هیندستان و پاکستان هەڕەشە لە یەکتر دەکەن وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: سنوور یاسین

هەفتەی ڕابردوو جارێکی تر ناکۆکییەکانی نێوان نیودەلهی و ئیسلام ئاباد سەری هەڵدایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەك چەکدارێك تەقەیان لە کۆمەڵێک گەشتیار کرد لە ناوچەی گەشتیاری پەهالگام کە (90) کیلۆمەتر لە سریناگار دوورە کە پایتەختی کشمیرە و لەژێر کۆنترۆڵی هیندستاندایە، بەو هۆیەوە نزیکەی (27) هاووڵاتی لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا.

کاربەدەستانی هیندستان ڕووداوەکەیان بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوبرد و دراوسێی ڕۆژئاواییەكانیان تۆمەتبار کرد بە تێوەگلان لە هێرشکردنە سەر گەشتیاران لە کشمیر، هەروەها نیودەلهی گرووپە چەکدارەکانی پاکستانی تۆمەتبار کرد بە پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی لە کشمیر و ناوچەکانی تری هیندستان.

محەمەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکەی کشمیر دەربڕی و ڕایگەیاند، هۆشداری دەدەین لە هەر کردەوەیەک کە لەلایەن هیندستانەوە ئەنجام بدرێت. 

هاوكات گوتیشی، "ئیسلام ئاباد وەک هێزێکی ئەتۆمی وەڵامی هەر هەنگاوێکی هیندستان دەداتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی".

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژی شەممە (26/4/2025) سوپای هیندستان ڕایگەیاند، هێزەکانی هیندستان و پاکستان لەسەر سنووری کشمیر ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.

دەسەڵاتدارانی هیندستان چەند لایەنێکی پەیوەندیدار لە پاکستان تۆمەتبار دەکەن بە تێوەگلان لەو هێرشەدا، بەڵام ئیسلام ئاباد بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لێدەکات. 

بە پێچەوانەوە گرووپێکی کە خۆیان بە بەرگری کشمیر ناودەبەن لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان ڕاگەیاند.

هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی هیندستان دەڵێن ئەو گروپە کە بە بەرەی بەرگری ناسراوە وەک بەرەیەک بۆ ڕێکخراوە چەکدارەکان لە پاکستان کار دەکات لەوانە لەشکر تەیبە و حیزبوڵڵا موجاهیدین.

پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت لە دوای هێرشەکەوە، هەردوو وڵات ڕێوشوێنی تۆڵەسەکردنەوەیان گرتووەتەبەر. هیندستان پەیمانی ئاوی ئیندوسی ڕاگرت کە ڕێککەوتنێکی گرنگە بۆ دابەشکردنی ڕووبارەکانی ناوچەکە و پاکستان ئاسمانی خۆی بەڕووی هێڵە ئاسمانییەکانی هیندستان داخست.

ناوچەی هیمالایا لە کشمیر هێشتا ناکۆکی سەرەکییە لە نێوان هیندستان و پاکستان و هەریەک لە وڵاتان بانگەشەی ئەوە دەکەن بەشێکی جیا کۆنتڕۆڵ دەکەن. ناکۆکییەکان تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دوای (2019) کاتێک هیندستان پێگەی دەستووری تایبەتی کشمیری هەڵوەشاندەوە، ئەمەش ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە و چالاکی چەکدارانی لێکەوتەوە.

لە لایەکی ترەوە ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕی ناوبژیوانی نێوان هیندستان و پاکستان. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، هیندستان و پاکستان دراوسێی ئێرانن و تاران ئامادەیە ناوبژیوانی نێوان نیودەلهی و ئیسلام ئاباد بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "هیندستان و پاکستان دراوسێی ئێرانن و پەیوەندییان لە پەیوەندییە کولتووری و شارستانییەکانەوە هەیە. وەک دراوسێکانی تر، ئێمە ئەوان بە پێشینەی خۆمان دەزانین".

هەروەها گوتیشی "تاران ئامادەیە هەوڵە باشەکانی لە هەردوو وڵات بەکار بهێنێت بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی زیاتر لەم کاتە سەختەدا".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین