ئەکادیمیای کوردی پڕۆژەی (ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی) ڕادەگەیێنێت کولتوور

نوچە نێت: ئەحمەد زرار

ئەکادیمیای کوردی بە هاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دیدارێک بۆ زمانی دایک بە ناونیشانی (ژیواری زمانی کوردی لە ئێستا و داهاتوودا) سازكرد، كە تێیدا چەندین بابەت پەیوەست بە زمان بە گشتی و زمانی كوردی بەتایبەتی تاوتوێ كرا. سەرۆكی ئەكادیمیای كوردی بۆ نوچە نێت دەڵێت، كاری یەكەمی ئەكادیمیای كوردی "تێکۆشانە بۆ گەیشتن بە زمانی ستانداردی کوردی."

حەمە سەعید حەسەن سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی لە لێدوانێك تایبەتدا لەبارەی زمانی ستانداردی کوردی بە نوچە نێتی گووتی، "زمانی ستاندارد لە دیالێکتێک پێکنایەت، بێگومان بۆ ئەوەی ببین بە خاوەنی زمانی ستاندارد پێویستە سوود لە هەموو شێوەزارەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان وەربگرین، هەڵبەتە ڕێکەوتن لەسەر زمانی ستاندارد پێویستی بەوە هەیە کەسانی شارەزای وەکوو: (هەژاری موکریانی، هێمنی موکریانی، شوکور مستەفا، عەزیز گەردی...تاد.) بەژداری بکەن. لەو بوارە ئەکادیمیای کوردی لە تەمەنی درێژی خۆیدا کە لە سەرەتای حەفتاکانەوە دروست بووە، ئیشی باشی کردووە. چونکە ئیشی یەکەمی ئەکادیمیای کوردی؛ تێکۆشانە بۆ گەیشتن بە زمانی ستانداردی کوردی." 

د. موحسین ئەحمەد عومەر ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی لەبارەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك دەلێت، "زمان دەکەوێتە بەر کاریگەری و بەرکەوتنی ڕژێمە سیاسییەکان بە پلەی یەکەم، لە مێژووی سەدەی بیستەم هەموو ئەو زمانانەی کە خاوەنی ناسنامەیەکی سیاسی دیاریکراو نەبوون کەوتوونەتە بەر کاریگەری (تووندوتیژی، چەوساندنەوە)، وەک لە ساڵی ١٩٥٩ ڕووداوێک ڕوویدا لە بەنگلادیش کە کوشتارێکی زۆری تێکەوت، (یو ئێن)یش ئەو یادەوەرییەی دانا بۆ زمانی دایک (پاراستنی زمانی دایک) بە تایبەتی ئەمە بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی کورد کێشەی ناسنامەی سیاسی هەیە دەبێ ڕۆژی زمانی دایک لەناو گەلی کورد وەکوو جەژنی لێ بێت بەڕاستی دەبێت، لە هەموو جەژنەکان گەورەتر بێت. چونکە ئەمە دەبیتە هۆی کۆکردنەوەی کورد لە چواردەورەی فەرهەنگ، مێژوو، ژیانی کۆمەڵایەتی...تاد." هەروەها سەبارەت گرنگی زمان لە چوارچێوەی ئەدەبدا گووتیی، "ڕووبەر و پانتایی ئەدەب هەمووی زمانە، بێ زمان ئەدەب نییە. بەبێ زمان هیچ شتێک نییە، بەڕاستی زمان هەموو شتێکە. (ئێفخوانسوا میللێ) نووسەر و زمانناسێکی فەڕەنسییە، دەڵێ: ئێمە دەتوانین حەقیقەت تەنیا بە زمانی دایک بڵێین. لەبەرئەوە مرۆڤ دەتوانێ تەنیا بە زمانی دایک بە ڕێژەی ٪١٠٠ هەستەکانی خۆی دەربڕێت." 

د. کاروان عومەر قادر جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی پەیوەست بە پڕۆژەکانی داهاتووی ئەکادیمیای کوردی تایبەت بە نوچە نێتی ڕایگەیاند، "پڕۆژەکان چوار پڕۆژەی سەرەکییە پڕۆژەی یەکەممان بریتییە لە: هەوڵدان بۆ هێنانە کایەی (پڕۆژەی ڕێنووسی یەکگرتووی کوردی)، ڕێنووسی کوردی یەکێکە لەو بابەتانەی کە خزمەتێکی زۆر کراوە بەڵام ئارێشە و گرفتی زۆری هەیە، هەڵبەتە ئەو ئارێشە و گرفتەی کە هەیەتی هێندە گرفت و ئارێشەی ڕێکنەکەوتنە، هێندە گرفتی زانستی نییە. پڕۆژەی دووەممان: (پڕۆژەی فەرهەنگی کوردی - کوردی)، ئێمەی کورد تا ئێستا خاوەنی ئەم فەرهەنگە نین، بۆیە دەمانەوێت ئێمە لە پڕۆژەیەکی زانستیدا ببین بە خاوەنی ئەم فەرهەنگە کە تێیدا فەرهەنگێکی گشتگیر بێت، هەموو وشەکانی زمانی کوردی تێدا بێت. پڕۆژەی سێیەممان: (پڕۆژەی سیاسەتی زمانی و پلانی زمانی)یە. ئەم پڕۆژەیە بنەوانی سەرهەڵدانی زمانی ستانداردە، بەو هیوایەی ببێتە بنەمایەک بۆ دەستپێکردن بۆ دامەزراندنی زمانی ستانداردی کوردی. پڕۆژەی چوارەمیشمان: پڕۆژەیەکی تایبەتە بۆ بەشە کوردییەکان و توێژەران لە بەشە کوردییەکان، ئەویش بۆ چاپکردنی نامەی ماستەر و تێزی دکتۆراکانیانە." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین