ئەوروپا و ئێران دەست بەگفتوگۆكانیان دەكەنەوە ئێران

نوچە نێت

بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو هەریەک لە ئێران، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران بکەن.

ڕۆژی چوارشەممە (30/نیسان/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "بە ئامانجی باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەسەر پرسی ئەتۆمی دوو ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا کۆدەبینەوە، بەر لەوەی جارێکی تر لەگەڵ ئەمەریکا دانووستاندن بکەین".

بە بڕوای وەزیری دەرەوەی ئێران، "ئەم سێ وڵاتە ئەوروپییە ڕۆڵی خۆیان لە دۆسیەی ئەتۆمی لەدەستداوە بەهۆی ئەو سیاسەتەی گرتوویانەتەبەر لەبارەی ئەم پرسەوە". هەروەها دەشڵیت، "بێگومان ئێمە ئەمەمان ناوێت و ئامادەین لە ڕۆما گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین."

بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز ئێران پێشنیاری کۆبوونەوەکەی کردووە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەم وڵاتانە دووپاتییان کردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە.

دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، "ئەگەر دانووستاندنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن، سزاکان بۆ هەمیشە ڕێگە لە ئێران دەگرێت لە بوارە جیاوازەکانی وەک تەکنەلۆجیا، وەبەرهێنان و بازاڕی ئەوروپا کە کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری وڵاتەکە هەیە."

هاوکات نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەگەر فەڕەنسا و هاوبەشەکانی بەڕاستی بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێن، دەبێت واز لە هەڕەشەکردن بهێنن."

جێگەی ئاماژە پێدانە، کۆبوونەوەی نێوان ئەم وڵاتانە پێش خولی چوارەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئەم هەفتەیە دێت لەنێوان ئێران و ئەمەریکا کە بڕیارە جارێکی تر لە ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین