ڕۆڵی ژنانی سلێمانی، لە پڕۆسەی ڕۆشنبیری کچان و ژنانی شاردا
چرا یاسین
سەرباری بارودۆخی سیاسی و ئابووری کوردستان نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ڕۆشنبیری لەم شارەدا، بێگومان لە هەندێک باردا زیانی زۆری لە پرۆسەکە داوە، بەڵام نەیوەستاندووە، ئەگەر سەیری مێژووی کوردستان بکەین، دەبینین کە چەندین دامەزراوە و مزگەوت لە خۆدەگرێت، بێگومان هەر یەک لەو مزگەوتانەش حوجرەیان هەبووە و تێیدا وانە بە منداڵان گوتراوەتەوە. دانیشتووانی شاری سلێمانی خەڵکێکی کراوە، ڕووخۆش، شیعردۆست و ئەدەب پەروەرن، ھەر ئەمەش وای کردووە کۆڕ و کۆبوونەوە و دیوەخان و چایخانە و شوێنە گشتییەکان ھەمووکات لە کۆڕی ئەدەبی بچێت.
ئاوەدانی لە کۆڕی مزگەوت، حوجرە و دیوەخانەکانی ناوچەی سلێمانی، بەڵگەی حاشاھەڵنەگری ئەم ڕاستییەن. سەرباری ئەو باوردۆخە ناھەموارەی کە میرنشینی بابان تێی کەوتبوو، بەھۆی سیاسەتی ھەریەکە لە دەوڵەتەکانی «سەفەوی، عوسمانی»یەوە بە تایبەت عوسمانییەکان، بەڵام (میرانی بابان)، ھەر لە سەرەتاوە دەستیان داوەتە بڵاوکردنەوەی خوێندەواری لەناو گەلەکەیاندا، شێوازی خوێندن لە کوردستان و کوردەواریدا بە گشتی لە حوجرە و مزگەوت بوو، سەرەتا منداڵ دەخرایە حوجرە و لەلای مەلا، وانەی قورئان و کتێبە سەرەتاییەکانیان دەخوێند، لە ھەر گەڕەکێک یان گوندێک کە مزگەوتی ھەبوایە، ئەوا مەلای مزگەوتەکە حوجرەیەکی لە مزگەوتەکە تەرخان دەکرد بۆ منداڵان، تاوەکوو بچن لەوێ بخوێنن.
یەکەمین مزگەوتیش کە لەشاری سلێمانی دروست کرا ئەو مزگەوتە بوو، کە وا لەگەڵ بونیادنانی شاری سلێمانی یەکەمین بینای بۆ دروست کراو، کرا بە مزگەوت و بە «مزگەوتی گەورە»ناونراوە. ئەم مزگەوتە نوێژی ھەینیانی لێ دەکرا و کتێبخانەیەکی گەورەی ھەبوو، چەندین مامۆستای زانا و پێگەیشتوو- وانەیان تێیدا دەگوتەوە، ئەم مزگەوتە سەدان مەلای لێھاتوو و گەورەی تێدا پێگەیشتووە. یەکێک لەو مەلایانەش کە لە سەرەتای بنیادنانی شاری سلێمانییەوە، لە مزگەوتی گەورە دامەزراوە «شێخ مارفی نۆدێ» بووە،، ھەروەھا ئەو خوێندنگا بەناوبانگانەی لەو سەردەمەدا ھەبوون بریتی بوون لە (خوێندنگەی مزگەوتی ئەوڕەحمان پاشا، خوێندنگەی خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی، خوێندنگەی مزگەوتی سەید حەسەن، خوێندنگەی مەڵکەندی، خوێندنگەی مزگەوتی موفتی، خوێندنگەی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ. ئەو بابەتانەی کە دەخوێنران لەو کاتەدا پێک ھاتبوون لە ''خوێندنی قورئانی پیرۆز ، ڕاڤەکردنی قورئان و فەرموودە. ڕێزمان، ڕەوانبێژی و زانستی کەلام''.
ھەروەھا لە پاڵ ئەم زانستانەشدا زمانی فارسی و ھەندێک لە شیعر و شەرحی شاعیرانی کۆنی فارسی وەکوو ڕۆشنبیریی گشتی خوێنراوە، جگە لەوە لە ھەندێک حوجرەکاندا زانستی ئەستێرەناس و ئەندازە و بیرکاری خوێنراوە، لەو سەردەمەدا چاپخانە نەبوو، بۆیە دەستخستنی کتێب ھەروا ئاسان نەبووە، ھەر کتێبێکیش چەند دانەیەکی کەمی لێ نووسراوە.
خەڵکی شاری سلێمانی، خەڵکێکن کە حەزیان بە خوێندن و ڕۆشنبیرییە، لەم پێناوەشدا زۆر دەستکراوە و خێرخوازن، بە درێژاییی مێژوو خوێندن و خوێندەواری لەسەر شانی خەڵک بووە، بە ھەموو توانایەکی خۆیانەوە یارمەتیی ئەم پڕۆسەیەیان داوە، تەنانەت دوای ڕووخانی میرایەتیی بابان لە ساڵی (١٨٥١ز)، گەر سەیر بکەین بۆشایییەکی گەورەی سیاسی و کارگێڕی لە ناوچەکەدا دروست بوو، بەڵام خەڵکی شاری سلێمانی بە ھاوکاری و پشتگیریی خۆیان نەیانھێشت پڕۆسەی خوێندن لە مزگەوت بووەستێ و درێژەیان بەو پرۆسەیە دا، لە خواردن و ماڵی خۆیان دەبرد بۆ قوتابیانی مزگەوتەکان.
یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی خوێندن لە ناوچەی سلێمانیدا، بە تایبەت خوێندنی حوجرە و مزگەوت تەنیا تایبەت نەبووە بە پیاوانەوە، بەڵکو کچان و ژنانیش خوێندوویانە، لە حوجرەدا کوڕ و کچ بە تێکەڵاوی وانەکانی قورئان و ماددەکانی تری حوجرەیان خوێندووە، ھەر لە شاری سلێمانی چەند حوجرەیەک ھەبوون مامۆستاکانیان ژن بووە، وەک حوجرەی «مەلا فاتم، مەلا ڕەعنا، مەلا ئامینە، مەلا ناجیەخان و مەلا عاسیمە..ھتد» کە کوڕ و کچ بە تێکەڵی لەو حوجرانە دەرسیان خوێندووە.
ژنان هەرلە مێژەوە ڕۆڵی کاریگەری خۆیان هەبووە، لە کایەکانی ڕۆشنبیری و بڵاوکرنەوەی خوێندەواری و چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئایینی، بە تایبەتی لەو سەردەمەدا کە زۆربەی کۆمەڵگەی کوردەواری نەخوێندەوار بووە، ئەوانە ڕێچکەی خوێندەوارکردنی کچان و ژنانیان شکاندووە و بەردی بناغەی ڕۆشنبیریان بۆ ژنان داڕشتووە، کە کۆمەڵگەی ئێستامان قەرزباریانن، چونکە خزمەتی کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەیان کردووە، بەبێ جیاوازی، ئەوەی ڕووی لێکردوون لە منداڵانی شار لە حوجرەیەکی مزگەوت یاخود لە حەوشە و ماڵی خۆیان بووبێت یان لە هەر شوێنێکیتری وەک هۆدە و هەیوان و حەوشەی هەر ماڵێکدابووبێت ئەوان خزمەتی خۆیان کردووە، کوڕ و کچی گەڕەکیان کۆکردووەتەوە و فێری خوێندەواری و ئامۆژگاریان کردووەن.
وەک ئەوەی لە حوجرەی خواجەفەنی لە هەموو حوجرەکانی دیکەی شار خوێندن پێشکەوتووتر بووە، مێژووی دەوڵەتی عوسمانی و ڕاپەڕینی ئەوروپا و زمانی تورکی تێدا گوتراوەتەوە، هەروەها هەفتانە دووجار وانەی فەرەنسی تێدا گوتراوەتەوە، کە کچەکەی خۆی یەکەمین کچ بووە کە هاتووەتە حوجرە و خوێندوویەتی، بەم هۆیەوە کچانی شار بەشداربوون لە خوێندنی حوجرە، هەروەها مەلایانی دیکەی وەک (عەبدوڵڵا عیرفان)ڕێگەیان داوە کچەکانیان وانە بخوێنن و لە هەمان کاتیشدا وانە بڵێنەوە.
هەندێک ژنانیتر لە پاڵ حوجرەی مزگەوتەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا منداڵانیان فێری قورئان و خوێندەواری کردووە. لە نموونەی ئەو ژنانەی،کە هەستاون بە پەروەردەکرد و فێرکردنی کچان و ژنان و منداڵان:
(مەلیحە خانی قازی) شان بە شانی مەلا حەمەد ئەمین و چەنین مەلای دیکەی شار لە ساڵانی ١٩١٤ لە ژوورێکی گڵدا لە مزگەوتێکی بچکۆڵە وانەی بە کچان و ژنانی شارەکە گوتووە
هەروەها کەسایەتیەکی تری ژن، کە ڕۆڵی بینیوە لەم بوارەدا (ئایشەخانی مەلا ساڵح ) بووە لە گەڕەکی سەرشەقام و بەرخانەقا هەروەها (شیوی قازی) کە بەهەمان شێوە مەلازادە بووە و خوێندەوار لە باوکییەوە فێر بووە، منداڵانی کوڕ و کچی گەڕەکی فێرە حونجەی ئەلف و بێ و خوێندنەوە لەبەرکردنی سوڕەتەکانی قورئان کردووە، بە تایبەتی جوزئی (عەمە و تەبارەک) ئەمە جگە لە بەدەنگەوەچوون و چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی سەرەتایی ئەو سەردەمەی ژنانی گەڕەک.
ئەم هەڵوێست و پشتگیرییە کارێکی جوان و بایەخدار بووە بۆ پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیریی ژنان لە کۆمەڵگە، سەرەڕای دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەوی کۆمەڵایەتی هەروەها خێزانی مەلاکان واتە مەلاژن و مەلازادەکان بوونەتە ناوەنێک بۆ گەیاندنی پەیامی مامۆستایانی ئایینی بۆ ژنان و کچان و خێزانی خەڵکی شارەکە، لە بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی ئایینی و بیروباوەڕی موسڵمانییەتی. سەرەڕای گەیاندنی دەنگی ژنان بە مامۆستایانی ئایینی، هاوکات خۆشیان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ژنان و پیاوان، چونکە بەشێک لە ژنان لەبەر هەرهۆیەک بێت نەیانتوانیوە بچنە لای مەلا و کێشەکانی خۆیان باس بکەن، بەڵکو لە ڕێگەی مەلاژنەوە پەیامەکەیان گەیاندووە.
(ڕەعنا خانی کچی شێخ بابەعەلی)، تەکێیی و خێزانی مامۆستا شێخ جەلالی قەرەداغی، نموونەیەکی دیکەی ئەم ئافرەتە ڕۆشبیرانەیە کە هەوڵی خوێدەوارکردنی کچان و ژنانی داوە، لە گەڕەکی سەرچیمەن، ئەم خانمە خۆی لە خێزانێکی مەلازادە بوو، و خوێندنی ئایینی لە حوجرەی ئەو کاتەی باوکی خویندووە، هەر لە تەمەنێکی زۆر زووەوە وانەی بە منداڵانی گەڕەک و خزمانی گوتووەتەوە، پاشان لە ماڵەکەی خۆیدا حوجرەیەکی بۆ کچان و ژنان کردوەتەوە و تێیدا لە بەیانییەوە تاوەکو نیوەڕۆ وانەی گوتووەتەوە بەبێ بەرامبەر، لەو کارانەی تەنیا مەبەستی ڕەزامەندی خودا بووە، هەر لە کاتەوە ڕەعنا خان، نازناوی شێخی وەرگرتووە. هەر لەو سەردەمەشدا لە مانگی ڕەمەزاندا پێشنوێژی بۆ ئافرەتان کردووە و فەرموودەکانی پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت، بۆ ژنان خوێندووەتەوە و لە فەرمانەکانی خودا ئاگاداری کردوونەتەوە. ئەم خانمە بۆتە جێگەی متمانە و ڕێزی خەڵکی گەڕەک چەندین پرس و کێشەی ئایینی و کۆمەڵایەتی کچان و ژنانی چارەسەر کردووە، لە ساڵی ١٩٧٣ و لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
لەمەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی ئافرەتانی کورد، وەک چۆن لە هەموو کایە و بوارەکانی ژیاندا شوێن پەنجەیان هەبووە، بە هەمان شێوە لە پڕۆسەی خوێندن و ڕۆشنبیریشدا بە هەمانشێوە ڕۆڵی کارایان هەبووە، بە تایبەت لە شاری سلێمانی، هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنجیشە ئەم ئافرەتانەی کە لەم باسەدا ناومان هێنان هەموویان لە خێزان و بنەماڵەی مەلا و مامۆستایانی ئایینی بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە مەلاکان ڕێگەیان داوە کچەکانی خۆیان بچنە بەرخوێندن و بەشداربن لە پڕۆسەی خوێندن و خوێندەواری کچان و ژنانیتر پەروەردە بکەن و فێری خوێندن و خوێندەوارییان بکەن.
سەرچاوەکان
- ھۆیەکانی گەشەکردنی بزاڤی ڕۆشنبیری لە شاری سلێمانیدا «١٧٨٤-١٩٥٨»، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٥.
- جەمال بابان، بابان لە مێژوودا و گەورە پیاوانی بابان، ناوەندی ئەندێشە، سلێمانی، ٢٠١٨.
- نەوشیروان مستەفا ئەمین، میرایەتی بابان لەنێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەمدا، چاپی دووەم، چاپخانەی خاک، سلێمانی، ١٩٩٨.محەمەد قلجەیی، ناساندنێکی مزگەوتەکانی سلێمانی و خوێندنگە ئاینییەکانی، و. ئاراس محەمەد ساڵح، چ. شڤان، سلێمانی، ٢٠١٣.شاهۆ عوسمان سەید قادر، سلێمانی لە کۆتایی بابانەوە بۆ سەرەتای ڕاپەرین، چ.دووەم، چاپخانەی چوارچرا،سلێمانی، ٢٠٢٠.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment