لەدەرەوەی ئیمرالییەوە؛ کێ پەیامەکەی ئۆجالانی پێویستە؟ بیروڕا

نوچە نێت

نوسینی: پ.ی.د.هەردی مەهدی میکە

سەدەی دووەمی تورکیا هەڵگەڕانەوە لە کەمالیسم بە هێمنی

ئۆجالان و ئاردۆگان دەیانەوێت وەک سەدەی یەکەمی کۆمار چۆن ١٩٢٠ و بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی لە تورکیا کورد و پێکەوە سەریانخست، هەر ئاواش لە "سەدەی دووەمی کۆماری تورکیا"دا دیسانەوە کورد و تورک پێکەوە بە فۆرمێکی نوێ بنیادی بنێنەوە و بنەما پێشینەکانی هەڵوەشێننەوە بە بێ ئەوەی ئەم شەرە ڕابگەیەنێت. بەڵام لە کۆتاییدا بەرهەمی کۆماری یەکەم، (مستەفا کەمال و ئەنینۆ) بە ململانێ و سیاسەتی پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی کورد و بنەما شەشییە تورک-تەوەرییەکەی ئەتاتورک بنیادنرا.  کە تورکیای خوێناوی کرد و کورد و تورکی بەرامبەر یەک دانا نەک پێکەوە. بەڵام ئۆجالان بە تێگەیشتنەوە لە "ڕۆحی سەردەم" ئەمجارە ڕوون دەیەوێت سێ کەس سەردەمی سەدەی دووەمی کۆماری تورکیا داڕێژنەوە (ئەردۆگان، باخچەلی و ئۆجالان) و بنەماکانی سەدەی یەکەم هەڵگێڕێتەوە بەڵام بە سیاسەت نەک بە چەک! 

پەیامێکی کۆن، بە تامی تازە

با وا دابنێین ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (عەبدوڵا ئۆجالان) هیچ پەیامێکی نەبووە، خۆ دۆخێکی نوێ ڕووبەڕووی پەکەکە بەتایبەت و بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستان و نێوچەکە بووەتەوە، لە فۆرمە گشتییەکەیدا هەڵگری هەڕەشەی ڕاستینەیە و هاوکات لە پێچووپەناکانیشیدا دەکرێت هەل و دەرفەتی گونجاو دروستبکات، بۆیە بەر لە هەرلایەک دەبێت میراتە سیاسییەکەی ئۆجالان، بیر لە باوەڕ و ستراتیژ و ئامرازە باوەکانی خۆی بکاتەوە، بە جۆرێک لەگەڵ ئەم سەردەمە تازە پەیدابووەدا بگونجێت، کە تاڕادەیەک دەرفەت دەداتە هەندێ هێزی نادەوڵەتی و هەڕەشەش لە مۆدێلی هەندێک مۆدێلی نادەوڵەتی وەک حەماس و حزبوڵا و پەکەکە دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە: گەر پەیامەکەی ئۆجالانیش نەبێت، قەندیل لەسەردەمی پاش ٧ی ئۆکتۆبەر و شکستی تەوەری بەرگری "میحوەری مقاوەمە" و سەردەمی سوریای نوێ دەتوانێت پارێزگاری لە خۆیی و ئەزموونی ڕۆژئاڤا و میراتەکەی بکات؟ ئایا ئەم پەیامە گۆڕانکاری و پاشگەزییە لە باوەڕی ئۆجالان یان هەمان خواستە پێشینەکانییەتی؟ گەر دووبارەیە بۆچی هەنووکە زیاتر کاریگەری و کاردانەوەی دروستکرد؟

"با چەکەکان بێدەنگ بن، گەیشتینە قۆناغێک کە هزرەکان و سیاسەت قسە بکەن"

گەردەلوولی گۆڕانکارییەکان

بەر لە وەڵامی پرسیارەکان، گرنگە ئەم گۆڕانکارییە نوێیانەی دوو ساڵی ڕابردوو لەبەرچاو بگرین، کە پەیامی ئۆجالان، هەبێت یان نا هەڕەشەن لەسەر هەبوونی بەمشێوەی قەندیل بە تایبەتی و پەکەکە و لقەکانی بە گشتی:

  • لێکەوتەکانی پاش حەوتی ئۆکتۆبەر و و شکانی دوو باڵی میحوەری بەرەنگاریی ئێرانی (حزبوڵا-ئەسەد) و پەرتبوونی تێزی جەنگی یەکخستنی گۆڕەپانەکانی شیعەی سیاسی.
  •  هاتنەسەرکاریی تەحریروشام (نوسرەی پێشتر و قاعیدەی پێشینتر) و پرۆ تورکییەکان لە سوریا. لە کاتێکدا پەکەکە لە بنچەوە شەڕی هزری و مەیدانی لەگەڵ ئەمانەدا هەیە و لە یەک بە یەکی ڕۆژانی جەنگی سوریادا، پەکەکە نیمچە هاوپەیمانیی ئەسەد بووە دژی ئەم گرووپانە!
  • گەڕانەوەی ترەمپ و سیاسەتەکانی، لە ڕووی باوەڕ و سیاسەتەوە، کەمتر جێی هێزی باوەڕ گشتگیر و چەپەکان دەکاتەوە و جەختی سەرەتا و کۆتایی ئاشتییە و ڕاگرتنی جەنگەکان: لە ئۆکرانیاوە تا غەززە و هەرچی لە نێوانیدایە و تورکیاش وەک دژبەری پەکەکە لەو بازنەیەی هاوکێشەکانی ترەمپدا تا هەنووکە جێی پتەوە و یەکێکە لە ئەکتەرە کاریگەرەکانی ئەو سیناریۆیە. 
  • هەنگاوێکی دیکەی ترەمپ، تەوقدان و نینۆککردنی تارانە، لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە بە ئازەربایجان و تاڵیبان ئەم کارە کراوە و ماوەتەوە بە دیوی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، کە هەبوونی قەندیل بەم فۆرمری هەنووکەی بە بەشێک لە قەڵغانی لاوازکردنی گەمارۆدان و تەوقدانی ئێرانە، ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ و سیاسەتی "کوشتن بە هەزارچەقۆی ئیسرائیل بەرامبەر تاران".
  • بە ئەگەری زۆر عێراق گۆرانکاریی بەسەردا دێت و فۆرمی هاوکێشەکان بەمشێوەیە نامێننەوە، حەشدی شەعبی و مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئابووریی عێراق و پەیوەندی بە ئێرانەوە، گۆڕانی بەسەردا دێت و هەنووکە حکومەتی سوودانی لە نێو ئەو مۆڵەتەدایە کە واشنتۆن پێیداوە بۆ گۆڕێنی ڕەفتاری خۆی بەرامبەر ئێران و مامەڵەی وزە و حەلکردنی حەشد و هەناردەکردنەوەی نەوت و چاککردنەوەی پەیوەندیی هەولێر-بەغدا.
  • دۆخی هەرێمی کوردستان خۆی سازگارکردووە، لەگەڵ سیاسەتی نوێدا، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان هەرێمی کوردستانێکی تەبا و بەهێز و عێراقێکی نائێرانیان دەوێت، لەم پرۆسەیەدا بەم باوەڕ و جەکەی ئێستاوە هەم هەبوونی پەکەکە لە قەندیل کێشەیە و هەم لە ڕابردووشدا بووەتە هۆی گرفت بۆ دبلۆماسییەتی عێراق و هەرێم و خاڵیکی سەرەکی هۆکاریی ناتەبایی پارتی و یەکێتی بووە. 

هەموو ئەم گۆڕانکارییانە وەک ستراتیژ و سیاسەت، جۆرێک لە جۆرەکان پێچەوانەی سیاسەتەکانی پەکەکەن لە قەندیل و سوریا و عێراق: پەکەکە لە ڕابردووی دووریدا دژی ئیسرائیل و تورکیا بووە، لە ڕابردووی نزیکیدا، دژی پێکهێنەرەکانی حکومەتی نوێی سوریا و نزیک بووە لە بەشار ئەسەد، ناکۆک بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لە شەنگال و نێوچەی جێناکۆک هاوپەیمانی حەشدی شەعبی بووە ولە قەندیلیش هەماهەنگی لەگەڵ ئێران هەبووە، بۆ لاوازکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارێزگاری لە سنوورەکان لەبەرژەوەندیی هیلالی شیعی.

ئایا بەم ئاڵووگۆڕەوە، گۆرانکاریی لە ستراتیژ و باوەڕ و ئامرازی بەرەنگاریی پەکەکەدا پێویست نییە؟ ڕاستتر دەتوانێت بمێنێتەوە؟ بنەماکانی بەهێزبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییە نوێیانەی پێیە؟

کەواتە پەیامەکەی ئۆجالان بەرلەوەی سازش بێت، بۆ ڕزگارکردنی پەکەکەیە لە قەیرانی ئایدۆلۆژیا و پەیوەندیی و سیاسەتکردنی.   

ئایا ئۆجالان پاشگەزبووەتەوە؟

هەندێک وا لێکی دەدەنەوە وەک ئەوەی ئۆجالان، لە ڕووی بیر و سیاسەت و ستراتیژەوە وەرچەرخابێت و کودەتای بەسەر باوەڕی خۆیدا کردبێت ڕەنگە ئەمە بۆ بەر لە زیندانییکردنی ڕاست بێت، بەڵام بۆ پاش قۆناغی ئیمرالی هیچ گۆڕانێک ڕووینەداوە. گەر لەئەدەبیاتی جێماوی ئۆجالان وردبینەوە، دەتوانین بەشی ئەوە پێدراو بدۆزینەوە کە ئەم ڕەوتەی پەیامەکەی پێ نووسراوە ڕەوتی درێژەپێدراوی جۆرێکی دیکە لە باوەڕی ناوبراوە و تەنانەت لە قۆناغی نێو زیندانیشدا لە ڕووی فۆرمیشەوە بێ گۆڕانکاری خودی ئەم داواکارییانەی ئۆجەلان وەک نێوەڕۆک دەقاودەق دووبارەن و لە زنجیرە هەنگاوە سیاسی و هزرییەکانیدا بوونیان هەیە، گەر نێوەڕۆکی نامەکەی نەورۆزی ٢١/٣/٢٠١٣ و پەیامەکانی پاشتریشیەوە، هەمان ئەم باوەڕ و خواستانە دەبینرێنەوە.

 لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٣دا دەقاودەق ئەمانەی دووپاتکردەوە، لێرەدا هەندێک لە بنەماکانی دەخرێنەڕوو: 

  • وەک هەمیشە "هەموو جۆرە داسەپاندنێک و شەڕ بووە دژی ستەم و چەساندنەوە" ڕەتکردەوە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە "ئەمڕۆ تورکیایەکی نوێ و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی نوێدا هۆشیاردەبینەوە".
  • جەختی لەسەر وەلانانی قۆناغی "٢٠٠ ساڵەی ڕابردوو" کە "ڕژێمی پیلانگێڕ و کودەتاچی" خۆی پێ نۆژەن دەکاتەوە کە پشت بە "مۆدێرنێتەی کاپیتاڵیستی" دەبەستێت. ئۆجالان ئەمە ڕەتدەکاتەوە و باوەڕی وایە دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک لەسەر ئامانجی مێژوویی خۆیان جێگیر بن. لێرەدا ئۆجالان باوەڕی وایە ئەم پەیوەندییە هەنووکەییەی پڕ ململانێیەی تورک و کورد بەرهەمی دنیای هاوچەرخە و دەبێت ڕەتبکرێتەوە.
  • باوەڕی وابوو "ئاشتی لە جەنگ قورسترە و لە هەموو شەڕێکدا ئاشتی هەیە...لەگەڵ یەک ڕێکبکەوین ناترسین". بە مانایەکی دیکە ئامادەیی بۆ چەکدانان.

پەیامەکەی ئۆجالان بەرلەوەی سازش بێت، بۆ ڕزگارکردنی پەکەکەیە لە قەیرانی ئایدۆلۆژیا و پەیوەندیی و سیاسەتکردنی

لە پەیامی نەورۆزی ٢٠١٥شدا لە بەردەم ئاپۆرای خەڵکدا لە ئامەد خوێنرایەوە، جەختی کردەوە لەسەر "ئامادەیی بۆ چەکدانان" و لێکتێگەیشتنی لە ڕێکەوتنامەی (دۆڵمە باخچە) کردبوویەوە، کە لە نەخشەڕێگایەکی ١٠ خاڵی پێکدێت و ئامادەیی بۆ دەسپێکی قۆناغی نوێ دەربڕییەوە و ڕوون و ڕاشکاو داوای کرد کە "پەکەکە ئەو تێکۆشانەی کە نزیکەی ٤٠ساڵە لە دژی تورکیا بەڕێوەی دەبات لە چەک پێکدەهات، کۆتایی پێبهێنن" هەر لێرەشدا بوو ئەمەی بە خۆ سازکردن لەگەڵ "ڕۆحی سەردەمیانە" لەقەڵەمدا و بەستنی کۆنگرەیەکی بە مێژوویی و پێویست لەقەلەم دا.

ئۆجالان لە پەیامی جەژنانەی ٢٠١٦شدا ئەمەی وت: "جەنگێکی قوڵ بەردەوامە، لەم جەنگەدا، دولا توانای سەرکەوتنیان بەسەر یەکتردا نیە. سی تا چل ساڵە ئەم جەنگە درێژەی هەیە. جەنگێک دەتوانێت تا هەشتا ساڵی تریش درێژەی هەبێت. بەداخەوە لەبەر ئەو مرۆڤانەی گیان دەسپێرن، ئەبێت ئیتر خوێنڕێژیەکان کۆتاییان پێبێت و فرمێسک نەرێژرێت. لایەنی سەرەکی لەم نێوانەدا حکومەتە، ئەگەر حکومەت ئارەزوی هەبێت ئەم مەسەلەیە زۆر درێژە ناکێشێت و چارەسەر دەبێت..... لە روی جەستەییەوە لە دۆخێکی باشدام. سبەینێ جەژنە، جەژنی قوربان. چۆن دەکرێت جەژن بگێڕدرێت. ئەمە لە بنچینەدا هەنگاوێکی نائەخلاقیە نیە. چارەی ئەم مەسەلەیە لە ئەستۆی ئێمەدایە و دەتوانین ئەوە کردەیی بکەین."

لە پەیامی ٢٠١٩شدا سەرەرای هەموو بەربەستەکان و تاکڕەوییەکانی ئەکەپە و ناپاکی نیازەکانی دەوڵەت، دیسان هەر ئۆجالان جەختی لەسەر زیندووکرنەوەی پرۆسەی ئاشتی کردەوە. 

ئۆجالان بەم پەیامانە دەردەکەوێت لەسەر یەک هێڵ کاردەکات کە بیناکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و سەدەی دووەمی کۆماری تورکیایە. بە هەوڵی ئەو بنەمای پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی دەوڵەتی تورکیا و پکک-ی جێگیرکرد و زۆر قۆناغیشی بڕی. بەڵام بێمتمانەیی هەردوولا و دۆخی هەرێمایەتی و بەهاری عەرەبی و نزیکبوونەوەی ئەکەپە-ئیخوان و دۆخی بەهاری عەرەبی لە سوریا و لێکەوتەکانی و لەلایەکی دیکەوە نزیکایەتی قەندیل و بەرەی مقاوەمە بە ڕێبەری ئێران و هاندانی ئێران بۆ دژایەتی چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد لە باکوور، پرۆسەکەی کاڵکردەوە و گەڕانەوە سەر زمانی چەک و پرۆسەکەی هەڵوەشاندەوە و تا وای لێهات قەندیل "دیاربەکری کردە قوربانی قامیشلویەکی نادیار".   

ئەو لە پەیامەکانی ڕابردوویدا ڕوون وتوویەتی "با چەکەکان بێدەنگ بن، گەیشتینە قۆناغێک کە هزرەکان و سیاسەت قسە بکەن". جەختی لەسەر هاوبەشی کاری پێکەوەیی تورک و کورد و گەڕانەوە بۆ ڕابردووی کاری پێکەوەیی [مەبەستی بەر لە دەرکەوتنی دەوڵەت-نەتەوەی تورک و دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخە]، دەکردەوە و شەڕی هاوبەشی ڕزگارییخوازیی پێکەوەیی تورک و کورد لە مەجلیسی ١٩٢٠ و میساقی میللییش بە نموونە هێناوەتەوە و وەک سیمبولیک "ڕۆحی ئەشمە"ی بە هێمای مێژووی نوێی پێکەوەیی تورک و کورد نیشاندا و ئەو دوژمنایەتی کورد-تورک-عەرەب-فارسی بە دەستکردی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی لەقەڵەمدا. 

پەیامەکەی ٢٠٢٥

ئێستا پاش خستنەڕوویەکی خێرای پەیامە پێشینەکانی ئۆجالان دەردەکەوێت کە جیاوازییەکی قوڵ لە باوەڕ و بنەما و ستراتیژی ناوبراو بوونی نییە و هەر دووپاتکردنەوەی باوەڕە پێشینەکانییەتی، ئەوەتا جەخت دەکاتەوە لەسەر: "پەیوەندی نێوان کورد و تورک؛ به درێژایی زیاتر له هەزار ساڵی مێژوودا، تورک و کورد بۆ بەردەوامیدان بە هەبوونی خۆیان و لە دژی هێزە هەژموونگەران بمێننەوە"، هەروەها باوەڕی وایە: "دوو سەد ساڵی ڕابردووی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئامانجی تێکدانی ئەم هاوپەیمانییە بووە"، دوا داواکاریشی ئەوە بوو: "بە دڵخوازی کۆنگرەی خۆتان ئەنجامبدەن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە".

لێرەوە دەردەکەوێت هیچ ناکۆکییەک نییە لە باوەڕی ئۆجالاندا لە پەیامی ٢٠١٣ەوە تا ٢٠٢٥، ئەو بەدرێژایی ١٢ ساڵی رابردوو هەنگاوی بۆ ئەوە ناوە کە "سەدەی دووەمی کۆماری تورکیا" بنەمایی مێژوویی بکاتە پێوەر و هەر بەو تەوەرەش سەرجەم بنەماکانی پەیامە جیاوازەکانی (لە ڕووی کاتەوە) داڕشتووە.

ئەنجامگیری؛ سیاسەتکردن لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجالان گرنگترە لە خودی پەیامەکە

پەیامەکەی ئۆجەلان گەر لە مەیدانیشدا (بالفعل) جێبەجێ نەکرێت، تیۆری و (بیلقوە) دەرکە و پەنجەرەی زۆر فراوانی سیاسەتکردنی ورد و مانۆڕی تەکتیکیی بەرژەوەندییخوازانە بۆ کورد لەسەر ڕۆژئاوا و خەباتی مەدەنی باکوور و بگرە بۆ ئاشتەوایی قوڵتری نێوخۆی باشووریش (ینک و پدک) دەکاتەوە. زۆر بیانووبڕی سیاسەتی ڕقخوازانەی تورکیا و وڵاتانی هەرێمایەتیشە.

پێویست ناکات ببینە دادوەر بیر لە باشی و خراپی پەیامەکە بکەینەوە، ئەوەندی گرنگە وەک سیاسەتی باڵا بیر لەوە بکەینەوە چۆن بەکاری بهێنینەوە و وەبەریبهێنین. ڕێگای ئاقڵانەی سیاسەتکردن تێگەیشتن و توولەڕێگا پێچاوپێچەکانن، ڕێگای ئاسانیش خۆدزینەوە و حوکمدانی باشی و خراپە، ئەمە بۆ کورد باش نییە و خۆلادانە لە بیرکردنەوە و سیاسەتکردن.

ئیتر سیاسەتناس و سیاسەتوانی باشی دەوێت وەریبگێڕێتە سەر زەمینەی کەتوار و بڕگە بڕگە بۆ کوردستان و مرۆڤی کورد سیاسەتیی پێبکات، چەکدانان، کرۆکی پەیامەکە نییە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین