سیسته‌م و وانه‌كانی خوێندن، له هه‌ولێر له سه‌رده‌می عوسمانی‌دا
نوچە نێت
(قوتابخانه‌ی ڕووشدییه‌ی وه‌ك نموونه)
د. بژار عوسمان ئه‌حمه‌د
ئه‌وكاته‌ی قوتابخانه‌ی ڕووشدییه‌ی هه‌ولێر، له ساڵی 1868 دامه‌زرا، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی تر له شاره‌كه‌دا بوونی نه‌بوو، بۆیه قوتابیانی فێرگه ئاینییه‌كان (كتاتیب) له‌شوێنی سه‌ره‌تایی له ڕووشدییه وه‌رده‌گیران، به‌مه‌ش قوتابیان زیاتر شاره‌زای بابه‌ته ئاینییه‌كان و زمانی عه‌ره‌بی ده‌بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانه‌ی ڕووشدییه‌ی هه‌ولێر و خوێندن له‌م قوتابخانه‌یه‌دا، له‌ماوه‌ی چوار ساڵی خوێندندا، یاخود له‌ماوه‌ی چوار قۆناغدا وانه‌كانی؛ نه‌حو، صرف، عه‌ره‌بی، جوگرافیا، حیساب "بیركاری" (ئه‌ندازه، مێژوو، پاراستنی ته‌ندروستی، علم الحال، بە زمانه‌كانی توركی عوسمانی و عه‌ره‌بی، فارسی ده‌خوێندرا.
هه‌روه‌ها وانه‌ی خۆشنووسی وه‌كو وانه‌یه‌كی گرنگی ئه‌م قوتابخانه‌یه بوونی هەبووە لەپاڵ ئەو وانانەی کە لەسەرەوە ناومان بردون. جگەلە خوێندنی وانەکانی دیکەی وەک؛ نحو، ئایین، داڕشتن، زانسته ئاینییه‌كان، ئه‌خلاق، به‌ڵام پاش ئەوەی ساڵی خوێندن له چوار ساڵه‌وه كه‌مكرایه‌وه بۆ سێ ساڵ. هه‌روه‌ها چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی ڕووشدییه به قوتابخانه‌ی ئاماده‌ییه‌وه به‌سترانه‌وه، هەربۆیە ووانه‌كان دووباره گۆڕانكاری به‌سه‌ر هات و كاتژمێری خوێندن و وانه‌كان زیادی كرد.
یه‌كێك له‌و وانانه‌ی له قوتابخانه‌كانی ڕووشدییه‌دا گرنگی پێدراوه، وانه‌ی جوگرافیا بووه، كه له زۆربه‌ی قۆناغه‌كاندا خوێندویانه، ته‌نانه‌ت كتێبه‌كانیش مه‌نهه‌جێكی دیاركراوبووه و ئاماده‌كراوه، بۆنموونه؛ كتێبی تدریسیات رشدیة كتبخانه‌سی (قرق التنجیسی) (ممالك عثمانیة جغرافیا‌سی)، كه له‌ساڵی 1310 له قوتابخانه‌كانی ڕووشدییه خوێندراوه و تیایدا جوگرافیای هه‌موو وولاتان باس ده‌كات، به‌تایبه‌تی جوگرافیای ده‌وڵه‌تی عوسمانی. هۆکاری ئەم گرنگیدانەش بۆ شارەزابوون لە ماددەی جوگرافیادا دەگەرێتەوە بۆ خواستی فراوانخوازییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەمیشە ئەو خواستەکانی پشتاوپشتی دەسەڵات و قەڵەمڕەوییە سیاسیەکەیان بۆماوەتەوە.
به‌پێی ساڵنامه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، وانه‌كانی خوێندن له قوتابخانه‌ی ڕووشدییه به‌مشێوه‌یه تۆماركراون؛ مێژوو، ڕێزمانی عوسمانی، فارسی، عه‌ره‌بی، قورئان و ته‌جوید، زانیاری گشتی، بیركاری، جوگرافیا، زانسته ئاینییه‌كان.
هه‌روه‌ها له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی عوسمانی‌دا، به‌پێی خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی ساڵی 1908، كه ناوی سه‌رجه‌م وانه‌كان و قوتابیان و نمره‌كانیان نووسراوه، ده‌بینین ئه‌و وانانه له قوتابخانه‌ی ڕووشدییه‌ی هه‌ولێر خوێندراون، بریتی بوون لە؛ قورئان، ته‌جوید، زانستی حال، ئه‌خلاق، خوێندنه‌وه، ڕێزمانی عوسمانی، مێژووی عوسمانی، جوگرافیا، حساب "ژمێریاری"، ڕێنووس، خۆشنووسی، كشت و كاڵ، زینده‌وه‌رزانی، كیمیا، هەروەک لەم داتایانەی خستومانەتەڕوو له هه‌ر سالێكدا، هه‌ندێك له وانه‌كان گۆڕاون، كه له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه ناوی وانه‌كان به‌پێی قۆناغه‌كان پیشان ده‌ده‌ین.
قۆناغی یه‌كه‌م | قۆناغی دووه‌م | قۆناغی سێیه‌م |
قورئان | قورئان / ته‌جوید | قورئان / ته‌جوید |
زانسته ئاینییه‌كان | زانسته ئاینییه‌كان | زانسته ئاینییه‌كان |
توركی (عوسمانی) | توركی (عوسمانی) | توركی (عوسمانی) |
عه‌ره‌بی | عه‌ره‌بی | عه‌ره‌بی |
حساب (ژمێریاری) | فارسی | فارسی |
جوگرافیا | جوگرافیا | جوگرافیا |
ئه‌خلاق | مێژووی ئیسلام | مێژووی عوسمانی |
خوێندنه‌وه | كشت و كاڵ | كشت و كاڵ |
خۆشنووسی | خۆشنووسی | خۆشنووسی |
| حساب (ژمێریاری) | حساب (ژمێریاری) |
| وێنه‌كێشان | ئه‌خلاق |
|
| ئه‌ندازه / ئه‌ندازیاری |
|
| وێنه‌كێشان |
به‌پێی ئه‌م خشته‌یه‌ی سه‌ره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه قوتابیان له ساڵی یه‌كه‌مدا 9 وانه‌یان خوێندووه، به‌ڵام له ساڵی دواتردا بووه به 11 وانه و له ساڵی سێیه‌میش دا بووه به 13 وانه، به‌تایبه‌تی له ساڵی سێیه‌مدا وانه‌ی ئه‌ندازه (ئه‌ندازیاری) زیادكراوه، ئه‌مه جگه له خوێندنی هه‌ر سێ زمانی فارسی و عه‌ربی و توركی، هه‌روه‌ها به به‌رده‌وامیش وانه‌ی قورئان و ته‌جوید خوێندراوه. پێده‌چێت هۆكاری ئه‌و هه‌موو وانه زۆره‌ش به‌تایبه‌تی له قۆناغی دووه‌م و سێیه‌م بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ساڵی خوێندن له چوار ساڵه‌وه بۆ سێ ساڵ، وه هه‌وڵدرابێت سه‌رجه‌م ماده‌كان بخوێنن. له ساڵانی دواتریشدا وانه‌یتر بۆ بابه‌ته‌كان و بۆ هه‌موو قۆناغه‌كان زیادكراون، هەروەک له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا شیکراوەتەوە:
قۆناغی یه‌كه‌م | قۆناغی دووه‌م | قۆناغی سێیه‌م |
قورئان / ته‌جوید | قورئان / ته‌جوید | قورئان / ته‌جوید |
زانسته ئاینییه‌كان | زانسته ئاینییه‌كان | زانسته ئاینییه‌كان |
ڕێزمانی توركی عوسمانی | ڕێزمانی توركی عوسمانی | ڕێزمانی توركی عوسمانی |
عه‌ره‌بی | عه‌ره‌بی | عه‌ره‌بی |
حساب (ژمێریاری) | حساب (ژمێریاری) | فارسی |
جوگرافیای گشتی | جوگرافیای | جوگرافیا |
ئه‌خلاق | ئه‌خلاق | مێژووی گشتی |
خوێندنه‌وه | خوێندنه‌وه | كشت و كاڵ |
خۆشنووسی | خۆشنووسی | خۆشنووسی |
ڕێنووس | ڕێنووس | حساب (ژمێریاری) |
مێژووی گشتی | مێژووی گشتی | ئه‌خلاق |
نووسینی ڕیقعه(2) | نووسینی ڕیقعه | ئه‌ندازه / ئه‌ندازیاری |
خوێندنه‌وه | خوێندنه‌وه | وێنه‌كێشان |
| فارسی | نووسین |
| وێنه‌كێشان (رسم) | زمانی فه‌ڕه‌نسی |
ئه‌وەی له‌م خشته‌یه‌دا به‌دیده‌كه‌ین، ئه‌وه‌یه كه له‌دوای كوده‌تای كۆمه‌ڵه‌ی ئیتحادوته‌ره‌قی(3) له ساڵی 1908، وانه‌ی نووسینی (ڕیقعه و زمانی فه‌ڕه‌نس) یش، هاتۆته ناو سیسته‌می خوێندنی ده‌وڵه‌تی عوسمانیەوە.
وه‌رگیران بۆ خوێندن له قوتابخانه‌ی ڕووشدییه، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌بوو، بۆنموونه ده‌بوو ته‌مه‌نی گونجاوبێت و ته‌مه‌نی له‌و قۆناغه‌ی تیایدا ده‌خوێنێت گه‌وره‌تر نه‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌م قوتابخانه‌یه وه‌رده‌گیران ده‌بوو ده‌رچووی قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی یاخود فێرگه‌یه‌كی ئاینی بن و خاوه‌نی بڕوانامه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوبن. له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه.
جگه له‌وه‌ی ده‌بوو له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی و نه‌خۆشییان نه‌بێت، هه‌روه‌ها به‌گشتی له قوتابخانه‌كانی ڕووشدییه‌دا، هه‌ر پۆلێك به جیاواز وانه‌كانی خۆی ده‌خوێند، ده‌بوو قوتابیان ده‌رچووی یه‌كێك له قوتابخانه فه‌رمییه‌كان بن.
بەپێی ئەم بەڵگە نوسراوانەی لەخوارەوە ئاماژەمان بە سەرچاوەکانیان داوە، بۆمان ده‌ركه‌وت كه قوتابیانی ڕووشدییه‌ی هه‌ولێر له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا، چه‌ندین وانه‌ی سه‌رەكیی و گرنگیان خوێندووه. جگه له‌مه‌ش سیسته‌می خوێندنی قوتابخانه‌كه وایكردووه جگه له زمانی دایك، ئه‌وا فێری زمانی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی ببن، هه‌روه‌ها شاره‌زایی ته‌واویان هەبێت له بابه‌ته‌كانی زانسته ئیسلامییه‌كان و زانستی قورئان و خۆشنووسی و بابه‌تی ئه‌ندازیاری. ته‌نانه‌ت قوتابیانی ڕووشدییه‌ی هه‌ولێر، له‌ماوه‌ی خوێندنیان له قوتابخانه‌كه‌دا زۆرترین وانه‌یان خوێندووه، له‌كاتێكدا هه‌رسێ زمانی توركی و فارسی و عه‌ربیش، به‌درێژایی هه‌رسێ ساڵه‌كه وانه‌ی سه‌ره‌كی قوتابخانه‌كه بووه.
په‌راوێزه‌كان
- ئه‌گه‌ر له‌م كتێبه ورد ببینه‌وه، ده‌بینین له نێو بابه‌ته‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا باسی ویلایه‌تی موسل ده‌كات و ئاماژه به سه‌نجاقی شاره‌زور ده‌دات كه پایته‌ختی سه‌نجاقه‌كه شاری كه‌ركوك بووه (توفیق، 1310، 83-84): هه‌روه‌ها كتێبێكیتری بابه‌تی جوگرافیا كه له قوتابخانه‌كانی ڕوشدییه خوێندراوه، ئه‌وا عه‌لی جه‌واد له كتێبی تدریسیات إعدادیة كتبخانه‌ی (درتنجیسی) (كتێبخانه‌ی وانه وتنه‌وه‌ی ئاماده‌یی"چواره‌م") له‌ساڵی 1307 كۆچی– 1889زاینی له قوتابخانه‌كانی ڕوشدییه له پۆلی چواره‌مدا خوێندراوه و تیایدا جوگرافیای هه‌موو وڵاتان باس ده‌كات، به‌تایبه‌تی جوگرافیای ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له‌م كتێبه‌دا دان به كوردستانییه‌تی كه‌ركوك داده‌نێ و ته‌نانه‌ت ویلایه‌تی موسڵیش به كوردستان هه‌ژمارده‌كات. هه‌روه‌كو له لاپه‌ره (102-103) دا باسی كوردستان له‌ناو جوگرافیای ده‌وڵه‌تی عوسمانی له كیشوه‌ری ئاسیا ده‌كات و تیایدا باسی جوگرافیای كوردستان ده‌كات به شه‌ش ویلایه‌تی ته‌واو(كردستان التی ولایتی شاملدر) ناوی ده‌بات. هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه (104) دا ئاماژه به ویلایه‌تی مووسڵ ده‌كات وه‌كو یه‌كێك له ویلایه‌ته‌كانی عوسمانی له سنوری نه‌خشه‌ی كوردستان (جواد، 1307، 102-104). هه‌ر ناوبراو (عه‌لی جه‌واد) له كتێبه‌كیتردا، به‌ناونیشانی تدریسیات رشدیة كتبخانه‌سی (اوچنجیسی) (كتێبخانه‌ی وانه وتنه‌وه‌ی ڕوشدییه"سێیه‌م")، كه له‌ساڵی 1313كۆچی- 1895 زاینی له قوتابخانه‌كانی ڕوشدییه، له پۆلی سێیه‌مدا خوێندراوه و ئه‌م كتێبه باس له جوگرافیای هه‌مو ولاتان ده‌كات، به‌تایبه‌تی جوگرافیای ده‌وڵه‌تی عوسمانی و له‌وێدا كوردستان به شه‌ش ویلایه‌ت هه‌ژمار ده‌كات و دان به كوردستانی بوونی كه‌ركوك داده‌نێ و ته‌نانه‌ت ویلایه‌تی مووسڵیش به كوردستان هه‌ژمارده‌كات، چونكه ویلایه‌تی مووسڵ به یه‌كێك له ویلایه‌ته‌كانی كوردستانی هه‌ژماركردوه و كه‌ركوكیش وه‌كو سه‌نجه‌قێكی سه‌ره‌كی ویلایه‌ته‌كه بووه، له لاپه‌ڕه (98-99) دا باسی سنوری جوگرافی كوردستان له‌ناو جوگرافیای ده‌وڵه‌تی عوسمانی له كیشوه‌ری ئاسیا ده‌كات، به (كردستان قطعه‌سی) ناویده‌بات، تیایدا باسی جوگرافیای كوردستان ده‌كات به شه‌ش ویلایه‌تی ته‌واو ناوی ده‌بات. هه‌روه‌ها له لاپه‌ره‌كانی (99-102) دا ئاماژه به ویلایه‌ته‌كانی كوردستان ده‌كات و له لاپه‌ڕه (101) باسی ویلایه‌تی مووسڵ ده‌كات وه‌كو یه‌كێك له ویلایه‌ته‌كانی عوسمانی له سنوری نه‌خشه‌ی كوردستان. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ویلایه‌تی مووسڵیشدا ئاماژه به سه‌نجاقه‌كانی (موسل، شاره‌زور، سلێمانی) ده‌كات و كه‌ركوكیشی وه‌كو ناوه‌ندی سه‌نجه‌قی شاره‌زور باسكردووه (جواد، 1307، 98-101).
- نووسینی ڕیقعه، جۆرێكه له نووسین كه له‌نێو نووسراو و فه‌رمانه كارگێڕییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا باو بوو، ئه‌و جۆره نووسنیه له سه‌ر كاغه‌ز ده‌كرێت، كه شێوازی نووسینه‌كه‌ی جوان و خوێ"دنه‌وه‌ی ئاسانه، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی دیارنییه، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ده‌ی 15ی زاینی (SERİN, 2008, 108-109).
- كۆمه‌ڵه‌ی ئیتحادوته‌ره‌قی به‌یه‌كه‌م پارتی سیاسی له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ژمار ده‌كرێ، له‌ساڵی 1889 ئه‌م رێكخراوه به‌نهێنی ده‌ركه‌وت له‌ژێر ناوی (یه‌كیه‌تی عوسمانی)، دواتریش ناوی گۆڕا بۆ جمعیة الاتحاد الترقي. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه سه‌ره‌تا وه‌كو كۆمه‌ڵه‌یه‌كی رۆشنبیری ده‌ركه‌وت، به‌ڵام دواتر قالبێكی سیاسی وه‌رگرت. بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه بۆ قوتابییه‌كی ئه‌لبانی به‌ناوی ئیبراهیم ته‌مۆ ده‌گه‌رێته‌وه، دواتریش مه‌حه‌مه‌د ره‌شید چه‌ركه‌سی و هه‌ردوو كورده‌كه دكتۆر عه‌بدوڵا جه‌وده‌ت و ئیسحاق سكوتی كه به‌ره‌چه‌له‌ك كوردن، رۆلیان بینی له‌دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه. سه‌رئه‌نجام له‌ساڵی 1908 توانیان كوده‌تا به‌سه‌ر سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م دا بكه‌ن (عوسمان، 2013، 25).
لیستی سه‌رچاوه‌كان
به‌ڵگه‌نامه‌كان
- BOA. DH. SAİD. 00158. 00216, 1327.
- BOA. MF. İBT. 00348, 1329.
- BOA. MF. İBT. 00217, 1326.
- BOA. DH.SAİDd. 00154. 00233, 1326.
- BOA. MF. İBT. 00247, 1327.
- BOA. MF. İBT. 00226, 1327.
ساڵنامه‌كان
- سالنامة نظارت معارف عمومية، برنجى سنة (ساڵی یه‌كه‌م) ، 1316هـ / 1898 م، 1201.
كتێبه‌كان
أ/ كتێب به كوردی
- دیدار عوسمان، رۆڵی كورد له دامه‌زراندنی كۆماری توركیا، هه‌ولێر: چاپخانه‌ی زانكۆی صلاح ا‌لدین، 2013، ل25
- مهدي محمد قادر، التعليم في جنوب كوردستان في العهد العثماني 1869-1918، أربيل، مطبعة جامعة صلاح الدين، 2021.
- سه‌عدی عوسمان هه‌روتی، هه‌ولێر له‌سه‌رده‌می عوسمانی‌دا 1514-1918، چاپخانه‌ی كاروان، هه‌ولێر، 2023.
ب/ كتێب به توركی عوسمانی
- علی توفیق، تدریسیات رشدیة كتبخانه‌سی (قرق التنجیسی) ممالك عثمانیة جغرافیا‌سی، استانبول، قصبار مطبعه‌سی، 1310.
- علی جواد، تدریسیات إعدادیة كتبخانه‌ی (درتنجیسی)، استانبۆول، 1307.
- علی جواد، تدریسیات رشدیة كتبخانه‌سی (اوچنجیسی)، استانبول، 1307.
نامه زانستییه‌كان
- Rasoul Muhammed Rasoul, History of Kirkuk from the Beginning of the Nineteenth Century until Becoming Part of the Iraqi Monarchy in 1925, OhD. University of Erfurt, Erfurt, 2017.
- Ashti Rahman Bakr BAKR, OSMANLI DÖNEMİ’NDE ERBİL (18. VE 19. YÜZYILLARDA), MA. KAHRAMANMARAŞ SÜTÇÜ İMAM ÜNİVERSİTESİ, KAHRAMANMARAŞ, 2015.
ئینساكلۆپیدای ئیسلامی
- MUHİTTİN SERİN, RİK‘A (Osmanlılar tarafından geliştirilen bir yazı çeşidi), TDV İslâm Ansiklopedisi, 2008, İstanbul, 35. cild, s. 108-109.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment