ئەو نەنگییانەی لە پەتیبوونەوەی زماندا هەن کولتوور

نوچە نێت: تایبەت

نووسینی: ئەحمەد زرار

 

زمان بوونێکی سەربەخۆیە و پێ بە پێ لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەتدا هەنگاو دەنێت؛ نالوێت لە چێورمەی بیرێکی کۆنی ناسیۆنالیزمیدا بەند بکرێت و چوونە دەرەوەی هەموو وشە و دەستەواژەیەک (یان وەرگرتنیان) وەک یاخیبوون و کرێتییەکی لەڕادەبەدەر ببیندرێت؛ لێرەوە هەوڵ دەدەین پەیڕەوە مێژوویی و زمانەوانییەکان شیبکەیەنەوە و هێڵە ڕاستەکانی چەمکی ناسیۆنالیزم و پەیوەندی لەگەڵ زمان بخەینەڕوو. 

 

چەمک و زاراوەی ناسیۆنالیزم:

وەک شێوەیەکی باو؛ ئەم زاراوەیە لە بنەڕەتدا ڕیشەیەکی لاتینی هەیە و ئاخێوەرانی لە شێوەی (nasci) دەریان بڕیووە کە بە واتای لەدایکبوون دێت، لە دواتردا نەیژەی لە زمانی ئینگلیزی دەچەسپێنێ و بە وشەی (nation) دەردەکەوێت، کە ئاخێوەرانی بە واتای نەتەوە بەکاریان هێناوە. 

بەیەکەوە زاراوەی ((ناسیۆنالیزم بە ئینگلیزی پێی دەوترێ: Nationalism کە بە مانای "میللەتگەرایی، نەتەوەپەرستی، هەستی نەتەوایەتی، دەمارگیری نەتەوەیی" دێت. لە زمانی فەڕەنسیدا وشەی: Nasionalisme بەکاردەبردرێ و لە وشەی لاتینی (nascor)ەوە واتە "من هەم، لەدایک بووم، هاتومەتە دونیا"وە هاتووە.))[1] وەک هەموو زاراوەیەکی تر "ناسیۆنالیزم"یش بە وەرگرتنی پاشگری (لیزم – lism) بنەچەیەکی زانستی وەردەگرێ و ((بە گشتی بە لایەنگرانی بیروباوەڕێک دەگووترێ کە پشتگیری لە داب و نەریتە نەتەوەییەکانی خۆیان دەکەن تاکوو خاوەنی یەک زمان و فەرهەنگ و ئایین بن و لە قەڵەمڕەوی یەک وڵاتدا بژین.))[2] یان هەڵدەکەوێت کە بڕێجار ڕەوتی ناسیۆنالیزم لە چێورمەیەکی سیاسیشدا بخاخندرێت و مامەڵەیەکی نەگونجاوی لەگەڵدا بکرێت؛ چونکە بەشێک لە توێژەران ناسیۆنالیزم وەک ((سیستەمێکی بڕوا یان عەقیدەیەک یان ئایدۆلۆجیای سیاسی پێکەوەبەستنێکی بەهێزی دەستەیەک لە تاکەکەس کە گوڵ لە نەتەوەدا فەراهەم دەکات))[3] دەبینن و پێیان وایە دەشێت نەتەوە و بەرژەوەندییەکانی لە تاکەکەسێکدا بچووک بکرێتەوە. 

 

دیرۆکی هەڵچوونە نەتەوەییەکان:

پەیدابوونی ئەم بزافە لە نێوان نەژادە جوایەزەکان دەگەڕێتەوە بۆ وەخۆکەوتنی هەردوو شۆڕشە جیهانییە بەناوودەنگەکان، بە تایبەتی شۆڕشی (ئەمەریکی و فڕەنسی)، بۆیە ((زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە بزاڤی ناسیۆنالیزم لە دوای هەردوو شۆڕشی ئەمەریکی و فەرەنسی پەیدابووە.))[4]چونکە لەم قۆناغە مێژووییەدا شێوازی بەڕێوەبەری لە وڵاتانی خۆرئاوا و کیشوەری ئەمەریکادا بە شێوەی پاشایەتی بووە و ئیمپراتۆرییەتە گەورەکانی وەک "ڕۆمانی" لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بنەماڵەیی و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆیاندا دەکرد، بۆیە ((کاتێ وڵاتانی وەك: فەرەنسا، ئینگلتەرا، ئیسپانیا، پورتوگال. لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، ڕازی نەبوون بە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی تازە و بگرە بە دەسەڵاتی کڵێسای کۆنیش. گیانی سەربەخۆیی تیایاندا گەشەی کرد، هەر لە چوارچێوەی ئەو گۆڕان و گەشەکردنەدا (دەوڵەتی ناسیۆنالیزم)یش پەرەی سەند.))[5] پشتێنەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم بیروباوەڕەیش سەپاندنی هێزی کۆمەڵێک یان کەسایەتییەکی تایبەتی دیاریکراو بوو لە ناوچەیەکدا، ڕێبەری بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن ئەو کەسەوە ئامادە دەکرا و هەموو نیشتەنییەکانیش بە دڵسۆزییەوە بەرەو پیلی خاڵەکان دەچوون و وەک پەیڕەوێکی پیرۆز و گرنگ پیادە دەکرا. 

 

شێوە بنچینەییەکەی ناسیۆنالیزم:

وەک لەمەوپێش لێی دواین، سەرەتاییترین دەرکەوتنی ناسیۆنالیزم لە پیادەکردنی هاووڵاتییانی هەرێمێکی دیاریکراودا خۆی دەبینییەوە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بنچینەی ئەم زاراوەیە، یەک نیشتمانی و یەک نەتەوەیی بوو، نەتەوە ژێردەستەکانی ناو نەخشەی ئیمپراتۆرییەتێک؛ وەک بەردەستێکی نەتەوە ڕەسەنەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و بە چەند پلەیەک ژێرتر دەبیندران، بەڵام دوای هەڵگیرسانی هەردوو شۆڕشی ئەمەریکی و فڕەنسی، ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی چوارچێوەیەکی تازەی بۆ دەکێشرێت و چەمکەکانی "گەل" و "هاووڵاتی" جێگای نەتەوەی ڕەسەن دەگرێتەوە، بە تایبەتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ئەمەریکی، نەتەوە ((مەدلوولێكی نەتەوەیی – ئەتنیکی[6] نەبووە. لە ئەمریکا – نەتەوەیەک نییە کە یەک زمان و یەک ڕەگەزی هەبێ، بۆیە لەوێ لەبریتی قەومی ئەمریکی، گەلی ئەمریکا، یان ئومەتی ئەمریکا بەکاردێ.))[7] بەر لە دەستپێکردنی بزووتنەوەی شۆڕش لە فڕەنسا و ئەمەریکا، فەیلەسووف و ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتانە تێدەکۆشان تاوەکوو مانا بنچینەییەکانی یەکسانی و دادپەروەری لە بەڕێوەبردندا بە دەسەڵاتداران ڕابگەیەنن؛ یەکێک لەم هەوڵانەی لەم بارەیەوە دراوە، لە کتێبی پڕبایەخی "پەیمانی کۆمەڵایەتی"یەوە دەردەکەوێت کە نووسەر و فەیلەسووفی فڕەنسی (ژان ژاک ڕۆسۆ ١٧١٢ – ١٧٧٨ز) نووسیویەتی، ڕۆسۆ لەم کتێبەدا ((لەو باوەڕەدا بوو، کە (مرۆڤ) لە بنیاتدا، نیهادی پاکە. کەواتە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سروشت. بۆ ژیانێکی سروشتیی پاک و ساکار و بێ گەرد، کە مرۆڤی سەرەتایی هەیبووە. واتا ئەو ژیانەی کە پڕی بووە لە (یەکسانی، سەربەستی، برایەتی، یارمەتی و خۆشەویستی) ئەمەیش بەوە پێکدێ کە زۆرداری لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربهێنین و لەژێر سێبەری (فەرمانڕەواییەکی نەتەوەیی) و (دادپەروەر)دا: سەربەستی و یەکسانی و برایەتی و دیمۆکراتی بۆ مرۆڤ پێک بهێنن.))[8]بۆیە دوای دوازدە ساڵ لە مردنی ڕۆسۆ، شۆڕشی گەورەی فڕەنسی دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا هەموو فڕەنسای گرتەوە، دوای شۆڕشەکە دەسەڵات بەخشرا بە گەل و هەموو نەتەوە جیاوازەکان لە ژێر سێبەری گەل و حکومەتی فڕەنسادا بەڕێوەدەبردران. 

 

پەیوەندی زمان و ناسیۆنالیزم: 

دەکرێت ئەم ناونیشانە بەسەر هەردوو قۆناغی کۆن و تازەی ناسیۆنالیزمدا پۆلێن بکەین؛ قۆناغی یەکەم زمانی ناسیۆنالیزمی کۆن لە چێورمەی عەشیرەت و چینێکی دیاریکراوەوە پەلی دەرنەدەکرد؛ چونکە وەک گووتمان؛ سیاسەت و دەسەڵاتی ئەو قۆناغە لە زاری تاکە کەسێکەوە دەردەبڕدرا و هەموو ئەو عەشیرەت و ناوچە قەڵەمڕەوییانەی کەوتبوونە ناو دەسەڵاتی میرەوە، ئەویان وەک سەرچاوەی فێربوونی وشە و زمان دەبینی، دانیشتوان ئەو دەسەڵاتانەی تری دەوروبەریان بە دوژمنی خۆیان دەزانی و هەوڵیان دەدا زمانیان لە وشەی ئەوان پاک بکەنەوە و بەرەو پەتیبوونی وشە و زاراوە ڕەسەنەکانی خۆیانەوە بچن. 

ئەمە لە ناسیۆنالیزمی نوێدا بە پێچەوانەوەیە، چونکە دەوڵەت لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی و فرەنەژادییەوە بنیات دەندرێت؛ بۆیە پێکهاتەی زمانی فەرمیی ئەم کۆمەڵە یان ئەو وڵات و هەرێمە دیاریکراوە؛ وشەی هەموو ئەو نەتەوە بەشدارانەیە، کە لە پێکهێنانی وڵاتدا هەوڵ و کۆششیان داوە. نەتەوەکان بە مافی خۆیانی دەزانن لە خوێندنی فەرمیی وڵاتدا ڕێزمان و دەنگە زمانەکانییان بخوێندرێت و گرنگی بە ئەدەب و دەربڕینیان بدرێت. 

دەشێت گونجاندنی بنەمای ناسیۆنالیزمی مەدەنی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کەمێک سەخت بێت؛ چونکە زۆرێک لە وڵات و هەرێمەکانی ئەو ناوچەیە یەک نەتەوە لەخۆ دەگرن، یان دەتوانین بڵێین: زۆرترین ڕێژەی دانیشتوان تێیاندا نەتەوەیەکی دیاریکراوە؛ ئەو نەتەوانەیشی کە بەشدارییان لە پێکهێنانی وڵاتدا کردووە، لە کۆندا بە هۆکاری مێژوویی، یان سیاسی و بازرگانیدا لەوێ نیشتەجێ بوون و مەیلێکی ئەوتۆ بە نشینگەکەیان نابەستێتەوە. 

دەشێ نیشتەجێبوونی ئەم نەتەوانە کاریگەری بەسەر پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی نەتەوە ڕەسەنەکەدا نەبێت؛ بەڵام کاریگەرییان بەسەر زمانەوە خێرا دەردەکەوێت، هەڵدەکەوێت کە لە زمانەکەتدا وشەیەکت لە نەتەوەیەکی بەشدار لە شارستانی وەرگرتووە و پێیشت نەزانیووە، چونکە شێوەی بنەڕەتی ئەو وشەیەی نەتەوەکە بەکاریدەهێنێت، لەگەڵ دەربڕینی نەتەوەیەکی تردا جیاوازە، سەرەڕای دەربڕین هەندێکجار شێوەی نووسینیشی تایبەتە و لەگەڵ بنەچە ڕەسەنەکەیدا یەکناگرێتەوە. بەم کردارە لە زماندا دەگووترێت: داکەوتن لە زمان. ئەو نەتەوەیەی زۆرترین بەشداری و زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانی لە وڵاتدا پێ دراوە پێویست ناکات هەوڵی پاککردنەوە و بەرەوپەتیبوونەوەی زمانەکەی هەنگاو بنێت، چونکە ((پەتییەتی لە زماندا نییە یان دیاردەیەکە ناسیۆنالیزم دەیەوێت بیسەپێنێت، وشە وەرگرتن عەیبە نییە، شورەیی نییە! هیچ زمانێک نییە لە هەموو بوارێک وشەی خۆی هەبێت، ئەم پڕۆسەیە پەیوەندی بە گۆڕانی زمانەوە نییە، بەڵکو ئەو دیاردەیە (نەبوونی وشە بۆ هەموو بوارێک) دیاردەیەکی سروشتی زمانە.))[9] بۆیە بە گوێرەی پەیڕەوە بنەڕەتییەکانی ناسیۆنالیزمی مەدەنی؛ هەوڵدان بەرەو پەتیبوونەوە لە زماندا کارێکی نەکردەیە و ماندووبوونێکی لەخۆڕاییە؛ نەتەوەی ڕەسەن دەبێت شانازی بە دەسەڵاتی ڕەهای خۆیەوە بکات؛ کە توانیوویەتی جگە لە بەشداریپێکردنی نەتەوە پەیوەندیدارەکانی دیکە؛ زمانیشیان بەشدار پێ بکات و لەناو کلتوور و دابی ڕەسەنی خۆیدا بیانتوێنێتەوە. 

سەرچاوەکان


[1] - ئەحمەد، زامدار (٢٠١٧) ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی، هەفتەنامەی وشە، ژمارە ١٩٦، چوارشەممە (٢٦ تەممووزی ٢٠١٧) بڵاوکراوەتەوە. 

[2] - شەبانی، ئەحمەد (٢٠١٠) فەرهەنگی زانستی سیاسی، چاپی یەکەم، ناوەندی پەخشی سنە، سنە، ل٣١٥. 

[3] - نەوڕۆڵی، فارس (٢٠٢٠) دەروازەی چەمکەکان، چاپی چوارەم، چاپخانەی تاران، سلێمانی، ل٧٥٢. 

[4] - ناوخۆش، سەلام (٢٠١٦) ناسیۆنالیزمی کوردی و زمانی کوردی، چاپی یەکەم، دەزگای تەفسیر، هەولێر، ل٧٧. 

[5] - فاتح، محمەد (٢٠١٢) ناسیۆنالیزم و سیاسەت، چاپی یەکەم، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر، ل٤٣-٤٤.

[6] - ئەتنیک: ئەثنیک (ڕەگەز): کۆمەڵە خەڵکێکن لە مێژوودا کە لەسەر خاکێکی دیاریکراودا جێگیر بوون و چەندین خەسڵەتی تایبەتی هاوبەشیان هەیە، وەک: (زمان، فەرهەنگ، ڕەوشی سایکۆلۆژی، ئابووری هاوبەش).

[7] - ناوخۆش، سەلام (٢٠١٦) ناسیۆنالیزمی کوردی و زمانی کوردی، چاپی یەکەم، دەزگای تەفسیر، هەولێر، ل٧٧. 

[8] - ڕۆسۆ، ژان ژاک (١٩٨٢) پەیمانی کۆمەڵایەتی، و. شاکر فەتاح، چاپی یەکەم، چاپخانەی الحوادیث، بەغدا، ل٥-٦.

[9] - ناوخۆش، سەلام (٢٠١٦) ناسیۆنالیزمی کوردی و زمانی کوردی، چاپی یەکەم، دەزگای تەفسیر، هەولێر، ل٦٨. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین