ئیلیزێ و هەولێر، یەک ئاراستە و دوو ئامانج بیروڕا

ڕێبین ڕەحیم

لە سێ دەیەی ڕابردوودا کاریگەرترین کاراکتەری دەولی بۆ پاڵپشتی کردنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان پاریس بوە هەر لەبڕیاری( ٩٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بگرە هەتا هەڵگرتنی گەمارۆ دیبۆماسی و سیاسی و ئابورییەکان کە بەغداد لەدوای ڕیفراندۆم بەسەر سەرهەرێمی کوردستاندا سەپاندبووی.
نەک هەر لەباشور بەڵکو لە ڕۆژئاوای کوردستانیش فەڕەنسیەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لەپاڵپشتیکردنی هێزەکانی( یەپەگەو دواتریش هەسەدە) لەجەنگی دژی داعش، فەڕەنسیەکان کاریگەرترین ڕۆڵیان هەبوو لەلێدانی پێگەکانی داعش بەهێرشی ئاسمانی.
لەناوەرۆکدا فەڕەنسا ئامانجی خۆی هەیە لەم ڕۆڵ بینین و نمایشەی کەدەیکات ناورۆکی ئامانجەکەشی لەسەردانەکەی بۆ بەغداد بەناوی(سیادە) بۆ عێراق خستە ڕوو بەجۆرێک دەیەوێت زۆرێک لەو دەستانە ببڕێت کە خراونەتە  نێوکاروباری ناوخۆی عێراق.
لەدوای دەرچونی بەریتانیەکان لە کیشوەری ئەوروپی لەسەر ئاستی سیاسی فەڕەنسا دەیەوێت وەک کارەکتەرێکی گەورە ڕۆڵی خۆی لەناوچەکە بگێڕێتەوەو ناکرێت لە گۆڕانکاری ئەم ناوچە پڕ لەوزەیە ئەوان  تەنها بینەربن چونکە ئێستاش فەڕەنساخۆی بەخاوەنی بەشێک لەمیراتی سایکس بیکۆ دەزانێت.
فەڕەنسا وەک براگەورەی کیشوەری ئەورپاش دەیەوێت هەندێک هێزو دەوڵەت بخاتەوە قاوغی خۆی و پەلهاویشتن و فراوانبوونەکەی ڕابگرێت  ئەمە بەتایبەت بۆ تورکیا زۆر ڕاستە چونکە فەڕەنسیەکان لەوە تێگەشتوون کە ئەردۆغان لەدووی خەونی سوڵتانیەتەو سەرەنجامی بەهێزبوونی ئەم سوڵتانەش بەخەتەر بۆ خۆیان دەزانن بۆیە ئێستا فەڕەنسا خەریکی پاڵپشتیکردنی هەموو ئەوانەیە لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان لە سەنگەری دژی تورکیادان.
جگەلەوەش فەڕەنسا دەیەوێت ناوەندێکی بەهێز لەناوچەکە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێرانی دروست بکات هەرهیچ نەبێت هەندێک لە پەلهاویشتنەکانی ڕابگرێت بۆئەمەش پێوویستی بە عێراقێکی دامەزراوەیی هەیە کە توانای کۆنترۆڵکرنی هێزەکانی دەرەوەی دامەزراوەکانی هەبێت کە زیاترن(٦٧) گروپ و(١٦٤)هەزار چەکدارن کە دەوڵەت و موئەساساتی عێراقیان قوت داوە!

بۆ ئەم مەبەستەش پاریس لەهەولێرەوە دەستیپێکردوەو پێش سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردوە بۆ ئیلیزێ بەم هەنگاوە ماکرۆن دەیەوێت بەکوردستان بڵێت عێراقی بەهێزمان بەدیدو پێوەری بەرژەوەندیەکانی ئێوەش دەوێت نەک هەرئەوەی کە بەغداد دەیەوێت کە(١٠٠ ساڵە) ئەم هەڵەیە دەکرێت.
فەڕەنسیەکان لەوە دڵنیان هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی ئیستقیراری عێراق و ناوچەکەیەو بوە بەپەناگەیەکیش بۆ هەموو ئەوانەی توشی لێقەومان دەبن کەوابوو دەبێت ئەم ڕۆڵە بەهێزتربکرێت تا عێراق لەو کەوتنە حەتمیە ڕزگاربکەن تێی کەوتوە چونکە ئینهیاری عێراق زیان بەهەموو ناوچەکەو کیشوەری ئەوروپیش دەگەیەنێت.
ئیلیزێ بە سەرنج و هەڵسەنگاندنی پێشوەختەوە دەستی بەپرۆژەی هەستانەوەی سیادەی عێراق کردوە بۆ ئەو مەبەستەش ناوەندەکانی فیکرو گفتوگۆ ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەنەخشی ئەم بڕایارانەی پاریس دەیدات لەسەر بارودۆخی عێراق و ناوچەکەش کەوابوو پێگەو ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەناو عەقڵیەتی بیرکردنەوەو بڕیاردانی فەڕەنسیەکاندا گرنگیەکی زۆری هەیەو ئەمەش ئاماژەیەکی زۆرباشە.
هەولێر بەسەرۆکایەتی (نێچیرڤان بارزانی) لە ناوەرۆکی ئەم جوڵە سیاسیانەی پاریس و وڵاتانی دیکەش تێدەگات  بۆیە دەیەوێت لەنەخشەی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەدا هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاوتری هەبێت و کاراکتەری گۆڕانکاریەکان لەسوودی خۆی نەک کارتێکراوێکی بێ جوڵە هەربۆیە بەپیر هەرهەنگاوێکەوە دەچێت بەسودی کوردستان کۆتایی پێبێت.
لەهەموو بارێکدا ئیلیزێ و سەرۆکەکەی لەدووی خەونێکی قورسن و کوردستانیش لەنێو نەشتەرگەریەکی وردی مێشک ئاسادایەو دەبێت بەوریایەوە هەنگاوهەڵگرێت بۆئەوەی نەکەوینە بەرداشی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە چونکە تورکیای نەیاری فەڕەنسا ڕاڕەوی تێپەڕینی بۆری نەوتی سەرچاوەی داهاتی  ئێمەیە و هەرجوڵەیەکی هەڵە گورزی کەمەرشکێن لە کوردستان دەدات کەوابوو دەبێت لەهاوئاراستەیمان لەگەڵ پاریس ئامانجی خۆمان لەناوچەکەش بپارێزین.

س: nrt

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین