شەفیقی حاجی خدر: نووسینی کوردی دەمێکە لەبەرنەبوونی زمانێکی ستاندار، ڕێنووس و قاموسێکی یەکگرتودا دەناڵێنێت کولتوور

نوچە نێت

نووسەر و وەڕگێری كورد، شەفیقی حاجی خدر لە دیمانەیەكی تایبەت بە نوچە نێت باس لە پرۆسەی وەرگێڕان دەكات و دەڵێت، "زمان ڕۆڵێکی جەوهەری لە سەرهەڵدان و پێشخستنی ژیارییەوە بینیوە و دەبینێ، کاتێکیش دەڵێین زمان، مەبەست لە دەربڕینی خواستی مرۆڤە، واتە لەڕێی زمانەوە وەرگێڕانی نیاز و خواستی مرۆڤ بۆ کردار، ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە."

دەقی دیمانەكەی ماڵپەڕی نوچە نێت لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ شەفقی حاجی خدر:

نوچە نێت: ‏ئەو تایبەتمەندییانە چین پێویستە لە وەرگێڕدا هەبن، بەرلەوەی دەست بۆ وەرگێڕانی پێچەوانە ببات؟

شەفیقی حاجی خدر: با لەپێشەوە بەدوای هەڵوێزنینەوەی سەرداوی بڕگەی یەکەمدا بگەڕێین، و پەردە لەسەرە ئەو تایبەتمەندییانە هەڵبدەینەوە، کە دەبێ لە وەرگێڕدا هەبن. ئاشکرایە وەرگێڕان مێژووییەکی زۆر دوورودرێژی هەیە، مێژووەکەش بۆ خودی سروشتی مرۆڤ و بەکۆمەڵبوون دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو خاسیەتە بەکۆمەڵكبوونی مرۆڤ، پێویستی بە لەیەکتێگەیشتن هەیە، کە خۆی لە هەموو سەروسەودا و هاموشۆیەکی ڕۆژانە دەبینێتەوە، هەڵبەت ئەمەش لەڕێگەی زمانەوە دەبێ. ئیدی زمان ڕۆڵێکی جەوهەری لە سەرهەڵدان و پێشخستنی ژیارییەوە بینیوە و دەبینێ، کاتێکیش دەڵێین زمان، مەبەست لە دەربڕینی خواستی مرۆڤە، واتە لەڕێی زمانەوە وەرگێڕانی نیاز و خواستی مرۆڤ بۆ کردار، ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە باسی زمان بکرێ، باسی فرەزمانی دەکرێ، چونکە مرۆڤ بە فرەزمانی و کەلتور و شارستانییەت ناسراوە، ئینجا نێوەندی لەیەکتێگەیشتنیش لەڕێگەی زمانی ماخۆکانی دەربڕینەوە بووە، کە لەیەک جیاواز بوون، ئەو لەیەکجیاوازییەش پێویستی بەزانینی زمانی یەکدی بووە، ڕاستییش ئەوەیە، فێربوونی زمانی یەکدیش بۆ هەموو کەسێک نەڕەخساوە، بۆیە وەرگێڕان ئەو ڕۆڵە بنگەییەی بینیوە. 

ئینجا بۆ ئەوەی وەرگێر بتوانێ بەباشی ئەو بەردەبازەی پەیوەندی نێوان دووشتی زمانجیاواز بێ، هەندێ خاسیەتی پێویستە، لەوانە شتێکی بەڵگەنەویستە زانینی دوو زمان یان پترە. لێ کاتێک باسی زانینی زمان دەکرێ، زانین بە واتای لێتێگەیشتن لەگەڵ زانین بە واتای پێدەربڕین و نووسین جیاوازە، چونکە هەر زمانێک سیستمی ڕستەسازی و نووسینی تایبەتی خۆی هەیە، کە ئەگەر زمان تەنیا قسەکردن بێ، هەر بە زکماکەوە مرۆڤ فێری ببێ، بە خۆڕسکی لەڕێگەی دایک و ماڵباتەکەوە هەمان زمان وەردەگرێ، کەچی نووسین شتێکی جیاوازە، لە بەهرە زیاتری پێویستە، ئەویش فێربوونە. هەڵبەت دەستوری زمان و ڕێزمانەکەی زیاتر لەکاتی نووسین دێتەگۆڕێ نەوەک ئاخاوتنی سەرپێیی، چونکە ئاخاوتن ئەوەندە پاشخانێکی هزری پێویست نییە، تا لەسەر شێواز و دەربڕین و بڕگە و وشەکانی بوەستی. لەکاتی ئاخاوتندا زمانی جەستەش هاوکارێکی باشە بۆ لێتێگەیشتن، بەڵام لە نووسیندا زمانی جەستە وەک هاریکارێک ڕۆڵ نابینێت. بۆیە نووسین بەندە بە ڕێسای تایبەتی خۆی، لەسەرووی هەمووشیانەوە چۆنیەتی تێگەیاندن تاچەند لەگەڵ سەلیقەی ئاخێوەرانی زمانەکە دێتەوە، تا بە ڕەوانی ئەوەی دەیخوێنێتەوە لێی تێبگا. ئەگەر ئەمە حاڵی زمان، یان حاڵی ئاخێوەر و نووسەری زمانە زگماکە خۆی بێ، ئەوا دۆخی ئاخاوتن و نووسین بە زمانێکی بیانی تەواو جیاوازە، چونکە ڕەوشەکە دەگۆڕێ، ئاخر باری سەلیقە و خۆڕسکی تێدەپەڕێنێ، دەچێتە بازنەی هەوڵوماندووبوونی فێربوون و مەشق و ڕاهێنان. کاتێکیش لەم قۆناغە دەربازی دەبێ، ئەوا مەرج نییە، هەر کەسێک دوو زمان یان زیاتری زانیبێ، ڕاستەوخۆ بتوانێ ببێتە وەرگێڕ، هەرچەندە بۆ فراوانبوونی دونیابینی خۆی دەبێتە وەرگێڕ؛ چونکە لەوانەیە ئەو زمانزانینەی هەر بۆ خۆی بێ، واتە بۆ ئەوە نەبێ بیکاتە ئامراز بۆ ئەوەی هاوزمانەکانی تێبگەیەنێ. بەواتایەکی دیکە، ئەو زانست یان ئەو هونەرەی نەبێ تا زمانزانینەکەی بۆ هاوزمامانی خۆی پەخش بکاتەوە. لێرەوە تایبەتمەندییەکانی وەرگێر دەردەکەوێ، کە لەپاڵ زانینی زمانی دیکە ئەوەیە ئاخۆ تا چەند لە مەغزای پەیامی دەقەکە بە زمانی بێگانە تێگەیشتووە، تا چەند توانیویەتی پاشخانەکەی بۆ دەربکەوێ، تا چەند مەتەڵی زمانەکەی هەڵهێناوە، تێگەیشتن بەو واتایەی بتوانێ جارێکی دیکەی بە زمانی زگماکی خۆی گوزارەی بکاتەوە، ئەوسا تا چەند بە زمانی زگماکی خۆی بڕستی بەسەر دەربڕیندا دەشکێ، بەتایبەتیش تا چەند لە هونەری نووسین دەزانێ و دەستی لە دەقنووسکردنەوەدا کراوەیە.

نوچە نێت: ‏بۆچی وەرگێڕانی پێچەوانە بۆ وەرگێڕی کورد نەبووەتە چەقی کار؟ دەزانین مێژووی ئەدەبی کوردی زۆر بەرهەمی دانسقە و ئەوتۆی تێدان، شایانی وەرگێڕانن بۆ زمانەکانی دونیا. ئێوە وەک وەرگێڕ هۆی وەرنەگێڕانیان بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

شەفیقی حاجی خدر: ئەوە پەیوەندی بە مێژووی وەرگێڕانەوە هەیە، کە بۆ نەتەوەکان بە بەراورد بە ئێمە ئاسانتر و لەبارتر بووە، چونکە ئەوان پاشخانێکی مێژووی گرنگیان لەو بوارەوە هەیە، کەچی بەداخەوە ئێمە ساواین! مەبەستم ئەوەیە بڵێم، مێژووی وەرگێڕان لەکۆندا، بەچەند سەدەیەک پێش زایین و پاش زاینیش، بەپلەی یەکەم لە دەقە پیرۆزە ئۆلییەکانەوە هاتووە، واتە دەقی دینی لە زمانی یەکەمەوە، بۆ زمانەکانی دیکە. دیارە هەروەک ڕێسای لۆژیکی بەرایی شتەکان، وەرگێڕانیش بە وەرگێڕانی زارەکی دەستیپێکردووە، لێ کاتێک بۆ بەڵگەی زیندوو بگەڕێینەوە و دەقی بەردەگڵین و هیرۆگلیفی و دیمۆتیکی و گریکی هەرەکۆن لێبگەڕێی و بچینە سەر دیرۆکی وەرگێڕانی دەق، ئەوا مێژوو هەر دەقی دینیمان نیشان دەدا. ئەمە کردەوەیەش بۆ سێ سەدە بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. هەر بۆ نمونە وەرگێڕانی دەقی دینیی بودایی لە سانسکریتییەوە بۆ سەر زمانی چینی هانەکان و دواتر بڵاوبوونەوەی بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دووردا. هەروەها وەرگێڕانی تەوارتی عیبری بۆ سەر زمانی گریکی کۆن، پاشان دوای بڵاوبوونەوەی کریستیانێتی و ئیمپراتۆریی ڕۆمانی ناچار بوو تەوجیل (مەبەست تەوڕات و ئینجیل بەیەکەوە) وەربگێڕیتە سەر زمانی لاتینی. لێرەدا وەرگێڕان بوو دینەکەی بڵاوکردەوە و لە چوارچێوەی تەسکی هەوادارە بەراییەکانی پەڕاندەوە بۆ پانتاییەکی گەورەتر، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، وەرگێڕانی دەقی دینی واتای دیکەیشی هەبوو، کە خۆی لەوەدا دەبینییەوە، دەقی زمانی دینی وەک شەقڵێک بە پیرۆز نەزانراوە، چونکە پیرۆزییەکە لە ناوەڕۆک و پەیامەکەیدا بووە، نەوەک شێوەی زمانی دەربڕین، لەبری ئەوە وەرگێڕان پیرۆزیی دەقەکەی بۆ زمانی وەرگێڕدراویش برد. هەر بۆ نموونە زمانی لاتینی تا کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستیش بەحوکمی دەقە دینییەکان بە پیرۆز دەزاندرا، تا ئەوکاتەی تەوجیل کرایە سەر زمانە ئەوروپییەکان، ئەمەش خۆی لە بزووتنەوەی چاکەخوازی پرۆتستانی بینییەوە، ئەوەوی لە ئاڵمان ئاڵا بە دەستی مارتن لۆسەر (١٤٨٣-١٥٤٦) و لە ئینگلیستانیش بەدەست ویلیەم تیندل(١٤٩٤-١٥٣٦)ەوە بوو. ئەەبوو مارتن لۆسەر تەوجیلی لە لاتینیەوە کردە ئاڵمانی و ویلیەم تیندلیش بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. پاشان وەرگێڕانی ئەم دەقە دینیانە لە زمانی بنەڕەتەوە بۆ زمانەکانی دیکە، بەمم جۆرە هیچ تابوویەک لەبەردەم وەرگێڕاندا نەما، بزووتنەوەی وەرگێڕان وایکرد زمانە نوێیەکانیش (بەشێوەیەکی ڕێژەیی) جێگەی خۆیان بگرن و گەشە بکەن، تەنانەت پێش زمانە بنەڕەتییەکەش بکەون. ئاخر خۆ ئێستا زمانی لاتینی بە زمانێکی مردوو دادەندرێ. لێ گەلۆ، کاتێک ئێمە بێین و ئەم ڕەوشە وەک پێوەرێک لەسەر زمانی کوردیدا دابنێین و پرسی ژیاری و بڵاوبوونەوەی زانیاری لە نێو کوردەواریدا پێ بپێوین، کە هەقی خۆشمانە وابکەین، بەداخەوە دەگەینە ئەنجامێکی پێچەوانە. لێکەوتەکە وەک ئاوەژووبوونەوەی زۆر شتی دیکەی سیاسی کوردەوارییە. لەبری ئەوە دەقی دینی لای ئێمە دنەدەر بێ بۆ وەرگێڕان و پاشان برەودان بە کردەی وەرگێڕان و کە بەقازانجی زمانەکەمان بکەوێتەوە، کەچی ڕێک پێچەوانەوە بووە، چونکە دەقە دینییەکان نەوەک هەر پیرۆز بوون بەڵکو زمانی پێنووسراویشیان پیرۆز بووە، بۆیە وەرگێڕانی دەقی پیرۆز تا سەردەمانێکی زۆر درەنگ حەڕام و بڤە بووە. ئەمەش نەرێیانە کاریکردووەتە سەر ڕەوشی جووڵەی وەرگێڕان لای ئێمە. خاڵێکی دیکەی جەوهەری ئەوە بووە، زمانانی ئەوروپی و زمانانی و نەتەوەکانی دراوسێمان، کە لەڕیی نووسین و وەرگێڕانەوە پەرەیان سەندووە، هۆکارێکی سیاسیشی لەپشتەوە بووە، ئەویش قەوارەبوونی دەوڵەت بووە، چونکە ئەو نەتەوانە لەڕێی دامودەگا دەوڵەتییەکانی خۆیان، کە پێویست بوو زمانی خۆیان بەکاربهێنن، گەشەیان بە زمانەکەیان داوە، هەروەها جموجۆڵی وەرگێڕانیش لای ئەوان بە شێوەیەکی ئاراستەکراو بووە، لەڕێی دامودەزگا تەرخانکراوەکانیانەوە بووە، بەداخەوە لەم ڕووەشەوە، کورد نەوەک هەر لەپاش بووە، بەڵکو لە سەردەمی ئێستاشماندا ئەو بزووتنە ئاراستەدارە میرییەی بەخۆیەوە نەبینی. هەروەها مەرج نییە وەرگێڕی ئاسایی بتوانێ لەهەمان کاتیشدا ڕۆڵی وەرگێڕانی پێچەوانەش ببینێ، چونکە سەلیقە و ئەزموون وایلێکردووە بڕستی بەسەر نووسین بە زمانی زگماکدا بشکێ، مێژووی وەرگێڕانی کوردیش شاهیدە، کە پیشەمەندبوون، بەو واتایەی لەڕێی خوێندنێکی ئاراستەکراو و خۆتەرخانکردنەوە گەیشتبێتە ئەو ئاستە، ئەوا تا ئێستا هیچ گەواهییەکمان بۆ ئەمە نییە. کردەی نەتوانینی وەرگێڕانی پێچەوانیش هیچ خەوشێکی بۆ وەرگێڕی ئاسایی تێدانییە، چونکە خۆشی داخواز نەبووە، ئەوەی دەیڵێم ڕێسا گشتییەکەیە، هەڵبەت باری ڕیزپەڕیش هەیە، لێ خۆ حیساب لەسەر ڕێسای گشتی دەکرێ. من بەش بەحاڵی خۆم لە ڕێسا گشتییەکەم. بەدەر لەوەش لەحاڵەتی هەبوونی دەقی باش و وەرگێڕانی پێچەوانەی شایستە، هێشتا کۆسپێکی گەورە دەمێنێتەوە؛ ئەویش دەرفەتی داڕشتنەوەوە (ئیدیت) و چاپکردنە لە جیهانی ڕۆژئاوا، چونکە چاپ لەوێ بەو ئاسانییە نییە کە لەنێو ئێمەدا هەیە، لەوێدا پرسی بزنس باڵکێشە، بۆیە ئەگەر بیرێکی جدی لەو پرسە بکرێتەوە، دەبێ بە باشی مشووری خەمی لەچاپدانیش بخورێ، کە دەزگایەکی ئاراستەکراوی تواناداری دەوێ، ئەمەش جاری وەک خەون دەبینرێ، چونکە سیاسەتبازە دەستڕۆیشتووەکان هێشتا لەبایەخی وەرگێڕانی ئاسایی نەگەیشتوون و بە خەمێکی نەتەوەییان نەزانیوە، چ جای وەرگێڕانی پێچەوانە!

نوچە نێت: ‏"ڕەسووڵی حەمزەتۆڤ" دەڵێت: شیعری وەرگێڕاو لە گوڵی ئەودیوی فەرش دەچێ. "شێرکۆ بێکەس"یش دەڵێ: شیعری وەرگێڕدراو وەکوو میوەی گوشراوی بێ تام و بۆیە، یان وەکوو ماچی ئەودیوی شوشەیە. دەمەوێ بپرسم، توانای وەرگێڕ تاچەند یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی تام و بۆی شیعر بۆ زمانی تر؟ ڕێگرییەکانی وەرگێڕانی پێچەوانە بۆ شیعری کوردی چین؟ چ ئاستەنگێک دێتە پێش، گەر بمانەوێ دیوانە کلاسیکییەکانمان بۆ زمانانی جیهان وەربگێڕین و پێتان وایە بۆچی تاوەکوو ئێستا چارەسەر نەکراون؟ 

شەفیقی حاجی خدر: دەبێ لایی لەو ئاستەنگانەی بەردەم نووسین بێنینە زمان، بەتایبەتیش ئاستەنگەکانی بەردەم نووسینی کوردی، کە ڕاستەوخۆ لە وەرگێرانیشدا بەرجەستەیە. خۆی سێ کێشە سەرەکییەکەی نووسینی کوردی، کە دەمێکەوە لەبن بارییەوە دەناڵێنێ؛ ئەوەی خۆی لە نەبوونی زمانێکی یەکگرتوو (ستاندارد) و نەبوونی ڕێنووس و قاموسێکی یەکگرتودا دەبینێتەوە، ڕاستەخۆ بەرۆکی وەرگێڕانیش دەگرێتەوە. چونکە نەبوونی ئەو سێ شتەی سەروو، بەتایبەتی نەبوونی ڕێنووس و قاموسێکی یەکگرتوو وادەکا، هەر نووسێنێک لەبازنەی ڕەخنە دەربچێ، چونکە ئەوکات بەڵگەوبەندی فرەچەشنی، واتە فرە ڕێنووسی و فرە قاموسی دێتە گۆڕێ، ئینجا میزاجی نووسەر یان وەرگێڕ بۆ ئەوەی بە ئاسانی  خۆی لە ڕاستییەکانی دەستوری زمان بدزێتەوە. بۆیە وەرگێڕان بەدەر لەوەی تووشی هەمان سەختانگییەکانی نووسینی کوردی دەبێتەوە، سەرباریشی هەیە، سەربارەکەشی لە زەحمەتییەکانیدا دەبینێتەوە، بەوەی ئەو دەقەی وەریدەگێڕێ هەر لە بە پێوەری زمانزانین لەبێژینگ نەدرێ، بەڵکو لە تێگەیشتن لە پەیامەکە، لە پاشخانەکە، لە هەندێ وردەکاریی زمانەکە، ئینجا لە هەموو ئەو خاسیەتانەی لە نووسەرێکی باشدا هەن، خۆی دەبینێتەوە، چونکە وەرگێڕان نەوەک هەر نووسینە، بەڵكو نووسینەوەیە، سەختییەکەشی لەوەدایە، بابای وەرگێڕ بە چوارچێوەیەک بەندە کە لەبەر دەستی دایە، نابێ لێی دەربچێ، پێویستە دەستپاکییش بنەمای سەرەکی بێ، واتە لە هزر و تێڕامانی نووسینەوەی دەقەکەی بەردەستیدا وەک ماخۆی نووسەر ئازاد نییە، هەروەها لە هەمووشی گرنگتر، ئەو داڕسانەیە، کە وای لێدەخوازرێ هەرهیچ نەبێ ئەگەر لە نووسینێکی زمانی زگماکیش بەپێزتر نەبێ بەلای کەمییەوە هاوشانی بێ. هەموولایەکیشمان ئەوە دەزانێ، کە نووسین بۆ خوێنەر بەپێزترە و پاراوترە لە وەرگێڕان، بۆیە ئەرکی وەرگێڕ زۆر لە نووسەر سەختترە، چونکە دەبێ لەوبارەیەوە، لەبارەی پاراوای دەربڕینەکە، لە نووسەرەکە بباتەوە، دەنا وەرگێڕانێکی کرچوکاڵ دەردەچێ. هەر لەبەر ئەم هۆکار و ئاسەتانگانەی بەردەم نوسینی کوردی بە نووسینی خۆمانە و وەرگێڕانەوە هەیە، دوو پەیام لەسەر شانی وەرگێڕە، یەکەمیان گەیاندنی پەیامی دەقە ماکە وەرگێردراوەکەیە، دوهەمیشیان پەیامی زمانە، ئاخر قۆناغی گەشەکردنی زمانەکە ئەوەی داخوازە.

نوچە نێت: ‏ئەو بەرهەمە ئەدەبییە کوردییانە چین، ئێوە بە شایانی ئەوەیان دەزانن، بۆ زمانی بێگانە وەربگێڕدرێن؟

شەفیقی حاجی خدر: زۆر بەپوختی پێموایە ئێمە هێشتا ئەو قۆناغەی وەرگێڕانی ئاساییمان بە باشی تێنەپەڕاندووە، تەنانەت لەزۆر بواری زانستی و زانیاریدا هەر کڵۆڵ و نەداریشین، ڕەفەی کتێبخانەکانمان لەو بوارەوە بەتاڵن، بۆیە تا بەباشی لەسەر پێی خۆمان لەڕێی وەرگێڕان بۆ کوردی نەوەستین، ناکرێ بە شێوەیەکی ئاراستەکراو ڕوو لە وەرگێڕانی پێچەوانە بکەین، چونکە بەدەر لە ئەدەب، لەنێو ئەبیشدا شیعر (بە کلاسیک و نوێیەوە)، لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە چیرۆک و ڕۆمانێک، شتێکی ئەوتۆی وەها نادۆزینەوە ڕووی وەرگێڕانی پێچەوانەی پێ بگەشێنینەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین