پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێرەوە بۆ میونشن وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

پێشەکی

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن  (MSC2025) لە ئەڵمانیا، کۆنفڕانسەکە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی تایبەت و گرنگدا تێدەپەڕێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕی لەگەڵ  سەرۆك و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان ئەنجامدا و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاشتی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی ئابووری.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە (MSC2025) گرنگی ستراتیژی هەرێم لە کاروباری ناوچەیی و جیهانیدا دووپات دەکاتەوە. لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێمەوە، هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دادەندرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان، پەرەپێدانی گەشەی ئابووری و بەرەو پێش بردنی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا

بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێگەخۆشکەرە بۆ دووبارە بیرکردنەوە و بڕیاردان لەسەر هەرێمی کوردستان و عێڕاق لە ناوخۆ، ناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا، چونکە لە کۆبوونەوە جیاوازە گرنگەکانیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە هەماهەنگییە ناوخۆییەکان کردووە لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەروەها گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی کە وڵات تووشی قەیرانی گەورە نابێت کە کاریگەری لەسەر هاووڵاتییانی هەبێت، چونکە هاووڵاتییان شایستەی ژیانێکی باشترن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی باشبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای کرد، سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد بۆ هەوڵەکانی ناوبژیوانی، جەختی لەوە کردەوە هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بناغەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە.

دۆخی سووریا و سەقامگیریی ناوچەکە

له پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆک نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرسی سووریا بابەتی سەرەکی هەموو کۆبوونەوەکان بووە، پێشهاتەکانی سووریا دڵخۆشکەرە، هیوادارین دەسەڵاتدارییەتی نوێی سووریا هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بگرێتەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبووەوە، دووپاتی کردەوە، گرنگە مافی هەموو لایەنە جیاوازەکانی سووریا بپارێزرێت بە کوردیشەوە. شێوازێکی سیاسی پەسەند بکرێت بۆ هەموو لایەنەکانی سوریا کە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی فرەیی بێت کە تایبەتمەندییە تایبەتەکان وەکو هەر وڵاتێک لەخۆ بگرێت.

هەماهەنگییە ناوچەییەکان لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی عەرەبی

هەر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشی میونشن، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پابەندبوونی هەرێم و ئەنقەرە کرایەوە بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگییە جیاوازەکان.

هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عەرەب کۆبووەوە وەک وەزیری دەرەوەی ئوردن، سەرۆک وەزیرانی کوێت و وەزیری دەرەوەی بەحرەین، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابوورییەکان و ئاڵەنگارییەکانی ئاسایشی ناوچەکە کرایەوە.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ڕەوشی سیاسی عێراق و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باس لە دۆخی سووریا کرا. هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا دووپات کردەوە.

فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران 

ئەگەرچی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆنەبووەتەوە، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکیدا دوایین پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی کوردستان و ئێران ناوبرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی (ISNA) لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران کرد بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ناوچە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە هەڕەشە ئەمنییەکان. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی کوردستان لە بازرگانی نێوان عێراق و ئێران کە ساڵانە نزیکەی (10) ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوە لە هەوڵدانی بەردەوام بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە ستراتیژییەکان بە تایبەتی لە بواری ئاسایش و بەرگریدا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر. لە بەرامبەردا، واشنتۆن پابەندبوونی خۆی دووپات کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەماهەنگی ئەمنی فراوانتر.

هاوبەشییە ئەوروپییەکان

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئەڵمانیا گفتوگۆی کرد، لەوانە بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، نیلس شمید، وتەبێژی کاروباری دەرەوە لە پارتی سۆسیال دیموکرات، ئەندریاس شوارتز، ئەندامی کۆمیتەی بەرگری. 

هەروەها لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی و سکرتێری دەوڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ و کۆمەڵگەی فیدراڵی و هانس جۆرج ئەنگەلکە، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا کۆبووەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسگوزاری هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی ئەڵمانیا کردەوە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لە هەرێم و عێراقدا.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەڵمانیا پابەندبوونی وڵاتەکەیان بۆ پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، بەهێزکردنی هاوکاری نێوان ئەڵمانیا و عێراق و کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر زۆر گرنگە و بەردەوام دەبێت.

هاوکات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا تیشکیان خستە سەر هاوکاری ئەمنی، هاوبەشی ئابووری و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیرکردنی عێراق و ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پابەندبوونی بەریتانیای بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و باسی لە گرنگی هاوکارییەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئاسایشی، ئابووری ناوچەکە و ڕایگەیاند بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی ترەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژان نۆئێل باروت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی فەڕەنسا بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆر و هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی ئیستۆنیا، سەرۆکی بولگاریا و وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە

هەرێمی کوردستان، ناتۆ و کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەنس ستۆلتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لەسەر گرنگی پشتیوانی ناتۆ بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە. یەنس ستۆلتنبێرگ جەختی لەسەر پابەندبوونی هاوبەشی ناتۆ و عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پابەندبوونیان دووپات کردەوە سەبارەت بە پتەوکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان ناتۆ و عێراق و هەرێم لە گشت بوارە جیوازەکاندا، بە تایبەتی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان.

لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی سەرۆکدا لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی (14-2-2025) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، ستایشى پشتگیریى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى سووریاش، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

هەروەها سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، بۆچوونه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی ده‌رباره‌ى دۆخى سووریا و ناوچه‌كه‌ی به‌گشتى، به‌ جێى بایه‌خ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها ستایش و پێزانینى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش دووپات كرده‌وە و ئاماژه‌ى به‌ گرنگیى ڕۆڵ و به‌شداریى ئافره‌ت له‌ شه‌ڕى دژى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا كرد.

سەرچاوە: ماڵپەڕی (شەفەق نیوز)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین