووە لە (شا+مار+ان). وشەی (شا) کە ئەمڕۆ بە هەڵە بە فارسی دادەنرێت، یەکەمجار وشەکە لای هیتیەکانی نیشتەجێی باکوری کوردستان بە شێوەی (هاشو) تۆمار کراوە و واتە وشەکە لە پێش بوونی فارس وەک خەڵکێک لە تۆماری مێژوودا، لەسەر خاکی کوردستاندا بەکارهاتووە. بەکارهێنانی وشەکەش لە کوردیدا بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش بەدیدەکرێت. وەک شاگوڵ، شاباز، شاجوان، شاکار، شاژن، شاکێو، شادەمار، شاسوار، وشەی (مار) بنەچەکەی سۆمەریە و لەو زمانەدا بە شێوەی (مر) تۆمارکراوە. واتە بە بەڵگەوە نزیکی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کوردستاندا (هاشومر) هەر مانای (شامار) ی داوە.

 

ئاشی دانەکوڵانە: ئاشێکی تایبەتە و لە بەشێکی ناوچە کوردنشینەکان هێشتا لێ دەندرێت، ''ئەم ئاشە لە کاتی ئەگەری بوونی ئەم گیانەوەر و خشۆکە کوشندانە، لە وەرزە تایبەتەکاندا لێدەندرێ و بەسەر هاوسێکاندا دەیگێڕن'' بەڵگەی بوونی ئەم جۆرە خواردنە سەلمێنەری ئەوەیە ڕەچەڵەکی ئەم ئەفسانەیە کوردییە و لەگەڵ کلتووری کوردیدا ئاوێتە بووە. 

 

بەردتاشی شاماران: تاتەبەردێکە، شێوەی ژن و شێر و ماری لەسەر کێشراوە. ''لە درێژەی ئەو پشکنینانەی ساڵی ٢٠١٦ لە دەوروبەری گەورەکلێسای وێرانەشاری (ئانی) کراون، دۆزرایەوە'' دۆزینەوەی ئەم بەردتاشە بەڵگەیەکی ترە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە خاوەنی ئەفسانەی شاماران کوردە، چونکە ''هێشتاش لە چەند ناوچەیەکی زاگرۆس شوێنەواری شێری بەردین (بەردەشێر) لەسەر گۆڕەکان دەبیندرێ''. بەم پێیە دەگەینە ئەو ڕاستییەی ئەفسانەی شاماران، ئەفسانەیەکی کوردییە و شایانی ئەوەیە وەک کەلەپوورێکی کوردی و بەشێک لە کلتووری کوردی بپارێزرێت. 

 

 

سەرچاوەکان:

 

  1. ڕەسووڵ، عیززەدین مستەفا: ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، چاپی یەکەم، چاپخانەی دار الجاحظ، بەغداد، (١٩٧٠).
  2. https://youtu.be/pz074Bxv4gs?si=AjB8AjO5qgFUz1cn 
  3. - دەروێشیان، عەلی ئەشرەف (٢٠٠٣) ئەفسانە و ڕازی کوردی (وەرگێڕانی عەزیز گەردی)، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، سلێمانی. 
  4. رێبین ئیسماعیل مەحموود: شاماران، به‌روار  2024-08-24-12، بڕوانە: https://www.zaniary.com/blog/66c9a611bd0ba/
  5. http://haje.ir/newsdetails.aspx?itemid=19746 
  6. یوسف، هۆشەنگ شێخ محەمەد (٢٠٢١) ئەفسانەی شاماران، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئەنستیوتی کەلەپووری کوردی، سلێمانی. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین