ئه‌مریكا تاوتوێى وه‌ستانى شه‌ڕى یه‌مه‌ن ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند تیم لیندرکینگ، نوێنەری تایبەتی واشنتۆن لە کاروباری یەمەن ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠٢١، بە مەبەستی گفتوگۆ دەربارەی ڕێگاچارەیێکی سیاسیی بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە یەمەن سەردانی سعوودیە و عەمان دەکات. ئەو سەفەرە ڕۆژێک دوای گەڕانەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە عەمان و قسەکانی شازادەی سعوودی سەبارەت بەوەی کە هیوادارە ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانی یەمەن پەیدا بێت، ئەنجام دەدرێت.

لەو بارەوە ماڵپەڕی "ڕادیۆ زەمانە" بڵاوی کردووەتەوە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودی ڕۆژی ڕابردوو لە میانەی دیمانەیێکی تەلەڤزیونیدا هیوای خواست ئەنساروڵای یەمەن بگەڕێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆکان. بن سەلمان هاوکات جەختی کردەوە وڵاتەکەی ڕێگانادات چەکدارە حوسییەکان لە دەوروبەر سنوورەکانی وڵاتەکەیدا جێگیر بن.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گفتوگۆکانی تیم لیندرکینگ لە سعوودیە و عەمان تەرکیز دەخەنە سەر پێویستی درێژەپێدان بە ناردنی کاڵا و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سەرانسەری یەمەن و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ جێگیرکردنی ئاشتییەکی هەتاهەتایی بە بەشداری هەموو لایەنە ناکۆکەکان.

لە ئێستادا ناوەندی سەرەکی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی و حوسییەکان لە بەرزاییەکانی دەوروبەری (مه‌ئره‌ب)دا. داگیرکردنی ئەو شارە یان لانیکەم لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن لەو شارە، سەرکەوتنێکی گەورە بۆ حوسییەکان بە هەژمار دێت. ئەو شارە ناوەندی نەوت و گازی یەمەنە و چەند کۆمپانیایەک و لەوانە ئەکسۆن مۆبیل و تۆتاڵ لەو شارەدا خاوەن بەرژەوەندین. جگە لەوە بەنداوی مه‌ئره‌ب یەکێکە لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو وڵاتە بیابانییە و لە لە دۆخی ئاساییدا ٤٠٪ی کارەبای یەمەن دابین دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیانییەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاندووە لیندرکینگ هەوڵ دەدات کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیونی حوسییەکان لە مه‌ئره‌ب بێنێتە ئاراوە. لیندرکینگ دوو هەفتە پێش ئێستا گوتبووی هێرشی چەکدارانی حوسی بۆ ناوچەی مه‌ئره‌ب گەورەترین هەڕەشەیە لە بەردەم هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی.

هاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیانیەیێک ڕایگەیاند: محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی نیسان لە وڵاتی عەمان لەگەڵ محەمەد عەبدوسەلام دیپلۆماتکاری باڵای حوسییەکانی یەمەن دیدار و گفتوگۆی کردووە.

بە گوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، تاران پشتیوانی لە جێگیربوونی ئاگربەس و دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لە یەمەن دەکات.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین