ژن لە دەرەوەی مێژوو بیروڕا

ڕاز ئەسعەد

(ڕۆڵی ژن لە مێژوودا)، ئەم دەستەواژەیە ناونیشان، تایتڵ و ناوەڕۆکی زۆرینەی بابەتەکانی تایبەت بە ژنانن لە بواری مێژوودا، تا نووسەرەکان بە پێی تێگەیشتن و دیدگای خۆیان بۆ جیهانبینی نوێ و پێویستییەکانی سەردەم، ڕۆڵ و پێگەی گونجاو بۆ ژنان بگێڕنەوە، وەک دیاردەیەکی باوی سەردەمیش ئێستا زۆرینە دەیەوێت لەو ڕێیەوە خۆی بە پێشکەوتووخواز دەربخات، بۆیە دەبینین زۆرینەی بابەتەکان باس لە ڕۆڵ و پێگە و جێگەی ژن دەکات لە (مێژوو)دا.

تا ئێرە ئاسایی و سەردەمیی و پێویستییە، بەڵام بە ئاگایی بێت یان بێ ئاگایی هەر کە دەستپێدەکەن ڕاستەوخۆ دەستەواژەی (ژن لە مێژوودا) بەکاردەهێنن، ئەم شێوازی نووسین و ئاخافتنە، بە تەنیا زمانی هەندێک یان بەشێک لە نووسەران نییە، بەڵکو دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامە، گۆڤارەکان و پێگەکانی بڵاوکردنەوەی میدیایی و نا میدیاییشی گرتووەتەوە، تەنانەت دەزگا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان و ئافرەتانیش بە هەمان شێواز بابەتەکان باس دەکەن و بیرێک لە مانا و گوزارشتەکە ناکەنەوە.

دەربڕینی (ژن لە مێژوودا) لە ڕووی زمانەوانییەوە دروستە، بەڵام ئەگەر لە ڕووی  لۆژیکی زمان و واتاسازییەوە لێکیبدرێتەوە، ئەوا زۆر بە ئاسانی بەشێک لە ژنان دەخاتە دەرەوەی مێژووەوە، کە دەڵێیت ژن لە مێژوودا، واتە ژنگەلێکیش هەن لە دەرەوەی مێژوو! ئەمە دانپێدانانێکی زۆر مەترسیدارە، کە بێ ئاگایانە ژنانێک دەخەیتەوە دەرەوەی مێژوو. بەواتایەکی دیکە، ئێمە چۆن وەسفی ژن بکەین لە مێژوودا، لە هەمان کاتدا داننانیشە بەوەی ژن لە دەرەوەی مێژووشدا هەیە، واتە خۆی لە ڕاستیدا لە دەرەوەیە، بەڵام ئێمەی پێشکەوتووخواز هاتووین بیخەینە ناو مێژووەوە، ئەمەش نەک هەر زوڵم و نادادی و ناڕاستە، بەڵکو سڕینەوەی بەشێکی زۆری ئەو مێژووەیە کە ژن دروستیکردووە، نەک لە پەراوێزیدا خنەخنی بووبێت.

ئەمە یەکێکە لەو هەڵە زەقانەی ڕۆژانە گوێبیستی دەبین و تێیڕانامێنین، چونکە دەمانگەیەنێت بەوەی کە قۆناغێکی مێژوویی هەیە، تێیدا ژن لە دەرەوەی مێژووە، لە کاتێکدا سەرلەبەری مێژوو بۆ تاکە ڕۆژێکیش بێ ژن نەگوزەراوە. بۆئەوەی لە مێژوو تێبگەین پێویستە سەرەتا لە ژن تێبگەین، چونکە ژن کلیلی تێگەیشتنە لە گۆشە پەنهانەکانی مێژوو، لێرەوە بەر ئەو ڕاستییە دەکەوینەوە، کە مێژوو وەک کایەیەکی مەعریفی باڵا، هەمیشە لە گەشەسەندندایە و هەرگیز قەتیسبوون لە مێژوودا دروست نابێت، بەو واتایەی کارەکتەرێکی سەرەکی خوڵقاندنی مێژوو، کە ژنە، بەردەوام لە بزواندنی ئەم بزووتنەوەیەدا بووە.

لوسیان میڵسۆن دەڵێت: ''خودی مرۆڤ (سروشت)ی نییە، بەڵکو (مێژوو)ی هەیە''، ئەگەر بە لێکدانەوەیەکی شیکاریی بەم وتەیەدا ڕۆبچین، مێژوو دەبێتە بەرهەمی نێوان ئێستا و ڕابردوو، ژنیش لەم مێژووەدا، دەتوانین بڵێین مێژووێکە لەناو مێژوودا، نەک کارەکتەرێکی دروستبوونی مێژوو، بەڵام لە دەرەوەی مێژوو نا، چونکە دۆزینەوەی کشتوکاڵ، کە بناغەی بنیادنانی شارستانیەتە، لەلایەن ژنەوە بووە، کەواتە یەکەم جوتیار ژن بووە، یەکەمین کۆمەڵگای مرۆیی بە سەرکردایەتی پیاوی جەنگاوەری ڕاوکەر دانەمەزرێنراوە، بەڵکو بە ڕۆڵی دایکایەتی ژن دروستبووە، هاوکات ژن یەکەم تەونکەر، دروومانکەر و یەکەم پزیشک بووە، ژن بناغەی یەکەم گوند و ماڵی داڕشتووە، ئەمانە مشتێکن لە خەرما nbsx+نێک کە تێدا ژن ڕۆڵی بکەری و پێشەنگی گێڕاوە و وایکردوە سەرلەبەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگایەکی ڕواکردنەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی و مەدەنی و شارستانیەت بوون بگوازێتەوە.

ماری ڕیتەر بێرد، یەکەم مێژوونوسی ژن و چالاکوانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، دەڵێت: "ژن خودی مێژووە و هەر خۆشی مێژووی دروستکردووە"، مێژووێک کە ژن دروستی کردبێت، ئێستا چۆن دەکرێت بیگێڕینەوە ناوی، بۆیە ژن لە دەرەوە و ناوەوەی مێژوو نییە، ژن خودی مێژووە.

 

سەرچاوەکان

١-فیراس سەواح، نهێنی عەشتار، و:ئیبراهیم فەتاح، چ١، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ، سلێمانی، ٢٠١٠.

٢-ئاندرێ میشێل، بزوتنەوەی ژنان، و:خالید عەلیزادە، چاپخانەی بینایی، سلێمانی، ٢٠١٥.

٣-کامەران محەمەد و ڕاز ئەسعەد، ژن و بزوتنەوەی مێژوو، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢.

٤-میسون وائل یوسف العتوم، مفهوم المرأة في خطاب التقلیدی والحداثي في مجتمع مدینة عمان، دراسة في علم الاجتماع الثقافي، اطروحة دکتوراە مقدمة إلی مجلس کلیة دراسات العلیا، جامعة الاردنیة، عمان، ٢٠١٠.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین