٨ی مارس، ڕۆژێک بۆ پێداچوونەوە
ڕاز ئەسعەد
ساڵانە ڕێکخراوی یۆنسکۆ بۆ ٨ی مارس دروشمی تایبەتی هەیە، بۆ ساڵی ٢٠٢٥ یادەکە لە ژێر دروشمی (یەکسانی لەسەر بنەمای جێندەری ئەمڕۆ، لە پێناوی سبەینێیەکی بەردەوامدا)، دەبێت و بۆ ئەم مەبەستە چەندین چالاکی ئەنجامدەدرێت، زۆری کارەکانیش پەیوەستن بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاوهەوا لەسەر ژنان و پێگەی لاوازی ژنان لە دنیای دیجیتاڵی و ژمارەیی و زانستە گرنگەکانی سەردەمی وەک وزەی خۆر و فەزا و زیرەکی دەستکرد و وچەندین بواریتر.
لە ساڵی (٢٠٢٣)دا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان،(ئەنتۆنیۆ گۆتێریچ) گوتی''ناتوانین لە بەندیی ئەم نەهامەتییە قوتاربین لەکاتێکدا میلی کاتژمێرەکە، لە بارەی یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە، بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە''. بە داخەوە ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دڵخۆشکەر نین، وئاماژەن بۆ نایەکسانی، نەک بە پێچەوانەوە ئەمەش لەڕێگەی خستنەڕووی ئەم داتایانەی خوارەوە کە وەرمانگرتوون:
- ژنان لە(٧٠%) ی کرێکارانی بواری تەندروستی پێکدەهێنن.
- سێ ئەوەندەی پیاوان، ژنان چاودێری بێ کرێ پێشکەش دەکەن.
- ژنان لە(٧٠%) ی ئەو (١،٣) کەسەن کە لە بارودۆخی هەژاریدا دەژین و لە ناوچە شارنشینەکانیشدا ژنان بەرپرسیارێتی لە ٤٠% هەژارترین خێزانیان لە ئەستۆدایە.
- ژنان لە( ٥٠-٨٠%) ی خواردن لە جیهاندا بەرهەمدەهێنن، بەڵام خاوەنی کەمتر لە( ١٠%) ی زەوییەکانن.
- ژنان و کچان لە(٤٠%) ی ئاوارەکانی جیهان پێکدەهێنن، کە بە هۆی کارەساتە سروشتی و گۆڕانکارییەکانی ئاووهەواوە بێلانە بوون.
بابەتی نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا، نەک یەکسانی زۆر لەوە مەترسیدارترە کە لێیدەڕوانرێت، لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەکانی دنیای دیجیتاڵی، زیرەکی دەستکرد، ئینتەرنێت و بوارەکانی ئەندازیاریی و توێژینەوەی زانستیدا، زۆر بەخێرایی کەلێنی نێوان یەکسانی و نایەکسانی جێندەری فراوان دەبێت. ئامارەکان سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانی ناچار کرد بڵێت ''دەیان ساڵ لە پێشکەوتن لە بواری مافەکانی ژناندا بە بەرچاومانەوە هەرەس دێنێت'' تا گەیشتە ئەوەی بڵێت''ئەگەری بەدەستهێنانی ئامانجی یەکسانی جێندەری ڕەنگە ٣٠٠ ساڵی دیکە ڕووبدات''.
لە بارەی ئەو یەکسانییەشەوە کە باس دەکرێت، بە پێی توێژینەوەیەک، کە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) لە ٢٠٢٢دا بڵاویکردووەتەو تێیدا ئاماژە دەدات، کە تا ئێستا بەشداری جددی ژنان لە نێو حکومەتەکاندا زۆر کەمە، تا ئەو کاتە تەنیا لە( ٣١) وڵاتدا ژن سەرۆکایەتی وڵات یان حکومەت دەکات، ژن بەتەواوەتی لە پێگەی بڕیاردا پشتگوێ خراوە.
جێی سەرنجە ژن، لە دنیای دیجیتاڵی و زانستە نوێیەکاندا، کە ئێستا سەردەمیەتی، بە ئاشکرا دوورخراوەتەوە، بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی(٢٠٢٢)دا، لە (٣٧%)ی ژنان ئینتەرنێت بەکارناهێنن، بەپێی توێژینەوەیەکیش کە لە (٥١) دەوڵەتدا ئەنجامدراوە(٣٨%)ی ژنان لە ئینتەرنێتەوە تووشی توندوتیژی بوون، هەروەها لە بارەی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمیشدا ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکانی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە دەڵێت ''لە هەر دوو توێژەری ژن، یەکێکیان تووشی گێچەڵی سێکسی بۆتەوە''.
ئەوانەی سەرەوە مشتێکن لە خەرمانی سەدان توێژینەوە و ڕاپۆرت و ئامار، کە بە ئاشکرا دەریدەخەن لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا یەکسانی جێندەری بەرتەسک دەبێتەوە و ئەوەی لە پەنجا ساڵی پێشوودا بانگەشەی بۆ دەکرا، دەرهاویشتەی ئەوتۆی نەبووە. بۆیە لە ئێستادا لە جیاتی ئاهەنگ گێڕان پێویستە بە پێناسەکانی یەکسانی جێندەریدا بچینەوە، ئایا ئەوەی پێیدەگوترێت یەکسانی جێندەری یان یەکسانی نێوان دوو ڕەگەزەکە، یان دادپەروەری کۆمەڵایەتی داوایەکە شیاوی هاتنە بوونە؟ یاخود تراویلکەیەکە و چالاکانی ئەو بوارەی پێ تەفرە دەدرێت، ئایا دەبێت ژنان هەر بە دوای سەرابی یەکسانییەوەبن یان دەبێت ئەلتەرناتیڤی بە پەلە بدۆزرێتەوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی جیهانی سێی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە هێشتا قەزیەی ژنان جگە لە تێزێکی سۆزداری هیچی دیکە نییە، جگە لەوەی حکومەتەکان، ژنان دەکەنە ڕووگەی جوانکاری سیاسەتە نێرسالارییەکانیان و شتێکی دیکە لە ئاسۆوە دەرنەکەوتووە.
سەرچاوەکان
١- تەلەفیزۆنی (الحرة)، واشنطن، ٢٠٢٣.
٢-ماڵپەری سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەستەری پەیوەندیدار، کاتی سەردانیکردن ٦ی شوباتی ٢٠٢٥
https://www.un.org/ar/observances/womens-day
٣- المساواة "بعد 300 عام".. قصة يوم المرأة العالمي وحقيقة واقعها، الحرة – واشنطن،8مارس 2023، کاتی سەردانیکردنی بەستەر ٦ی شوباتی ٢٠٢٥، بەستەری زانیاری: https://www.alhurra.com/arabic-and-international/2023/03/08/المساواة-300-عام-قصة-يوم-المرأة-العالمي-وحقيقة-واقعها?amp
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment