خولێکی نوێی ململانێی یاسایی  و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان بیروڕا

نوچە نێت

نوسینی: پ.ی.د. یادگار کمال ئەستێر

دواجار عێراق بوو بە ئەندامێکی تەواو لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی TIR، بەڵام دەبێتە هۆکاری خوڵقاندنی خولێکی تری ململانێی یاسایی  و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان. 

لە 24ی ئازاری 2025، وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند، کە عێراق بە فەرمی پەیوەندی بە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی TIR کردووە، دوای تەواوکردنی هەموو ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی پەیوەندیدار بەو ڕێککەوتنە. ناونیشانی ڕێککەوتننامەکە بریتییە لە: ڕێککەوتننامەی گومرگی سەبارەت بە گواستنەوەی نێودەوڵەتی کاڵا لە ژێر ڕووپۆشی کارنێتی (بەڵگەنامەی ترانزێتی گومرگی) TIR. کە بە (ڕێککەوتننامەی TIR) ناوبانگی دەرکردووە.

لە ڕاستیدا، ئەم بە ئەندام بوونەی عێراق هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی پێگەی جوگرافیای عێراق، وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی کە ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە. وە لەسەر ئەم بنەمایە، کۆمپانیای گشتی بۆ گواستنەوەی وشکانی دەبێتە دەستەبەری ناوخۆیی بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی ترانزێتی گومرگی TIR ((TIR Carnet. 

ڕێککەوتننامەی TIR  سیستەمێکی ترانزێتی جیهانییە کە ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی کاڵاکان لە سنورە نێودەوڵەتییەکان بە کەمترین دەستێوەردانی گومرگی. بەپێی ڕێککەوتننامەکە، کۆنترۆڵی گومرگی بە شێوەیەک داڕێژراوە کە گواستنەوەی نێودەوڵەتی ئاسان دەکات، و پڕۆسەیەکی نەرمی بۆ دیاری دەکات و  لە هەمان کاتیشدا دڵنیابوون دەدات لە پابەندبوون بە سیستەمی گومرگی. بە مەبەستی چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی گومرگەکان، ولە ڕێگایی ئەم میکانیزمە سەرەکیانەی خوارەوە پەیڕەو دەکرێن:

1. کارنێتەکانی TIR: سیستەمی TIR لە ژێر بەکارهێنانی کارنێتی TIR کاردەکات، کە وەک بەڵگەنامەیەکی ترانزێتی گومرگی کاردەکات و دەستەبەری پێدانی باج و گومرک دەکات. هەر کارنێتێک دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی گومرگی وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی TIR وەربگیرێت.

2. رێکارەکانی گومرگی: کاتێک ئۆتۆمبێلێک یان بارهەڵگرێک لە ڕێگادایە لە ژێر سیستەمی TIR، ئەوا مۆر دەکرێت و پێویستی بە پشکنینی گومرگی نییە، لە هەر دەروازەیەکی سنووری. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆنترۆڵی گومرگی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر چاودێریکردنی پابەندبوون بە مەرجەکانی TIR چڕ دەبێتەوە نەک پشکنینی کاڵاکان لە ترانزێتدا. 

3. سیستەمی دەستەبەریکردن: دەستەبەری دارایی لەلایەن خاوەنی کارنێتی TIR دابین دەکرێت، پێویستە باجی گومرگی و باج دەستەبەر بکات لە ئەگەری هەر سەرپێچییەک. ئەمەش مەترسی بۆ دەسەڵاتی گومرگی کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ پابەندبوون.

4. ماف و ئەرکەکان: ئەو باربارهەڵگرانەی کە سیستەمی TIR بەکاردەهێنن دەبێت پابەندبن بە ئەرکە تایبەتەکانەوە، لەوانەش مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ کارنێتی TIR و دابینکردنی لەسەر داواکاری. هەروەها دەسەڵاتی گومرگی مافی پشکنینی بەڵگەنامە و مۆرەکانیان هەیە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون.

5.ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی گومرگی: لە کاتێکدا سیستەمی TIR بنەمای ترانزێتی گومرگی بەرەوپێش دەبات، دەسەڵاتی گومرگی دەتوانن ڕێوشوێنی جۆراوجۆر بەکاربهێنن، وەک:

 - پشکنینی هەڕەمەکی ئۆتۆمبێلەکانی TIR.

 - چاودێریکردنی پابەندبوون لە ڕێگەی وردبینیکردنی بەڕێوەبەرانی گواستنەوە.

 - بەکارهێنانی سیستەمی بەدواداچوونی ئەلیکترۆنی لەو شوێنانەی کە بەردەستە.

6. ڕاپۆرتکردن و بەڵگەنامەکردن: بارهەڵگران و دەسەڵاتی گومرگی پێویستە زانیاری تایبەت بە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ڕیساکانی TIRبدەن، ئەمەش یارمەتی دەسەڵاتداران دەدات بە مەبەستی چاودێریکردن و پاراستنی جووڵەی کاڵاکان. 

7. سزا و وردبینی: ئەگەر جۆرێک لە ناڕێکی یان پێشێلکاری ڕووبدات، لەلایەن بارهەڵگرانەوە بە تایبەتی، ئەوا دەسەڵاتی گومرگی دەتوانن سزا بسەپێنن و وردبینی دوای گواستنەوە ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ڕێساکانی ڕێککەوتننامەی TIR.

ئەم میکانیزمانە بەگشتی یارمەتیدەرن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆنترۆڵی گومرگی بەپێی ڕێککەوتننامەی TIR کاریگەرە لە هەمان کاتدا ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی کارامەیی کاڵاکان دەکات لە سنوورە نێودەوڵەتییەکان. 

با لێرەدا بەکورتی باسی ئەرکی دەوڵەتانی ئەندام بکەین لەم ڕێککەوتننامەیە. ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامن ( تا ئێستا ٧٨ ووڵات ئەندامن بە عێراقەوە هەتا ئەمڕۆ ٢٦/٣/٢٠٢٥)، هەربۆیە پێویستە چەندین بەرپرسیارێتی پەیوەست بە گومرگی و ئەرکەکان جێبەجێ بکەن، لەوانە:

1. جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی TIR لە سنوورەکاندا، کە لەسەرەوە باسکران، وە پڕۆسەکە خێراتر بکەن بەتایبەتی لە دەستنیشانکردن و بەکارهێنانی خاڵە سنوورییە پەسەندکراوەکان بۆ ڕێکارەکانی TIR.

2. دەرکردن و کۆنترۆڵکردنی کارنێتی (بەڵگەنامەی ترانزێتی گومرگی) TIR تەنها لەلایەن دەسەڵاتی گومرگیەوە دەر دەکرێت و دانیان پێدادەنرێت. لێرەدا دەسەڵاتی گومرگی دەبێت لە خاڵەکانی ڕۆشتن، ترانزێت و مەبەستدا مۆر و پشتڕاستکردنەوەی کارنێتەکانی TIR تایبەت بە خۆیان دابنێن. سەڕەرای ئەمەش، پێویستە ڕێگریکردنێکی تەواو هەبێت لە هەر گۆڕانکارییەکی بێ مۆڵەت یان خراپ بەکارهێنانی کارنێتەکانی TIR.

3. دەستەبەرکردنی باج  و گومرگ. پێویستە لە سەر وڵاتانی ئەندام ئەو دەستەبەرییە نێودەوڵەتییانە قبوڵ بکەن کە لەلایەن کۆمەڵە نیشتمانییەکانی دەستەبەریکردن دابین دەکرێن کە تا ئێستا ٨١ وڵات ئەم پرۆسەیە جێبەجێ دەکەن.

4. دڵنیابوون لە بەرهەڵگری پارێزراو و پەسەندکراو. ئەو بار هەڵگرانەی کە کۆنتێنەری بەپێی ڕێساکانی TIR بەکاردەهێنرێن دەبێت ستانداردەکانی ئاسایشی گومرگی بەدیبهێنن (واتە دەبێت بە باشی مۆر بکرێن بۆ ڕێگریکردن لە دەستکاریکردن). دەسەڵاتی گومرگ تەنها لە حاڵەتە ناوازەکانی گومانی ساختەکاریدا مافی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیان هەیە.

5. هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی دیکە کە گرنگترینیان ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکاریکردن لەسەر جێبەجێکردنی گومرگی و لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی TIR و جێبەجێکردنی سزاکان لە شوێنی پێویستدا. سەرەڕای ئەمەش، پێویستە پشتگیری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (وەک UNECE و IRU) لە باشترکردنی کارەکانی TIR بکرێت. 

کێشەکە چییە؟

ئێستا عێراق بە تەواوەتی بووە بە ئەندام لە ڕێککەوتننامەی TIR، کە لە ساڵی ٢٠١٧وە بە فەرمی هەوڵی داوە ببێت بە ئەندام و قۆناغ بە قۆناغ مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکەی جێبەجێ کردووە. لەم سۆنگەیەوە عێراق دەتوانێت بە بەکارهێنانی سیستەمی TIR ئاسانکاری بازرگانی و ترانزێت لە سنوورەکانی خۆیەوە بکات. هەروەها کاڵاکان دەتوانن بە شێوەیەکی کاراتر لە سنوورەکانی عێراقدا جوڵەیان پێبکرێت بەبێ دواکەوتنێکی ئەوتۆی گومرگی. بەڵام ئەرکی عێراقە کە دڵنیایی بدات لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی TIR لە خاڵە گومرگییەکانیدا، و لەگەڵ یەکێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ڕێگاوبان (IRU) و وڵاتانی دیکەی ئەندامی TIR کار بکات بۆ باشترکردنی ئاسایش و کارایی ترانزێت. 

پرسیارەکە لەوەدایە، ئایا ئەم سیستەمی گومرگییە چۆن لەناوخۆی عێراقدا ڕێکخراوە وەک دەوڵەتێکی فیدڕالێ؟ ئایا هەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێک لە ڕێکارەکانی TIR؟ 

بە گشتی ڕێکخستنی گومرگەکان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لە عێراق بەپێی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥. لە ماددەی ١١٠ ی دەستووردا هاتووە، حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی تایبەتی بەسەر سیاسەتی گومرگیدا هەیە، کە ئەمەش بریتییە لە داڕشتنی ڕێسا و یاسای گومرگی، دانانی باج و سیاسەتی بازرگانی، و بەڕێوەبردنی خاڵە گومرگییە سنوورییەکان، سەرپەرشتیکردنی ڕێککەوتنە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان (لەوانەش جێبەجێکردنی TIR).

هەرچی جێبەجێکردنی گومرگییە لە عێراق، دەسەڵاتی گشتی گومرگی عێراق (سەر بە وەزارەتی دارایی) بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی یاساکانی گومرگی. 

ناکۆکیەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان

 هەرچەندە حکومەتی فیدراڵی گومرگی کۆنتڕۆڵ دەکات، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونی هەبووە لەسەر کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی گومرگ لە سنوورەکانی ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ...هتد. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە حکومەتی فیدڕاڵی پشت دەبەستێت بە ماددەی ١١٠ی دەستور و پێی وایە کە پابەندبوونی عێراق بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێککەوتننامەی TIR پێویستە لەسەر ئاستی فیدراڵی بەڕێوەببرێت و هەرێم ڕۆڵی نەبێت. دەبوو ڕێککەوتنێکی بنچینەیی هەبوایە لەسەر ئەم پرسە لە کاتی داڕشتنی دەستور لە ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥دا، یان لانی کەم دەکرا بە یاسا ڕێکبخرێت لە پاش ئەو بەروارە.

 بە نەبوونی یاسایەک یان ڕێککەوتنێک ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەمیشە پرسێکی قووڵ و بەردەوام بووە، بەتایبەتی پەیوەندیدار بە:

1. دەسەڵات بەسەر کۆکردنەوەی گومرگی

حکومەتی فیردڕاڵ پێێ وایە دەستووری عێراق (٢٠٠٥) دەسەڵاتی تایبەتی بە حکومەتی فیدراڵی بەسەر گومرگدا داوە (مادەی ١١٠)، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ گومرگی لە سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران بەڕێوەبردووە، داهاتی خۆی کۆدەکاتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ناکۆکی لەسەر ئەوەی، کە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی گومرگی خۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا تێکەڵ بکات یان نا، وە چۆن؟ 

2. ململانێی دارایی و دابەشکردنی داهات

حکومەتی فیدڕاڵ دەڵێت: هەموو داهاتی گومرگی دەبێت بۆ خەزێنەی فیدراڵی بێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێداگری لەسەر هێشتنەوەی داهاتی گومرگی دەکات بۆ بەڕێوەبردنی بودجەکەی.

3. ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی سنوورەکان

لەمەودوا حکومەتی فیدراڵی زیاتر بەدوای کۆنترۆڵی تەواوی هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگەڕێت، لەنێوانیاندا ئەوانەی لە خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان (بۆ نموونە سنووری ئیبراهیم خەلیل لەگەڵ تورکیا)، و لە هەندێک حاڵەتدا بەغدا هێزی فیدراڵی بۆ خاڵە سنوورییەکان جێگیر کردووە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکات، چونکە پێێ وایە ئەم پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی یاساییە و دەچێتە چوارچێوەی پابەندبوونەکانی عێراق بە رێککەوتنامەی TIR. لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارە گومرگییەکانی خۆی دەپارێزێت. ئەگەرچی دوو سیستمی گومرگی جیاواز لەناو عێراقدا دروست دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پشت بە مادەکانی ١١٧ و ١٢١ی دەستور دەبەستێت.

4. هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن

دانوستانی جۆراوجۆر بۆ یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و ڕێککەوتنەکانی دابەشکردنی داهات ئەنجامدراوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ بەغدا و هەولێر باسیان لە هاوئاهەنگیکردنی باج و گومرگی کرد، بەڵام جێبەجێکردنی تا ئێستاش بە بێ ئەنجام ماوەتەوە. ئەم ناکۆکییەش دەکرێت کۆمەڵێک ئەگەری نەرێنی بهێنیتە کایەوە، بۆ نموونە: 

کاریگەری ئابووری: ئەگەر چارەسەر نەکرێت، عێراق ڕووبەڕووی ناکارایی بازرگانی و لەدەستدانی داهاتی نیشتمانی دەبێتەوە. سەرەڕای ئەمەش نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی لەژێر ڕێککەوتننامەی TIR وەکو پێویست جێبەجێبکات.  

گرژییە سیاسییەکان: پێێ دەچێت ئەم ئەندامبوونەی عێراق لە ڕێککەتننامەی  TIRپەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان خراپتر بکات، کە ئەگەری هەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر دانوستانەکان و سەربکێشێت بۆ بابەتی دیکە. بەمەش هەرێمی کوردستان دەکەوێتە خولێکی نوێی ململانێی سیاسی و ناکۆکی یاساییەوە، بەتایبەت کاتێک دەبینین کە حکومەتی فیدڕاڵی داوای ڕێکاری یاسایی یان زیاتر کۆنترۆڵی چالاکییە گومرگییەکانی حکومەتی هەرێم دووپات دەکاتەوە لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەی TIRدا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین