توركیا هەوڵدەدات حەماس بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕازیبکات تورکیە

نوچە نێت

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل لە هەواڵێکیدا نهێنی پشت پەردەی کۆبوونەوەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی حەماس ئاشکرا دەکات و دەڵێت، فیدان لە کۆبوونەوەکان هەوڵیداوە حەماس ڕازیبکات بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

ئەمڕۆ دووشەممە (28/نیسان/2025) ماڵپەڕی (ئیندیپێندت) بڵاویکردەوە، دوێنێ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان لەگەڵ محمەد دەروێش سەرۆکی ئەنجومەنی شورای حەماس و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حەماس کۆبووەوە.

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە سەرچاوەکانی نزیک لە فەلەستین ئاشکرایان کردووە تورکیا لەسەر داوای ئەمەریکا ئەم هەوڵانەی دەستپێکردووە لەگەڵ حەماس گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئیسرائیل.

سەرچاوە فەلەستینیەکە سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە، هەودوولا جەختیان لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەپەلە کردووە بۆ هەڵگرتنی ڕێگریەکانی ئیسرائیل کە نزیکەی دوومانگە بۆتە بەربەست لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مڕۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی حەماس بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل.

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئیسرائیل لەدوای کۆتایی هاتنی ئاگربەست لە نێوان حەماس و حکومەتەکەی کە ماوەکەی (42) ڕۆژی خایاند، لە (2) ئاداری ساڵی (2025) هەموو هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ڕاگرتووە بۆتە کارەساتێکی مرۆیی لەم ناوچەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین