پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی ئەمستەردام بەڕێوە چوو کولتوور

نوچە نێت:

لەژێر ناونیشانی "لەنێوان نەریت و گۆڕاندا" پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی، لە هۆڵەندا لە شاری ئەمستەردام بەڕیوە چوو. هاوکات لەم ڕێگایەوە، زۆرێک لە فیلمسازە گەنجەکان دەرفەتیان لەبەردەم بوو بەرهەمەکانیان لە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی نیشان بدەن و پەیوەندیی لەگەڵ بینەر و پیشەسازی سینەمادا دروست بکەن.

ئاری کەریم، گوتەبێژی فیستیڤاڵەکە ڕۆژی هەینی (22-5-2026) لەبارەی چالاكییەكانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستەردام ڕایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە، وەک پێشبڕکێیەکی سینەمایی گەورە هاوشێوەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە گشتییەکان، بۆ خەڵاتی جیاوازی وەک باشترینەکان لە، ئەکتەر، وێنەگرتن و مۆنتاژ ڕێکنەخرابوو. بەڵکو سەرنجی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵە لەسەر نمایشکردن، دیالۆگ و کۆکردنەوەی سینەماکاران بوو، نەک کێبڕکێکردن لە بەشە جیاوازەکاندا.

هەروەها لەبارەی خەڵاتی ئەکادیمیای فێستیڤاڵەکەش، ئاری کەریم گوتی، کە تەنیا یەک خەڵاتی فەرمی دابەشکرا، ئەم خەڵاتەش بەخشرا بە دەرهێنەر، لانیە نورەددین بۆ کورتەفیلمی "لەژێر"، ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ کوالێتی و پەیامی فیلمەکەی کە باس لە جینۆساید و سڕینەوەی مێژوو و یادەوەری دەکات لە ڕێگای دیدارێکی بێدەنگی نێوان دوو پیاودا؛ کە تێیدا سروشت و دەوروبەر خۆیان دەبنە شایەتحاڵی ڕووداوەکان.

هاوکات گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش دا، کە فێستیڤاڵەکە تەنیا بە فیلم کۆتایی نەهات، بەڵکو چالاکیی کولتووری، میوزیک و دیارە هونەرییەکانیشی لەخۆگرتبوو، بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکە ببێتە شوێنێکی زیندووی یەکگرتنی کۆمەڵگەی کوردی و دۆستانی هونەر. هەروەها دەشڵێت، بۆ زۆرێک لە فیلمسازە گەنجەکانیش، دەرفەتی یەکەم بوو بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی نیشان بدەن و پەیوەندیی لەگەڵ بینەر و پیشەسازی سینەما دروست بکەن.

جێگەی ئاماژەپێدانە، پێنجەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستەردام، بە بەشداریی (35) فیلمی کوردی لە تەواوی جیهان، لە هۆڵەندا لە شاری ئەمستەردام بەڕێوەچوو و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین