بایدن بۆ كۆنگرێس سیاسه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى روون ده‌كاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەمین لێدوانی خۆی لە کۆنگرێس ئاماژەی بە چەندین پرسی گرنگ لە ئاستی جیهانی و ناوخۆی ئەمریکا، لەوانە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆریای باکوور، سیاسەتەکانی لە بەرامبەر چین و ڕووسیا، پێدانى ڤاكسین و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا و هەوڵەکان بۆ چاکترکردنی بارودۆخی ئابووری لە ناوخۆی ئەمریکا کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەمین لێدوانی خۆی بۆ کۆنگرێس گوتی، "بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆریای باکوور هەڕەشەی جدین بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و جیهان. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هاوکاری دەکەین بۆ ئەوەی لە ڕێگای دیپلۆماسی و بەرپه‌رچدانەوەی توندەوە هەڕەشەی ئەو دوو وڵاتە چارەسەر بکەین". 
بایدن وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە سەرۆک کۆماری چین و باقی سەرکردە "سەرەڕۆ"کانی جیهان لەو بڕوایەدان دیموکراسی لە سەدەی ٢١دا توانای پێشبڕکێی نییە، گوتی: "ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ شانۆی نێودەوڵەتی و هاتووە کە بمێنێتەوە. ئەمریکا ئەوەش بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆی ئەنجام دەدات". 
جۆ بایدن گوتی: "بە سەرۆک کۆماری چینم گوتووە ئەمریکا هەر بە جۆرەی پشتیوانی لە ئەوروپا و ناتۆ کرد، بەو جۆرەیش بە شێوەیەکی بەهێز لە ڕووی سەربازییەوە لە ئاوەکانی هیند و پاسفیک دەمێنێتەوە، نەک بۆ ئەوەی بیەوێت شەڕ بکات، بەڵکو بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕ". 
بایدن گوتیشی، "بەو جۆرەی بە ڕابەرانی تری جیهان ڕامگەیاندووە، وەبیری سەرۆک کۆماری چینیشم هێناوەتەوە کە ئەمریکا لە بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆف و ئازادییە سەرەکییەکان پاشگەز نابێتەوە و هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە بەرانبەر پێشێلکردنی زێدەڕۆیانەی مافەکانی مرۆڤ بێدەنگ نابێت". 
بایدن وێرای ئاماژەکردن بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا گوتی،  "بۆ پوتین، بە تەواوەتی ڕوونم کردووەتەوە کە ئەمریکا نایەوێت پەرە بە گرژیی و ناکۆکییەکان بدات، بەڵام ئەگەر دەرکەوێت ئەوان ئەو هەوڵە دەدەن، کاردانەوەمان دەبێت. ئێستا کە دەرکەوتووە لە هەڵبژاردنەکانی ئێمەدا دەستوەردانیان کردووە و هێرشی سایبێرییان کردووەتە سەر دامەزراوەکانمان، ئەمریکاش وەڵامی گونجاوی دەبێت".
هاوکات بایدن وەبیریشی هێناوە: "ئەمریکا و ڕووسیا دەیشتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن، بەو جۆرەی کۆنتڕۆڵکردنی چەکە ئەتۆمییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پێکەوە هاوکارییان کردووە. بەڵام پۆتین ئاگادارە ئەگەر هەڵوێستێک [ی ناگونجاو] بگرێ، وەڵاممان دەبێت". 
سەرۆکی ئەمریکا وێرای ئاماژە کردن بە پلانی ئیدارەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان گوتی: "ڕابەرایەتی ئەمریکا واتە کۆتاییهێنان بە شەڕێکی بێکۆتایی لە ئەفغانستان. ئێمە بۆ ئەوە نەچووینە ئەفغانستان دوای چەندین نەوە نەتەوەسازی بکەین. ئێمە بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو تیرۆریستانە کە هێرشی یازدەی سێپتەمبەریان ئەنجام دا چووینە ئەفغانستان و بەڵێنمان دا ئوسامە بن لادەن تا بەر دەرگای جەهەنەم بەڕێ بکەین". 
بایدن گوتی: "ئەمریکا هەڕەشەی تیرۆریستەکانی ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان کەم کردەوە و بن لادەنی بە شیوەیەکی دادپەروەرانە  بە سزای خۆی گەیاند و دوای ٢٠ ساڵ کاتی ئەوە هاتووە هێزەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوخۆ".

ئەمریکا دەبێتە وڵاتی دابینکەری ڤاکسین بۆ وڵاتانی تر
بایدن هەروەها ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی ئیدارەکەی لە ماوەی سەد ڕۆژی سەرەتای سەرۆک کۆماری خۆی کرد و گوتی: "ئەمریکا لە پرۆسەی ڤاکسیناسیۆنی کۆرۆنا پێشکەوتنێکی بەرچاوی هەبووە و دوای کۆتاییهاتنی ڤاکسیۆناسیۆنی جەماوەری ئەمریکا، دەبێتە وڵاتی دابینکەری ڤاکسین بۆ وڵاتانی تر". 
جۆ بایدن وێرای ئاماژە کردن بە سەرکەوتنی کۆشکی سپی و کۆنگرێس لە پەسەندکردنی پاکێجی هاوکاری ئابووری لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا گوتی دوای پەسەندکردنی ئەو پاکێجە حکومەت توانی لە ماوەی سەد ڕۆژی یەکەمدا لەبری سەد ملیۆن ژەم، ٢٠٠ ملیۆن ژەم ڤاکسینی کۆرۆنا بە خەڵک بدات. 
هەروەها گوتیشی: "لە ئێستاوە هەموو هاووڵاتییانی سەرووی ١٦ ساڵ تەمەن لە ئەمریکا دەتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن. هەروەها ٩٠ لە سەدی خەڵکی ئەمریکا تا نزیکترین ناوەندی کوتانی ڤاکسین کەمتر لە هەشت کیلۆمەتر مەودایان هەیە". 
سەرۆکی ئەمریکا وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە ئیدارەکەی هەوڵی چاکترکردنی دۆخی ئابووری خەڵک دەدات گوتی: "نابێ هیچکەس بە ٤٠ کاتژمێر کارکردن لە هەفتەدا، لەژێر هێڵی هەژاریدا بێت". هەروەها گوتیشی بە کەڵکوەرگرتن لە پاکێجی یارمەتی ئابووری حکومەت، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، ژمارەی منداڵە هەژارەکانی ئەمریکا کەم دەبنەوە بۆ نیوەی ئەو ڕێژەیە ئێستا هەن.
بایدن ئاماژەی بە چەند پلانێکی ئیدارەکەی بۆ نۆژەنکردنه‌وه‌ى ژێرخانەکانی ئەمریکا کرد، لەوانە ئاماژەی کرد بەوەی کە ئیدارەکەی هەموو بۆریە کۆنەکان دەگۆڕێت بۆ ئەوەی هەموو گەلی ئەمریکا ئاوی خواردنەوەی پاکیان هەبێت. 
هەروەها گوتی پیویستە هەموو هاووڵاتییانی ئەمریکا ئینتەرنێتی خێرایان هەبێت بۆ ئەوەی منداڵەکان و پیشە و کار و کاسبییەکان لە سەدەی ٢١دا سەرکەون. 
بایدن گوتی "لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی ٥٠٠ هەزار باتری ئوتۆمبیلی کارەبایی لە ئۆتۆبانەکانی سەرانسەری ئەمریکادان بۆ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت بازاری ئوتۆمۆبیلە ئەلکترۆنییەکان بە دەستەوە بگرێت". 
سەرۆکی ئەمریکا وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە پلانی ڕەخساندنی هەلی کار لە ئەمریکا گەورەترین داهێنانی ئەمریکایە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم تا ئێستا، گوتی: "هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی باڵی مەکینەکانی وەبەرهێنەری وزەی کارەبا لە جیاتی ئەوەی لە پەکین بەرهەم بهێنرێن لە شاری "پیتسبێرگ" بەرهەم بێن. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کرێکارانی ئەمریکی نەبن بە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئوتۆمبیلە ئەلکتریییەکانن و باترییەکانیان لە ئاستی جیهانیدا. هەموو پلانی ڕەخساندنی هەلی کاری لەسەر یەک بنەما دانراوە: کاڵای ئەمریکیی بکڕن". 
بایدن گوتیشی: ئەو دۆلارانەی لە ڕێگای باجی هاووڵاتیانی ئەمریکاوە کۆ دەبنەوە بۆ ئەو کاڵا ئەمریکیانە خەرج دەکرێن کە بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کار لە ناوخۆی ئەمریکادا بەرهەم هێنراون.


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین